یەکەم – حکوومەتی ئیسلامی لەژێر زەبری بەردەوامی بزووتنەوەی جەماوەریی و بەردەوامبوونی بزووتنەوە داواکاریی و ئازادیخوازەکان و هەروەها پێداگریی خەڵک لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا تووشی داماویی و سەرلێشێوایی بووە و کارد گەیشتووەتە سەر ئێسقانی. لەپشت بەڕواڵەت دەسەڵاتێکی یەکگرتوودا، قەیرانی سیاسی کۆمەڵگا گەیشتووەتە ناو چینە سەرەکییەکانی دەسەڵات و بناغەکانی دەسەڵاتدارێتی خستووەتە لەرزە. دۆخەکە بەجۆرێکە کە ڕیفۆرمخوازەکان وردە وردە خەریکن زمانێکی توندی ڕەخنەگرانە بەکاردەهێنن و ڕێگەی خۆیان لە حکوومەت جیا دەکەنەوە و بەرەو بایکۆتکردنی هەڵبژاردن هەنگاو دەنێن. بناژۆخوازە میانڕەوەکان دەستیانکردووە بە چالاکییەکی جددیتر و هەوڵ دەدەن خەتی خۆیان لەو حوکمڕانییە یەک دەستەدا بەرجەستەتر بکەنەوە. لەناو چوارچێوەی بەرتەسکی دەسەڵاتدا، ململانێی هێز لە هەموو بوارەکاندا بەتووندی بەردەوامە. بناژۆخوازە نوێیەکان و قالیباف کەوتوونەتە دژایەتی لەگەڵ بەرەی پایەداریی. مەیلە ناوخۆییەکانی دەسەڵات، کە نیگەرانی داهاتووی ڕژیمی ئیسلامین، هەریەکەیان نەخشە و پلانێکی تایبەت پەیڕەو دەکەن بەمەبەستی دەربازبوون لەو دۆخە و پێشگرتن لە داڕمان و تێکشکانی ڕژیم. بە واتایەکی تر، کەلێنە بەربڵاوەکانی قەیرانی تێپەڕبوون لەم دەسەڵاتە یەک دەستەی ئێستا، خەریکە لە لوتکەدا ڕەگاژۆ دەکات.
دووەم – قەیرانی سیاسی ناوخۆی حکوومەت و قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووریی و پاشەکشەی ئاشکرا لە سیاسەتی دەرەوەدا، دەسەڵاتدارێتی یەکدەستی خستووەتە دۆخێکی گەلێک دژوارەوە. گرانبوونی نان، سەفی دوور و درێژ بۆ وەرگرتنی بەنزین و دەنگۆی گرانبوونی بەنزین، کورتهێنانی لەڕادەبەدەری بودجە، سیاسەتی پووڵ ل
بەرامبەر بە خۆراک کە ئەمریکا بەسەریدا سەپاندوون، نەگەڕانەوەی دۆلارەکانی نەوت بۆ ناو ئابوریی وڵات، چاپکردنی ڕۆژانەی چەند هەزار “هیمەت” (هەزار ملیارد تمەن) دراوی کاغەزیی, هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان، حوکمڕانیی دەسەڵاتی یەک دەستی تووشی تەنگ و چەڵەمەیەکی زۆر کردووە. هەڵاوسانی بێ سنوور و بێتوانایی دەسەڵات لەمەڕ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی و جەوهەرییەکانی خەڵک، لەگەڵ دروشمەکانی پێش لە هەڵبژاردنەکانیان ناتەبایە و ئەمەش هێرشی تەبلیغاتیی باڵە ڕکابەرەکانی چڕتر کردووەتەوە. قەیرانی نان و گرانبوونی نرخەکەی، قەیرانی کەمیی و دەنگۆی گرانبوونی بەنزین و هەروەها کاریگەریی ئەم گرانییە لەسەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی، دوو بابەتن کە دەتوانن زەمینەی تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکان فەراهەم بکەن. دەسەڵاتدرەکان لەم بابەتەوە زۆر نیگەرانن. پێدەچێت بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی هەم بەنزین گرانتر بکەن و هەم ڕێگریش لە تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. هاوکات لەگەڵ ئەم دوو قەیرانە، پرسی ژینگەش خەریکە دەبێتە پرسێکی کۆمەڵایەتی هەستیار لەسەر ئاستی جەماوەریدا. کەمبوونی ئاو، وشکبوونی دەریاچە و ڕووبارەکان، شەپۆلی مەترسیداری تۆز و خۆڵ و گردیلەکان و هەروەها ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، خەڵکیان بە تووندی نیگەران و هەستیار کردووە. بەشێوەيەکی گشتی هاوتەریب لەگەڵ شەڕی حکوومەت لەدژی خەڵک لەسەر پرسی حیجاب، پرسی نان و ئاو و بەنزین دەتوانن هۆکاربن بۆ سەرهەڵدان و تەقینەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
سێیەم- لەسەر بەستێنی وەها بارودۆخێکدا، حکوومەتی یەک دەستی ژێر ڕێبەرایەتی خامنەیی کە مەجالێک بۆ پاشەکشەی تێدانییە، سەرکوتی بێ سنوور و هەسارپچڕاو، بە تەنیا ڕێگای چارەسەر دەزانێت. هەموو هەوڵەکانی حکوومەت تەرکیز دەکاتە سەر ئەوەی کە ئیزنی پێشڕەوی بە خەڵک نەدات. وا دیارە جگە لە سەرکوتکردن هیچ ڕێگەیەکی بۆ هێورکردنەوەی خەڵک لەبەردەمدا نییە. نە لە بواری ئابووری و نە لە بواری کۆمەڵایەتیدا. ئێستا دەسەڵات بە ئاشکرا شمشێری لەڕوو بەستووە. ئێعدامەکان،دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، بانگهێشتکردن و دەرکردنی بەربڵاوی خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆ، چڕبوونەوەی فشارەکان لەسەر بنەماڵەی دادخوازان و گوشارخستنەسەر زیندانیان و تەنانەت زیندانییە سیاسییە نەخۆشەکان، لە زومرەی تایبەتمەندییەکانی ئەم سەرکوتکارییەن. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرکوتی ئامانجدار و بەربڵاو و فاشیستی حکوومەت بۆ چەند مەبەستی دیاریکراوە؛ کە بریتین لە بێبەشکردنی بزووتنەوەکە لە بوونی کادر و هەڵسووڕاوانی بەئەزموون و متمانەپێکراو، تێکشکاندنی پاڵپشتیی بنەماڵەکان لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کەسانی دوودڵ و ڕاڕا و بێهیوادا، پەرەپێدان بە هەستی بێهیوایی و هاندان بۆ کۆچکردن و ڕێگریکردن لە شکڵگرتنی گەرا و کاکڵی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان. بەڵام تەنانەت ئەم ئاستە لە سەرکوتی دڕندانەش نەیتوانیوە ترس لەناو کۆمەڵانی خەڵک و هەڵسووڕاوانی سیاسیی و مەدەنیدا پەرەپێبدات و عەزم و ئیرادەی ئەوان لەپێناو بەرەوپێشبردنی شۆڕشێکی شکۆدار، لاواز بکات.
چوارەم- سەرەڕای ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” هەر ئێستاش شۆڕشێکی فەرهەنگیی لە کۆمەڵگادا درووستکردووە. باوەڕ بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە زێهنییەتی کۆمەڵانی خەڵکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر جێگیر دەبێت. دەوڵەتی دەسەڵاتدار لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ژنان بە کەم عەقڵ دادەنێت و وەک نیوەی ئینسان حیسابیان بۆ دەکات. بە گوێرەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، ژن تەنیا لەبەر ژن بوونی، ناتوانێت هیچ پۆستێکی سەرەکی وەک سەرۆککۆماریی، سەرۆکوەزیران، دادوەر و هتد… وەربگرێت و وەک هاووڵاتییەکی پلە دووش لە زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراوە. لە ئاوا وڵاتێک و لەژێر سایەی حکومەتێکی تا ئەم ڕادەیە کۆنەرستدا، خەڵک لەدژی ئەو باوەڕ و
تێڕوانینە کۆنەپەرستانەیە ڕاپەڕیون و لە شەقامەکان و ژیانی ئاسایی خۆیاندا هاواری بەرابەریی ژنان و پیاوان بەرزدەکەنەوە و بەرەوپێشی دەبەن. ئەم شۆڕشە یەکسانیخوازانەیە لە ئاستێکی بەربڵاودا پشتیوانی لێبڕاوانەی بزووتنەوەی ژنانی لە سەرتاسەری جیهان بۆ ڕاپەڕینی ژنانی ئێران دەستەبەر کردووە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکی گەورەیە و شۆڕشێکی فەرهەنگیی بەربڵاوە. شۆڕشێکی فەرهەنگیی عەزیم لە ئێران لە ئارادایە. هەنگاوی یەکەمی ئەم شۆڕشە فەرهەنگییە، بریتییە لە یەکسانی ژن و پیاو و هەنگاوی دواتر جیایی دین لە دەوڵەت. ئێستا لەسەر بنەمای ئەم شۆڕشە فەرهەنگییە، خەڵکێکی زۆر بەرگریی لە مافی هاووڵاتیبوونی بەهاییەکان دەکەن. لەکاتێکدا لە سەردەمی قاجاریەکانەوە هەتا ئێستا سەرکوتی بەهاییەکان، ئاڵقەی گرێدانی دام و دەزگای ڕۆحانییەت و سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی، بەیەکەوە بووە. خەڵک لەدژی ئەم تێڕوانین و هزرە تاریک و کۆنەپەرستانەیە ڕاپەڕیون و هەرچی زیاتر گرنگی بە پرسی ئازادییەکان و لەوانەش ئازادی مەزهەب وەک یەکێک لە مەرجەکانی ئازادی دەدەن.
پێنجەم – لە هەناوی ئەم شۆڕشە فەرهەنگییەدا، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کۆمەڵێک دەستکەوتی درەوشاوەی دیکەشی هەیە. ئێستا ئیتر کۆماری ئیسلامی لە چاوی خەڵکدا نەک تەنیا هەر سووتاوە و گەیشتووەتە کۆتاییەکانی خۆی، بەڵکوو هەر چەشنە ئایینێکی فەرمیشی بێ بایەخ کردووە. لەناو خەڵکدا ئیتر تەنانەت هیچ تەوەهوم و خۆشباوەڕییەک سەبارەت بە بابەتی ڕیفۆرم و چاکسازیی لەم سیستەمەدا بوونی نییە. جیایی دین لە دەوڵەت بووەتە خواستێکی ئاشکرا و گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. ئێران تاکە وڵاتێک بوو کە لە ڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە پەیڕەوانی ئایینی باڵادەستیان بە دەسەڵات گەیاند. ئەم ڕووداوە مێژووییە بێ وێنەیە، بزووتنەوە ئاینییە تاریکپەرستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەهێزتر کرد. بەڵام ئێستا ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە بابەتی جیایی دین لە دەوڵەت لەخوارەوە شکڵ پێبدات. ئەم ڕووداوە دەتوانێت سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئاڵوگۆڕی جددی و بنەڕەتی بەرەوڕوو بکاتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە لە داهاتووی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا، یاساکان و لەوانە یاسای پەیوەست بە میرات، مافی سەرپەرشتیکردن و هاوسەرگیری و هتد…، چیتر پەیڕەوی لە ئایینی فەرمی ناکات و
کاریگەری و ڕۆڵی مەزهەب لەسەر یاسای مەدەنی و یاساکانی سزادان نامێنێت. گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە دەبێتە دەستکەوتێکی زۆر گەورە و مێژوویی.
شەشەم – ڕەوتی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەسەر بنەمای داڕمانی ئابووریی و فەرهەنگیی شکڵیگرتووە. ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە، چیتر تەنیا بیر لە ڕووخاندن ناکاتەوە، بەڵکوو سەودای شکڵپێدان بە بەدیل و ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوونی لەسەردایە. ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بزووتنەوەیەکی ڕووخێنەر نییە، بەڵکوو بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی خاوەن کۆمەڵێک ویست و داواکاریی ڕۆژ بەڕۆژ ڕوونتر و دیاریکراوترە. خەڵک دەرکیان بەو ڕاستییە کردووە کە شۆڕش تەنیا لەپێناو ئازادیدا بەس نییە. ئێستا بەشێکی زۆر لە خەڵک ڕۆژەگاریان بە سەختی تێپەڕ دەبێت. کەلێنە چینایەتییەکان گەلێک بەرجەستە و بەرچاون. لە هەمانکاتدا شاهیدی داڕمانێکی ئابووریشین. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەیەوێت لەدژی ئەم جیاوازییە چینایەتیانەش خەبات بکات و ژیانێکی شایستەی جەماوەری ڕێک بخات. ئەم شۆڕشە، شۆڕشێکە بۆ وەڵامدانەوە بە جیاوازییە چینایەتی و نابەرابەرییەکان، کە جەختکردنەوە لەسەر مافی یەکسانی بۆ ژنان و پیاوان، ئەم بابەتە بەرجەستەتر دەکاتەوە. چونکە بەشێکی زۆری ژنان سەر بە چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگان. لەم ڕووەوە خەڵک ئێستا ئیتر ویست و داواکاریی بنەڕەتی تریان هەیە. ئەم پرسەش زۆرێک لە بەدیلەکانی بۆرژوازیی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە.
حەوتەم – بزووتنەوەکە لەبەرەوپێشچووندایە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر و بەربڵاوتر دەبێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینادا هیچ ڕێوشوێنێکی ئەوتۆ دەگیرێتەبەر یان نا. بەردەوامبوونی بزووتنەوەی داواکاریی و ئازادیخوازانە و حزووری ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان، کرێکاران و خانەنشینکراوان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییە هەینییەکانی زاهیدان، بەرخۆدانی شکۆداری دادخوازان و هەروەها هەستیارییە کۆمەڵایەتییەکانی نووسەران و هونەرمەندان، توانیویانە بڵێسەی بزووتنەوەکە بەردەوام گەشاوە ڕابگرن. ئەو ئاخێزەی ئێستای جەماوەری خەڵکی ئێران کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەسەرخۆ و بەشێوەیەکی شێلگیرانە و بەردەوام بەدوای ئامانجەکانی خۆیەوە بووە، گیانێکی نوێی بە بزووتنەوەی داواکاریی بەخشیوە، هاوئاراستەیی و لێک نزیکبوونەوەی لە نێوان بزووتنەوەی داواکاریی-بژێوی تەوەر و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازیدا پێکهێناوە و لە نێوان باڵەکانی دەسەڵاتدا کەلێن و ناکۆکی قووڵ و بێگەڕانەوەی درووستکردووە. ئێستا زیاتر لە هەمیشە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە تاکە هێزێک کە دەتوانێت ویست و داواکارییەکانی بزووتنەوەکە بەدیبهێنێت، بریتییە لە بەشداریی و حزووری ڕێکخراو و یەکگرتووی زۆرینەی ڕەهای چینی کرێکار و یان بە واتایەکی تر زۆربەی هەرەزۆری مووچەخۆران و جەماوەری خەڵکی تینووی ئازادی و ڕزگاریی. تەنیا ئەمجۆرە ڕێکخراوبوونەیە کەدەتوانێت ئامانجەکانی بزووتنەوەکە بە کردەوە دەربهێنێت. بەڵام ئەم خۆڕێکخستنە پێویستی بە کات هەیە و پرسێکی حەیاتییە کە ئێستا لەبەردەم چالاکان و هەڵسووڕاوە مەیدانییەکانی بزووتنەوەکەدایە بۆ ئەوەی خێرایی ڕەوتی خۆڕێکخستنەکان لەگەڵ خێرایی ڕووداو و پێشهاتەکانی سەردەمی ئێستادا بگونجێنن. ئەمە پێویستییەکی هەنووکەییە کە بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی هێزی جەماوەر لە خوارەوە، گرنگییەکی تایبەتی پێبدرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی کرێکارانی ئێران (ڕاهی کاریگەر)
شەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بەرامبەر لەگەڵ ٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣