کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شانۆی ڕێپێوانی ئەربەعین گرێیەک لە کاری ڕژیم ناکاتەوە

9fafeeaea86d3c128e35e0e28dc954feb6a0c011 1280x853 1

 

ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە ساڵنامەی ئێراندا بە ناوی ئەربەعین تۆمار کراوە. بەرپرسانی ڕێژیم لەو ڕۆژانەدا بەنیازن شانۆیەکی گەورە بەڕێوە ببەن. ئەوان هەموو ئیمکاناتی دارایی و گواستنەوە و بانکیی و ئیداری و ئەمنی خۆیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئەو خەڵکە تووڕە و ناڕازییەی کە خەریکن کلە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ٠بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” نزدیک دەبنەوە، بە ڕێپێوانێکی سیاسی گەورە لە ڕۆژی ئەربەعیندا هێزی خۆیان نیشان بدەن. لە کاتێکدا بەپێی خەمڵاندنی مامۆستایەکی زانکۆ، پەنجا لەسەد و
سەد و بە وتەی بەرپرسانی خودی ڕێژیم، زیاتر لە سی لە سەدی هاووڵاتیانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری ڕەهاد دەژین، بودجەی فەرمی و گشتی ڕێپێوانی ئەربەعین (کە بڕی دیاریکراو لە بودجەی گشتیی وڵات و پشکی هەزار و سەد شارەوانی و سپای پاسداران و وەزارەتی نەوت و دامودەزگاکانی دیکە لەخۆ دەگرێت) بە بڕی سێ هەزار ملیارد تمەن ڕاگەیەندراوە. بەڵام بێگومان ئەمجۆرە بۆنانە بودجەی نهێنیشیان هەیە کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەبن.
خاوەنانی دەسەڵات بێجگە لەم بوودجە زۆر و زەوەندە، ئیمکاناتێکی زۆری ئیداریی، دارایی، خۆراکی، دەرمانی، پزیشکی، گواستنەوە و شتی دیکەی لەو چەشنەشیان بۆ زیارەتکاران لەبەرچاوگرتووە کە تەنانەت بڵاوکراوەکانی ژێر تیغی سانسۆری ڕێژیمیش بە هەزینەیەکی سەرسوڕهێنەر ناویان بردووە. سەرەڕای ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە و پێدانی ئیمتیازاتی جۆراوجۆر، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣ ملیۆن کەس بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کردبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنها یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ترسی نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە چەند بواردا تەواوی ئیمکاناتی خۆیان لە دژی کرێکاران، ژنان، سەرجەم ئازادیخوازان و خوازیارانی نەمانی ڕژیم بەسیج کردووە. یەکێک لەو بوارانە و سەرەکی ترین بوار بریتییە لە سەرکوتکردنی لەڕادەبەدەر و وەحشیانە. ماوەیەکە سەرکوتگەران بە شێوەیەکی جەنایەتکارانە ماشێنی سەرکوتیان لە دژی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنان، چالاکانی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێز، بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی ژینا و تەواوی دادخوازان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، زیندانیانی سیاسی و چین و توێژە ناڕەزاییەکانی تر خستووەتە کار. جگە لەم ئامرازە سەرەکییە، سەرانی ڕێژیم و لەوانە خامنەیی و فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە بۆنەی جۆراوجۆردا سپا و هێزە نیزامییەکانیان کۆکردۆتەوە و قسە و باسیان بۆ کردوون. وتارەکەی خامنەیی لە ٢٦ی گەلاوێژ بۆ فەرماندەکانی سپای پاسداران، ڕێک مانگێک بەر لە ساڵیادی ڕێوڕەسمی شکۆداری ناشتنی تەرمی ژینای خۆشەویست، یەکێک لە نموونەکانی ئەو کۆبوونەوانەیە. ئەم وتارانە وەک هەمیشە تێکەڵەیەک بوون لە قسەی پڕ و پووچ و بێمانای وەک ( درۆ و دەلەسەی ئاشکرا و چەواشەکاری و خۆبەزلزانینی بێ بنەما). لە هەموو ئەو وتارانەدا بە ئاشکرا ترس لە هەڵگیرسانەوەی سەرلەنوێی ئاگری بزووتنەوەی ژینا دوای ٢٦ی ڕەزبەر، هەستی پێدەکرێت. بەرپرسانی حکوومەت کە ترس و دوودڵی بەشێکی بەرچاو لە بەدەنەی سپای پاسدارانیان لە بەرامبەر لاوان و ژنانی شۆڕشگێڕ لە خولی یەکەمی بزووتنەوەکەدا بەچاوی خۆیان بینی، هەوڵیاندا ڕیزی هێزەکانیان جگە لە پێدانی ئیمکاناتی ماڵیی و هیتر، بە درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەی ناڕاستیش یەکگرتوو ڕابگرن. بەرپرسانی ڕێژیم هاوکات هەوڵیانداوە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەم و سەفەر و دروستکردنی فیلمی پڕ لە درۆ و چەواشەکاری، چین و توێژە لەخۆ بێگانە مەزهەبییەکان وەک پشتیوانی خۆیان بهێڵنەوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کاروانی ئەربەعینی ئەمساڵ، پاراستن یان ڕاکێشانی پشتیوانی ئەو کەسانەیە کە تا ئێستاش خاوەن بیر و باوەڕی ئایینین.
نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا کە هەر لە ئێستاوە ترسی خستووەتە دڵی بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ڕۆژێکی گەلێک گرنگە لە ساڵنامەی شۆڕشدا. کرێکاران، ژنان، لاوان، خوێندکاران، دادخوازان و سەرجەم ئازادیخوازن، دەتوانن لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕژیمدا خۆیان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بە مەبەستی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئاکسێونی سەرتاسەریی و کاریگەر ئامادە بکەن، ئاکسیۆنگەلێکی کە بتوانێت پرۆسەی شۆڕش بەهێزتر بکات. ئەو حەرەکەت و ئاکسیۆنە داهێنەرانەی کە هەرچی زیاتر ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەرکوت بۆ سەرکوتگەران نامومکین دەکات. پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە یەکێک لە بەنرخترین دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بریتی بوو لە خۆڕزگارکردنی ژنان و پیاوان لە داوی خوڕافاتی مەزهەبیی سەرچاوەگرتوو لە ئیسلامی سیاسی و تا ڕادەیەکیش لە خودی مەزهەب بە شێوەیەکی گشتی.
ئەم خۆ ڕزگارکردنە لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنان بەرامبەر بە حیجابی ئیسلامی و لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە سیاسییەکانی یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژینا و لەناو سەرجەم بنەماڵە دادخوازەکاندا بەشێوەیەکی بەرجەستەتر بەرچاو دەکەوێت. ئەم دەستکەوتە خەریکە بەهێزتر دەبێت. هەر ئەم دەستکەوتە بوو کە لە کاتی ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەمدا لە شێوەی لەبەرکردنی جلوبەرگی سپی لەلایەن ژنانی بوێرەوە خۆی نیشاندا. ئەم دەستکەوتە وا دەکات کە هەوڵە پڕ هەزینەکانی ڕێژیم بۆ وەڕێخستنی شانۆی ڕێپێوانی ئەربەعینی ئەمساڵیش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت.