ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢ی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له چالاكانی ژینگه‌یی و ئازادیخوازانی كوردستان به كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر مه‌زاری “شه‌هیدانی ژینگه” له دارسه‌یرانی مه‌ریوان، په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانیان نوێ كرده‌وه.
به‌پێی بانگه‌وازێك كه پێشتر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له چالاكانی ژینگه‌یی كوردستانه‌وه بڵاو كرابوو، بڕیار بوو پێنجشه‌ممه ٢ی خه‌رمانان و یه‌ك ڕۆژ پێش ساڵڕۆژی گیانبهختكردونی چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان له ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌و شاره، خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ژینگه‌دۆستان به‌مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له یاد و فیداكارییه‌كانی “شه‌ریف باجور” و هاوڕێكانی، له گۆڕستانی “شه‌هیدانی ژینگه” له دارسه‌یران كۆببنه‌وه. به سه‌دان كه‌س ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه له دارسه‌یران كۆبوونه‌وه و په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئاواتی گیانبه‌ختكردووانی ژینگه نوێ كرده‌وه. شایانی باسه كه ٣ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هه‌تاوی، چوار چالاكی ژینگه‌یی و خۆشناوی شاری مه‌ریوان له كاتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگری دارستانه‌كانی گونده‌كانی “سه‌له‌سی” و “پیله”، گیانیان به‌خت كرد.
