چەند ڕۆژ لەمەوبەر گرتە ویدیۆیەکی سەما و خۆشی و گۆرانییەکی فۆلکلۆریی گیلەکی پیرە پیاوێکی خەڵکی ڕەشت بە ناوی سادق باقری ناسراو بە “مام سادق” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیاوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم ویدیۆیە، پۆلیس مام سادقیان دەستبەسەر کرد و پەیجەکانی سۆشیال میدیای ناوبراویان بلۆک کرد. لە پەیامێکدا کە لەسەر پەیجی مام سادق دانرابوو، هاتووە کە: “ئەم پەیجە بەهۆی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی تاوانکاری و بە پشتبەستن بەو نموونانەی لە یاسای تاوانەکانی کامپیوتەردا هاتووە بلۆک کرا“. دوابەدوای ئەوە کاربەدەستانی ڕژیم لە پارێزگای گیلان گوشارەکانیان زیاتر کرد و هێزی ئینتیزامی ڕایگەیاند کە، “دوای “هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای قەزایی و کردنەوەی دۆسیە، لەم پێوەندییەدا ١٢ کەس لە بەڕێوەبەرانی پەیجی ئینستاگرامی” دەستگیرکراون و هەروەها لەلایەن بەشی چاودێری شوێنە گشتیەکانەوە ئاگادارییەک سەبارەت بە پلۆمپ کرانی چوار ناەەندی سنفیی سەما و گۆرانی دەرچوو. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شەپۆلێکی پشتیوانی لە ” مام سادق” و خۆڕاگریی لە بەرامبەر گوشارەکانی ڕژیم لە شێوەی سەما و هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ لە دەیان شوێنی ئێران کەوتەڕێ. زۆرێک لە ژنان و پیاوان بە هەمان فۆلکلۆر یان گۆرانی هاوشێوە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران سەمایان کرد و وێنەی سەما و هەڵپەڕکێکەیان بڵاو کردەوە.
دژایەتی ڕژیم لەگەڵ دەربڕینی شادی و خۆشی خەڵک، شتێکی نوێ نییە و بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە. کاسبکارێک لە بازاڕی ماسیفرۆشانی ڕەشت، ئەو شوێنەی کە“مام سادق” سەمای تێدا کرد، بە گاڵتە بە پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرقی وتووە: “کاتێک ئەوان بۆ گریان پووڵ خەرج دەکەن و هەزینە دەدەن، سروشتییە کە ئێمەش دەبێ هەزینە بدەین بۆ ئەوەی پێبکەنین“!
حکوومەتی ئیسلامی هەوڵ دەدات هەموو بوارە وەرزشی، هونەری، فەرهەنگی، پەروەردەیی و تەنانەت زانستییەکانیش کۆنترۆڵ بکات و لەپێناو خزمەت بە ئامانجی کۆنەپەرستانەی خۆیدا بەکاریان بهێنێت. لەم پێوەندییەدا سەما لە زومرەی ئەو کردارانەیە کە لە ڕوانگەی ڕژیمی ئیسلامییەوە قەدەغەیە و بەرپرسە ئایینییەکانی شیعەش لە زۆرێک لە فەتواکانیاندا بە فێعلێکی “حەرام” و ناشەرعی ناویان بردووە. بۆ نموونە بە پێی فەتوای خومەینی سەما “بەتەواوی حەرامە“. هەر بۆیە سەما لە بازنەی ئەو هونەرانەی کە لەلایەن ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکانەوە پاڵپشتی دەکرا، دوورخرایەوە. هەرچەندە ڕژیم هەرگیز نەیتوانی بەتایبەت ڕێگری بکات لە جۆرەکانی سەما و هەڵپەڕکێی ناوچەیی، بەڵام سەما بە مانا هونەرییە واقیعییەکەی خۆی دوای چل و چوار ساڵ هێشتا قەدەغەیە و شەڕی کۆماری ئیسلامی لەدژی مامۆستا و ڕاهێنەرانی هونەر و سەماکاران بەردەوام لە ئارادایە. لە ماوەی ساڵانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، زۆر جار سەماکاران و ڕاهێنەرانی ئەم هونەرە دەستبەسەر و شوێنەکانی ڕاهێنانی سەما داخراون. شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و سەما و خۆشی و ژیان هەروا بەردەوامە و حکوومەت نەیتوانیوە شێوازی ژیانی خوازراوی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. بەتایبەت ئەوەی ئەمڕۆ لەم بوارەدا زۆر بەرچاوە ئەو ڕاستییەیە کە لەو کەش و هەوایەدا کە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دروستی کردووە، ئەم خۆڕاگرییە گەلێک بەربڵاوتر و بوێرانەتر بووە. ڕژیمی ئیسلامی جێژن و شادی خەڵک بە ئافەتی گیانی خۆی دەزانێت. ئەم ڕژیمە لەگەڵ خۆشی و زەردەخەنەی سەرلێوی خەڵک ناتەبایە. خەمۆکی و نائومێدی و بێهیوایی، خۆراکی کۆماری ئیسلامییە. ئەو، کۆمەڵگایەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەوێت کە تێیدا خەڵک لە بەرامبەر ئەو چارەنووسەدا کە ڕژیم بۆی دیاری کردوون سەردانەوێنن. ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ئەوەی تێیاندا حیجابی ئیسلامی ڕەچاو ناکرێت و مەودای نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگیرێت، تێکدەدات. ڕێگری دەکات لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقا. ئەو لاوانەی کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و سەما دەکەن و کاتێکی خۆش لەگەڵ یەکتر بەسەر دەبەن، ئەزیەت و ئازار دەدات و بێڕێزیییان پێدەکات. لە ڕاستیدا ئەگەر دونیا بە مەیلی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، دەبوو ئەم کۆمەڵگایە بە درێژایی ساڵ ڕەشپۆش بێت و هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک ماتەمین بگێڕێت. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە تەسلیمی نیزامی ئیسلامی نەبوون. هەر وەک دەبینین، سەرەڕای هەڕەشە و تووندوتیژی و تەنانەت ئەزیەت و ئازار و گرتن لەم پێوەندییەدا، خەڵک لە سەرانسەری ئێران دژایەتییەکانی ڕژیم پشتگوێ دەخەن. مۆسیقا، هونەر، گۆرانی، سەما و خۆشی لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە. لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵدا، فەرهەنگی بەرخۆدانی پێشکەوتنخوازانە سەریهەڵداوە. خەڵک لەو بوارەدا ئەزموونێکی زۆریان بەدەست هێناوە و بە شێوازی جۆراوجۆر لە کات و شوێنی گونجاودا، بەربەستی فەتوا و یاساغەکای ڕژیم تێدەپەڕێنن. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەر بە شادی و بەختەوەری و خۆشەویستی خەڵک بۆ ژیان بگرێ و لەم بوارەدا سەری لە بەرد دراوە. ئەم خۆشەویستییە بۆ ژیان، هەمان ئەو هێزەیە کە ڕژیمی بە تەواوی نیگەران کردووە.