پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی هەژدەهەم، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٧ و ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، بەرامبەر لەگەڵ ٩ و ١٠ی دێسامبری ٢٠٢٣، بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆميتەی ناوەندی کاتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵێک لە کادرەکانی حیزب، بەڕێوەچوو. پلینۆمەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
دەستوور جەلەسەکانی ئەم پلینۆمە بریتی بوون لە:
ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی بە پلینۆم، دۆخی نوێی چالاکی ئێمە لە کوردستانی عێراق، ئاسۆی داهاتوو و ڕێکارەکان، دابه ش کردنی ئه رکه کان و ریک خستنیی ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە.
ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی به پلینۆم سەرەتا چاوگێڕانێکی بوو بەسەر گرنگترین ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆی جیهاندا: لەوانە قەیرانی ئابووری جیهانی دوای پەتای کۆرۆنا، بەردەوامبوونی شەڕی ئۆکراین و ئاستی بێ وێنەی گرانی و هەڵاوسان لە جیهاندا وەک یەکێک لە ڕەنگدانەوەکانی، بلۆکبەندییە ئابووری و سیاسییەکانی دەوڵەتەکان لە جیهانی چەند جەمسەریی ئەمڕۆدا، بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاستەکان لە هەندێک لە کۆمەڵگاکانی ئوروپا و ئەمریکای باشوور، شەڕی ماڵوێرانکەری فەلەستین، پاشخان و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە، لە زومرەی تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە بوون. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، تیشکی خستەسەر شەڕی غەززە و بەردەوامبوونی جینایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە کوردستانی سورییە (ڕۆژئاوا) و بارودۆخی سیاسی عێراق. ڕاپۆرتەکە سەبارەت بەم قۆناغەی ململانێی نێوان حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردووەتەوە کە: خەڵکی فەلەستین لە لایەکەوە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەر و شۆڤێنیست و پڕچەکی ئیسرائیلەوە بە پاڵپشتی دەوڵەتی ئەمریکا، غەڵتانی خوێن دەکرێن و لە لایەکی دیکەشەوە لەلایەن هێزێکی کۆنەپەرست و گەندەڵەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، کە خۆیان بەشێکن لەو کارەساتەی کە بەسەرئەو خەڵکەدا هاتووە. ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغەی ململانێکانی بە کردارێکی جینایەتکارانە دەستپێکردووە و یان ئەوەی کە تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن دەوڵەتێکی گەندەڵە، یان ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەرگریکاری ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە و بەداخەوە هەمووی ئەمانەش بە ناوی دیفاع لە خەڵکی فەلەستینەوە ئەنجام دەدرێن، زەڕەیەک لە بەرحەقبوونی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ ئەو سەرزەوییەی کە بە زۆر لێی دوورخراونەتەوە و هەروەها لە پێویستی سوودمەندبوونی ئەو خەڵکە لە مافی چارەنووسی خۆیان، کەم ناکاتەوە. لەم دۆخە دژوارەدا فەلەستینییەکانی دانیشتووی غەززە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە پشتیوانی و هاوسۆزی گەلانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی سەرانسەری جیهان هەیە. ئەم هاوپشتییە دەتوانێت ببێتە هێزێکی ماددی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بە جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و مەزهەبییە توندڕەوەکانی حەماس. بەو مانایەی کە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا، دەبێ لە زومرەی ئەولەویەتی هەوڵەکانی کۆمەڵانی خەڵکی پێشکەوتنخواز و شەریفی جیهان بێت.
هێرشە ئاسمانییە دڕندانەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات، نموونەی بەرجەستەی تاوانێکی جەنگی بە تەواومانایە. ئەو ئامانجانەی کە ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیە دەستنیشانی کردوون، دەریدەخات کە مەبەستی دەوڵەتی تورکیە هاوکات لەگەڵ کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع و لەناوبردنی سامان و ژێرخانی ئابووری، لەناوبردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ناچارکردنی خەڵک بە چۆڵکردنی ناوچەکە و سەرەنجام شکستپێهێنانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە. لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی تورکیە ڕاستەوخۆ، ئازادی و مافی ئەو خەڵکەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان کردووەتە ئامانج، لە دۆخێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی تورکیەی بەلاوە گرنگترە لە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە سەرجەم دەوڵەتەکانی ناوچەکە و لەوانە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی بەشار ئەسەدیش، لە ڕێگەی پیلانگێڕییەکانیانەوە بەکردەوە هاوئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە هەڵسوکەوت دەکەن، لەوەها بارودۆخێکدا، تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بریتییە لە خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان. پشتیوانیی هەمەلایەنە لەو خەڵکە ئازادیخواز و مافخوازانەی کە بەم چەشنە لەلایەن هێزە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورکیە و بەکرێگیراوەکانیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە، لە هەموو ئاستەکاندا.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم، جەختی لەسەر هەستیاری و مەترسیداربوونی ئەو دۆخە کردەوە کە ئێستا کۆمەڵگای ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێدا تێپەڕدەبێت. کۆماری ئیسلامی له سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئیدئۆلۆژی و سیاسهتی دەرەوەدا، لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی لەچارەسەرنەهاتوو بەرەوڕوو بووەتەوە و لە هیچ بوارێکدا قسەیەکی ئەوتۆی بۆ وتن بۆ نەماوەتەوە. لەناوخۆی حکوومەتدا پاکتاوکردن و دوورخستنەوەکان گەیشتووەتە دوا ئەڵقەکان و پاکتاوکردنی لەوە زیاتر تەنیا دەکرێت لە ڕێگای کۆدتایەکەوە مومکین بێت. لە سیاسەتی دەرەوەدا سەرەڕای ئیدیعا بێ بنەماکانی سەبارەت بە شەڕی غەززە، لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا پاکانە بۆخۆی دەکات و خۆی بە بێتاوان ناودەبات، خامنەیی بەوپەڕی ڕیاکارییەوە دەڵێت کە گوایە ئامانجی کۆماری ئیسلامی هەرگیز لەناوبردنی ئیسرائیل نەبووە! لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی لە پێگەی لاوازییەوە سازش دەکات، خۆی لەو ئاستەدا نابینێت کە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی سەبارەت بە پشکی ئاوی هیرمەند لە تاڵەبان بکات، سەبارەت بە مەسەلەی داگیرکردنی ڕێڕەوی سنووری ئەرمەنستان و ئێران لەلایەن ئازەربایجانەوە، بێدەنگی هەڵبژاردووە و گەلێک نموونەی تری لەو چەشنە.
لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران بە ئەگەرێکی جیددی دەزانێ. لەمڕووەوە لە لایەکەوە سیاسەتی سەرکوتکردنی پەرەپێداوە و لە لایەکی دیکەشەوە بەشوێن بەدەستهێنانی پشتیوانی و ڕازی هێشتنەوەی ئەو دۆست و لایەنگرانەی خۆیەوەیەتی کە لەباشترین حاڵەتدا، لە دە لەسەد تێپڕنابن. بەڕێکەوت نییە ئەگەر دەبینین بۆ ئەوەی هەیمەنە و پێناسەی ئیسلامیبوونی خۆی نیشان بدات، پەنای بردووەتە بەر بەلەمە شکاوی سەپاندنی حیجابی ئیجباریی.
شۆڕشی ژینا دژ بەحیجابی ئیجباری لە فۆرمی خۆڕاگرییەکی جەماوەری و لە بەرامبەرشێوە ژیانێکی خوازراوی حکوومەتی ئیسلامیدا،بەشێوەیەکی گشتی ئاڵوگۆڕێکی قووڵیفەرهەنگی لە کۆمەڵگادا لە بەرامبەر فەرهەنگی زاڵدا پێکهێناوە و ئەم شۆڕشە لە شکڵ و شێوازی نوێی خۆیدا هەروا بەردەوامە. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، تەنیا کەسانێکی کە تووشی ئەو وەهمە ببوون کە گوایە سەرکەوتنی شۆڕش زۆر نزیک و خێرایە و یان پەرەسەندن و و قووڵبوونەوەی شۆڕشەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا نەدەبینی، بە دامرکانەوەی شێوازی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی سەر شەقامەکان، بانگەشەی شکستهێنانی ئەو شۆڕشە دەکەن. شۆڕشی ژینا لە ڕاستیدا درێژەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٩٦ بوو کە ئەمجارەیان چەخماخەکەی لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا. ئەوەش کاتێک ڕوویدا کە زۆرینەی خەڵک هیچ ئومێدێکیان بە هەڵبژاردن و چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان نەمابوو. خەبات و خۆڕاگریی ئەمڕۆی ژنانی ئێران بۆ دیفاع لە مافی ئازادی جلوبەرگ، سیاسەتی سەرکوتکردنی هەوسارپچڕاوانە و سەرەڕۆیانی ئایینی، لەگەڵ شکست و ناکامی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
ڕاپۆرتە سیاسییەکە جەختی لەوە کردەوە کە قووڵایی قەیرانی سیاسی ئێستای کۆمەڵگای ئێران بە جۆرێکە کە دەتوانێ ببێتە هۆی داڕمان یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەگەری ئەم پڕۆسەیە، نیگەرانی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی بەرەی ڕاستی لە دەرەوەی وڵات پەرەپێداوە و ئەوانی هانداوە تا لەگەڵ چەند بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی ڕژیم بچنە پڕۆسەی دانوستانی سیاسییەوە. ئەم هەوڵانە دەتوانێت بۆ بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە جێگەی نیگەرانی بێت. بهڵام ئەگەر هێزه وشیار و به ڕپرسیارەکانی چهپ لەو هەلومەرجەی ئێستادا سیاسەتێکی دروست و ژیرانە ڕچاو بکەن، ئەم قەیرانەی ئێستا دەتوانێت ببێتە هەلێکی مێژوویی بۆ بەهێزکردنی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان و کردنی بە هێزێکی جەماوەریی و کاریگەر.
سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی ئێران، ڕاپۆرتی سیاسی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای گوشار و گرتن و هەڕەشەکانی ڕژیم، خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە فۆرمێکی مەدەنی و جەماوەریدا هەروا بەردەوامە و هەڵسووڕاوانی ئەو بوارە لە کورەی ئەو خەباتەدا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەخارێن و ئەزموونێکی زیاتر بەدەست دەهێنن. لەوانە دەکرێ ئاماژە بکەین بە چالاکییە مەدەنییەکان لە بوارەکانی دادخوازیی بنەماڵەی گیانبەختکردووان کە پشتیوانییەکی بەربڵاوی جەماوەریی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە، خۆ ڕێکخستن لە ڕێکخراوە سنفییە کرێکارییەکان و مامۆستایان، خۆ ڕێکخستن بۆ بەرگریکردن لە ژینگە، خەبات لەپێناو پەرەپێدانی خوێندن بە زمانی دایک، چالاکییە ڕێکخراوە هونەرییەکانی بواری مۆسیقا و شانۆ و ئەدەبیات و هتد…. لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کۆمەڵە بە گەرمی پشتیوانی لەو چالاکیانە دەکات و دوا لە هەڵسووڕاوانی پێشڕەوی خەباتی خەڵکی کوردستان دەکات کە بە بەشداری بەرچاوی خۆیان لەو چالاکییانەدا، ئەو حەرەکەتانە هەرچی زیاتر بەهێز بکەن.
بەشداریی چالاکانەی هاوڕێیانی ئامادەبووی پلینۆم، باسەکانی ئەم ڕاپۆرتەی دەقیقتر و دەوڵەمەندتر کرد و کۆکراوەی باسەکانی وەک هەڵسەنگاندن و ئاراستەی سیاسی ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوەیەکی گشتی پەسەند کرد. لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕێگەی تەلەویزیۆن و ڕاگەیاندنە جەماوەرییەکانی کۆمەڵەوە و لە لایەن هاوڕێیانی بەشداربووی پلینۆمەکەوەوە بەوردی دەخرێنەڕوو.
لە تەوەری ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، لایەنە جۆراوجۆرەکانی چالاکییەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە، بە وردی تاوتوێ کران و لێکۆڵینەوەیان لەسەرکرا و کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکان و ڕێکارەکانی چارەسەر کردنیان، دەستنیشانکرا.
دووهەمین دەستوور جەلەسەی پلینۆم بریتی بوو لە “هەلومەرجی نوێی کار و چالاکییەکانمان لە کوردستانی عێراق، ئاسۆ و ڕێکارەکان“. لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی چالاکییەکانی حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی جێگیر لەو ناوچەیە سنووردار بکات، پلینۆم هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی کۆمەڵەی بەم شێوەیە دیاری کرد:
یەکەم. لەسەر پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی چالاکی سیاسیی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، پێداگری ده که ین. ئەگەر ئەم چالاکییانە لە وڵاتەکانی ئەوروپا و کانەدا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان مومکینە، ئەم ئیمکان و پێویستییە لەم ناوچەیە بە هۆکاری جۆراوجۆر دوو هێندەیە. خەڵکی کوردستانی ئێران و عێراق، وەک دوو بەشی یەک نەتەوە، هاوچارەنووسن. لە سەرکەوتن و شکستەکانی یەکتردا هاوبەشن. پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو لە نێوان خەڵکانی هەردوو دیوی سنوورەکەدا بوونی هەیە. ساڵانە دەیان هەزار کرێکار لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ کارکردن دێنە هەرێمی کوردستان. هەزاران کۆڵبەری زەحمەتکێش لە ڕێگای ئاڵوگۆڕ و هێنان و بردنی کاڵا لە نێوان هەردوو دیوی سنوورەکەدا، بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.پێوەندییەکی سروشتی بەربڵاو لە نێوان هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی هەردوو بەشی کوردستان دروست بووە و تا ڕادەیەک جێکەوتووە، جگە لەوەش ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە داوێنی پڕ لە مێهرەبانی خەڵکی کوردستانی عێراقدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی داوە و لە پشتیوانی جەماوەریی بەهرەمەند بووە و زۆر پێوەندی و نزیکایەتی دیکە.
دووەم، کۆمەڵە هەرگیز نەیویستووە کە بەهۆی چالاکییە چەکدارییەکانی خۆییەوە، هەزینە بخاتە سەرشانی خەڵکی کوردستانی عێراق و ساڵانێکی زۆرە سنوورەکانی ئەو دوو پارچەی کوردستانی بۆ چالاکی چەکداریی دژ بە کۆماری ئیسلامی، بەکارنەهێناوە. ئهم سیاسەته هەم هاوئاهەنگ و گونجاو بووە لهگهڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە کوردستانی ئێران و بە ئەولەویەتکردنی چالاکییە وشیاریدەرانە، تەشکیلاتی، مەدەنی و جەماوەرییەکان و هەم لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەی کە هیچ بیانوویەک بەدەست کۆماری ئیسلامییە نەدات کە بەهۆیەوە ئەمنییەت و بژێوی ئەو خەڵکە بە بارمتە بگرێت. کۆمەڵە لەسەر ئەم سیاسەتە هەروا بەردەوام دەبێت.
سێیەم: ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی وتووێژ و هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی چارەسەری کردەیی، پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئەوەی، یەکەم، لەگەڵ پاراستنی ئیعتباری سیاسی و پرنسیپەکانی ئێمە ناکۆک نەبن و دووهەم، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کەم بکاتەوە.
چوارەم: کۆمەڵە هەوڵ دەدات لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پرسەدا، زۆرترین هاوکاری و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ باقی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی کە لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کە تا ئەو جێگایەی دەتوانرێت، سیاسەتێکی هاوبەش لەم بوارەدا بگیرێتەبەر.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە کۆتاییدا، دوای تەقسیمکاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی و پێڕاگەیشتن بە هەندێک کاروباری حیزبی، دوای دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەی چڕوپڕ، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی