ساڵی نوێی زایینی، خەبات لەپێناو دنیایەکی باشتردا
یەکەم– ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی هات. ساڵێک کە سێبەری شوومی شەڕ، پەرەسەندنی هەرچی زیاتری هەژاریی بە پانتایی جیهان، قووڵبوونەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی قەیرانی ژینگەیی و ڕێژەی کەم وێنەی ئاوارەبوون و گەشەی نیئۆفاشیزمی، بەسەر جیهاندا زاڵ کرد. شەڕی وێرانکەری ڕووسیا لە ئۆکراین، بەمەبەستی داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە، ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵ بوون و کوژران و برینداربوونی سەدان هەزار کەسی لێ کەوتۆتەوە. هێشتا ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە، کە شاهیدی پاکتاوێکی نەتەوەیی بووین لە قەرەباغ لەلایەن ئەرتەشی ئازەربایجانەوە، بە هاوکاری عوسمانیزمی نوێ لە تورکیە و پشتیوانی دەوڵەتی ئیسرائیل، جگە لەوەش بۆردومانی قورسی کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانی باکوری سوریه لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە بە ئامانجی لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری و پاکتاوی نەتەوەیی لەو ناوچانە، تا ئێستاش بەچڕی هەروا بەردەوامە. کارەساتبارترینی ئەم شەڕانە، بریتییە لە پاکتاوکردنی نەتەوەیی و جینۆسایدێکی بێبەزەییانە و وێرانکردنی تەواوەتی شارەکانی کەرتی غەززە، ئەم زیندانە گەورە سەرئاواڵەی جیهان. ئەو تاوانەی کە ئەرتەشی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین بەرێوەی دەبات، هاوتای تاوانەکانی ئەرتەشی نازی هیتلێرییە. ئەم تاوانە ڕێکخراوانەی دژ بە مرۆڤایەتی، بۆتە هۆی وروژاندنی ڕای گشتی جیهانیان لە دژی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دابڕان و تاک کەوتنەوەی ئەم ڕژیمە داگیرکەرە لە ئاستی جیهانیدا. ئەم شەڕە وێرانکەرانە، لە لایەک و حوکمڕانی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان و پەرەسەندنی هەژاری لە ئەفریقا و بەشێک لە ئەمریکای لاتین و قەیرانی قووڵی ژینگەیی، شەپۆلێکی بەربڵاوی ئاوارەبوونی لە جیهاندا پەرەپێداوە. شەپۆلی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران و پاکستان کە لەگەڵ کاردانەوەی دڕندانەی دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاکستان بەرەوڕوو بووەتەوە، بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە پشت سنوورەکانی ئەمریکا و ژمارەی زۆری پەنابەرانی ئەفریقایی کە بەشێکی زۆریان لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا دەخنکێن، ئاماژەن بۆ قەیرانێکی زۆر جددی لە جیهاندا. لە چوارچێوەی قووڵتربوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر بە پێکهاتە سیاسییەکانی نیئۆلیبرالیزم، کە بوونی نادادپەروەری لە جیهاندا هەرچی زیاتر زەق کردووەتەوە و لەگەڵ شەپۆلی بەرینی ئەو پەنابەرانەی کە بە لێشاو ڕوویان لە وڵاتانی پیشەسازی کردووە و لە غیابی چەپێکی بەهێز لەسەر ئاستی جیهانی، دوای شکستی حیزب – دەوڵەتەکان و سیستەمە سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکان لە ژێر ناوی سۆسیالیزمدا، جیهان شاهیدی سەرهەڵدانی نیئۆفاشیزمە. پەرەسەندنی نفووز و کاریگەریی حیزب و ڕەوتە نیئۆفاشیستەکان لە ئیتاڵیا، سوید، هولەند، ئیسپانیا، ئاڵمان، فەڕانسە، ئەمریکا و ئارژانتین، زەنگێکی مەترسیدار و جدییە بۆسەر داهاتووی جیهان. پەرەسەندن و تەشەنەکردنی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان بەرامبەر بە جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە و خەباتی حیزبە چەپ و دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی فاشیزم، هێمای خۆڕاگریی و بەرخۆدانێکی جیهانییە بەرامبەر بەم ڕەوتە مەترسیدارە. بە هیوای گەشە و بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە پێشکەوتنخوازانەیە و پەرەسەندنی خەباتێکی جیهانی لەپێناو دنیایەکی باشتردا، پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ لە هەموو هاووڵاتیانی مەسیحی و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە ئەم بۆنەیە جێژن دەگرن و هیوای ساڵێکی پڕ لە خۆشی و ئومێد بۆ هەموو لایەک دەخوازین.
دووەم: نزیکەی نەوەد ڕۆژ لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە تێدەپەڕێت. دەوڵەتی ئیسرائیل پێی وابوو کە دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەم ناوچەیە داگیر بکات و کۆتایی بە بوونی حەماس بهێنێت. بەڵام ئێستا بە تەحەمولی زیانێکی قورس، لەم وەهمە هاتووەتە درەوە. تەنانەت بۆردومانی بەردەوام و بەربڵاو و کوشتاری زیاتر لە بیست و دوو هەزار کەسیش کە یەک لەسەر سێیان منداڵن، نەیتوانیوە ببێتە هۆی ئەو ڕادەیە لە بەرەوپێشچوون کە مەبەستی ڕێبەرانی نیوفاشیستی ئیسرائیل بوو. ئەم شکستە سەرشۆڕانەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێبەرانی ئیسرائیل هەوڵ بدەن بە هەر نرخێک بێت کۆماری ئیسلامی بەرەو ئەو شەڕە وێرانکەرە پەلکێش بکەن. تیرۆرکردنی سەید ڕەزی موسەوی، بەرپرسی لۆجستیکی سپای قودس لە سوریه لە ماڵەکەی خۆیدا، هەوڵێک بوو بەم ئاراستەیە. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ڕووسیە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات، بەبێ ترس لە پێشکەوتووترین مووشەکی دژە فڕۆکەی ڕووسی کە لە سوریه جێگیرکراون، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان پێگەکانی سپای پاسداران لە سوریه بۆردومان بکەن و فەرماندەکانی سپای پاسداران بکوژن، هاوکاریی بەکردەوەی ڕووسیە و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات. گۆشەگیریی و تاک کەوتنەوەی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکدایە کە ئێستا بۆ جاری دووەم وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لەگەڵ هاوتا عەرەبەکانی لە لێواری باشووری کەنداوی فارس گومانیان خستووەتە سەر خاوەندارێتی ئێران بەسەر سێ دورگەی تونبی گەورە و تونبی بچووک و ئەبوومووسا و داوای کردووە کە ئەم بابەتە بچێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمجارەش حکوومەتی ئیسلامی و خامنەیی و دەست و پێوەندەکانی لە بەرامبەر هەڵوێستی ئەم بەناو “هاوپەیمانە ستراتیژییە“ی حکوومەتی ئیسلامیدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە. پەرەسەندنی هاوکارییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ڕووسیە و چین لەگەڵ عەرەبستان و شێخ نشینەکانی باشووری کەنداوی فارس، تاک کەوتنەوە و گۆشەگیریی جیهانیی کۆماری ئیسلامیی زیاتر ئاشکرا کردووە.
سێیەم: گەشەی بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەلێک بەرچاو بووە. جگە لە کۆبوونەوەی ڕێکخراو و هەفتانەی بەشە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینان، دوابەدوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و ئەگەری زیادکردنی باج، شاهیدی ناڕەزایەتی بەربڵاوتری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بووین. شێوازی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجە بەجۆرێکە کە نەک تەنیا باجی بەهای زیادکراو گەشەیەکی بەرچاوی کردووە، بەڵکوو باجی سەر حەقدەست و مووچەی کرێکاران و کارمەندانیش بەڕێژەی ٣٠% زیادی کردووە. ئەم زیادبوونە بەرچاوەی باجەکان لە بارودۆخێکدایە کە هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوی زیاتر لە ٤٠ لەسەد، لە مێژە بووەتە هۆی کارەساتێکی ماڵوێرانکەر بۆ تاڵانکردنی زۆرینەی خەڵکی ئێران. لە ئاکامی ئەم تاڵانچێتییەی دەسەڵاتدا، هاتنە ئارای مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت و پترۆشیمی، کرێکارانی فولادی ئەهواز، کرێکارانی شارەوانی تاران، مانگرتنی بەربڵاوی بازاڕیان لە شارە جۆربەجۆرەکان و ناڕەزایەتی درەوشاوەی خەڵکی ئەردەکانی یەزد لەپێناو پاراستنی ژینگە، مژدەی گەشەکردن و پتەوتربوونی بزووتنەوەی داواکاریی و یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی هەرچی زیاتر دەبەخشێت. بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکان، کە لە ڕاستیدا درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادییە لە بواری ژیاندا، لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگادا بەوپەڕی هێزەوە لە حاڵی پەرەسەندندایە. ئەم بزووتنەوەیە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە هاوکات لەگەڵ خۆرێکخستن لە ناوەندەکانی کاردا، ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لەسەر ئاستی ناوچەیی و شار و تەنانەت سەرتاسەری وڵاتیشدا. هاوکات لەگەڵ گەشەکردن و پەرەسەندنی بزووتنەوەی داواکاریی، خەبات و خۆڕاگریی بەربڵاو و مەدەنیانەی ژنان لەپێناو ئازادی جلوبەرگ دا، سەرەڕای یاسا و ڕێسای نامرۆڤانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی لەڕادەبەدەر سەرکوتگەرانەی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکارە ڕسوا و فاشیستییەکانی، ئاماژەیە بۆ پۆتانسێلی بەهێزی کۆمەڵگا بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی گۆڕانکاریدا. بوونی ئەم پۆتانسێلە بەهێزە و ئەگەری یەکگرتووبوونی ئەم دوو ئاستەی بزووتنەوەکە، دەسەڵاتی ئیسلامی تووشی ترس و نیگەرانییەکی زۆر کردووە. بە تایبەت لە کاتێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی لە لاوازترین دۆخی ئابووریدایە و هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە شک نابات. بارودۆخەکەی ئەوەندە خراپە کە نە توانایی ئەوەی هەیە کە لە دەروەی سنوورەکان درێژە بە کەڵەوەکێشییەکانی خۆی بدات و نە توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی هەیە. دەوڵەتی یەکدەستی ڕێبەری ڕژیم، هێمای شکستی بە تەواومانای ئەو ڕژیمەیە کە پێی وابوو بە یەکدەستبوون و سپاردنی کارەکان بە “لاوانی حیزبوڵڵایی” دەتوانێت ڕێگریی بکات لە هەنگاونانی کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاری.
چوارەم– لەسەر بەستێنی گەشەکردن و پەرەسەندنی نافەرمانیمەدەنیوناڕەزایەتییەداواکارییتەوەرەکانوتاککەوتنەوەوگۆشەگیریینێودەوڵەتییڕژیمدا،دوومانگیترهەڵبژاردنی
مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوە دەچێت. حکوومەتی یەکدەست، بە لابردنی سەرجەم کاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەکانی، بەمەبەستی دابەشکردنی کورسییەکان لە نێوان کەسانی نزیک و زۆر نزیکتر لە دەسەڵاتدا، شەڕێکی ناوخۆیی دەستپێکردووە. لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجە دا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیم، لە وتارێکدا باسی لە بەڕێوەچوونی کێبڕکێی هەڵبژاردن کرد و داوای لە خەڵک کرد بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن. خامنەیی کە سیاسەتە نیئۆفاشیستییەکان بە فەرمانی شەخسی ئەو و کۆنترۆڵی توندی پۆلیسی بەڕێوە دەچێت، لە وتارە گشتییەکانیدا ڕواڵەتێکی دوور لە دەمارگرژی و کراوە لەخۆی نیشان دەدات. بەڵام سێ دەیە دەسەڵاتدارێتی ناوبراو، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە لە بواری سیاسیدا چەندە ڕیاکار و دووڕووە. بەرەوپێشبردنی بە کردەوەی سیاسەتی نیئۆفاشیستی ئیسلامی و دەربڕینی ئاشکرای بێلایەنی یان ئاسۆیەکی کراوە لە نێو لایەنگرانی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، دووڕوویی بێ شەرمانەی ناوبراو نیشان دەدات. بەڵام ئێستا تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی ڕژیمیش لەم دووڕووییە تێگەیشتوون و لێرە و لەوێ بابەتگەلێک لە دژی دەنووسرێت. بایکۆت و بەشداری نەکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕیفۆرمخواز لە هەڵبژاردن و ئەگەری بایکۆتی بەربڵاوی خەڵک، حکوومەتیان بە شێوەیەکی گشتیی نیگەران کردووە. نووسینی نامەی دەستەجەمعی یان تاکەکەسی بۆ شەخسی خامنەیی، ئەم نیگەرانییە بە ئاشکرا دەردەخات. سەرجەم هێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی دەرکیان بەوە کردووە کە دەسەڵات جێگای پێ لێژ بووە و هەردەم ئەگەری بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە ئارادایە. ئەوەی کە سەرجەم ئەو هێزانەی لە هەموو کات زیاتر نیگەران کردووە، دروشمی ئەو بزووتنەوە داواکاریی تەوەرانەیە کە بە ڕوونی گوزارشت لە خواستی چینی ژێردەست و چەپی کۆمەڵگا دەکات. بزووتنەوەی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا نیشانەی وەرچەرخانێکی ئاشکرایە بەرەو ڕەوتی چەپ و ئەوەش نیگەرانی هێزە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی ناو حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی دەرەوەی دەسەڵات و زلهێزە ناوچەیی و جیهانییە پاوانخوازەکانی گەلێک زیاتر کردووە. ئەم دۆخە ئەرکی هێزە چەپەکانی پشتیوانی سۆسیالیزم و بەرگریکاری دێموکراسیی، هێندەی تر بەرجەستە دەکاتەوە. ئەم وەرچەرخانەی کە لە دروشم و داخوازی چین و توێژە ژێردەستەکاندا بەرەو ڕەوتی چەپ بەرچاو دەکەوێت، ئەگەر خۆی لەگەڵ جەمسەرێکی سیاسی چەپدا نەبینێتەوە، مەترسی بەهێز بوون و بە دەسەڵات گەیشتنی هێزە ڕاست و فاشیستەکان زیاتر دەکات. ئاشکرایە ئەو جەمسەرە چەپەی کە بتوانێت لێبڕاوانە دیفاع لە ئازادی سیاسیی بێ شەرت و مەرج بکات، لەپێناو مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا خەبات بکات، بۆ پەروەردە و خزمەتگوزاری پزیشکی بێ بەرامبەر، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی کۆمەڵایەتی گشتگیر و هەمەلایەنە و لە یەک وشەدا پەرەپێدانی دێموکراسی بۆ بواری ئابووری، تێبکۆشێت، مافی جەماوەر بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئایندە، بە دەنگی ڕاستەوخۆ و بەشێوەی نهێنی و گشتگیر و بۆ هەموو تاکەکان بە فەرمی بناسێت و لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەملێکراوەکان و یەکێتی خۆبەخشانەیان لە ئێرانێکی یەکگرتوودا خەبات بکات، دەتوانێت وەڵامێکی گونجاو بە ویست و داخوازیی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم بداتەوە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سوسیالیسم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)
شەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢/ ٣٠ی دێسامبری ٢٠٢٣