کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە کابولەوە تا تاران، مردن بۆ تاڵەبان

d8f36e21 a688 47e1 953d 488f23628a22

بە بۆنەی ساڵڕۆژی دەسەڵاتی تاڵەبان بە سەر ئەفغانستاندا

هێزە ئیسلامییەکانی تاڵەبان ١٥ی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی بەرابەر لەگاڵ ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویی هێرشیان کردەسەر کابول پایتەختی ئەفغانستان و بەبێ هیچ بەرەوڕووبوونەوەیەک دەستیان بەسەردا گرت. دوای بیست ساڵ لە بوونی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان، ئاکامی ئەو شەڕە تەنها بۆ ئەمریکا بریتی بوو لە کوژرانی دوو هەزار و ٤٠٠ سەربازی ئەمریکایی و بریندار و کەمئەندام بوونی چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە و هەروەها تێچووی نزیکەی یەک هەزار ملیارد دۆلار لە دارایی خەڵکی ئەمریکا. زەرەر و زیانەکان بۆ خەڵکی ئەفغانستان زۆر لەوە کارەساتبار و بەئازار ترە، کوژرانی چەند سەد هەزار سەرباز و سەدان هەزار کەسی بێ تاوان و سەدان هەزار کەمئەندام و زیانلێکەوتوو، خەڵکیکی نوقمی هەژاری و حکومەتێکی نوقمی گەندەڵی، دەرئەنجامی ئەو شەڕە بوو. داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەم هێزە ئیسلامی و تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستەوە، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بوو کە دوای دوو ساڵ دانوستان و وتووێژ لە نێوان تاڵەبان و حکومەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا لە دەوحە پێتەختی قەتەر بەدەستهاتبوو. ئەو دانوستانانە ساڵی ٢٠١٨ و لەکاتێکدا دەستیپێکرد کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەرووی هەموویانەوە حکومەتی ئەمریکا شکستی خۆیان لە ئەفغانستان قبوڵ کردبوو. خێرایی شپرزەیی و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی هێزە سەربازییە ڕاهێنراوەکانی ئەمریکا بۆ خاوەن دەسەڵاتەکان لەو وڵاتە، دوور لە چاوەڕوانی بوو. هەربۆیە سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی پێشوو، فەرماندەکانی هێزە نیزامییەکان نەیانتوانی تەنانەت پاشەکشەیەکی ڕێک و پێک ڕێکبخەن. ئەوان و بە تایبەت خەڵکانی مەدەنی ئەمریکایی و خزمەتکارە ئەفغانییەکانیان بە شپرزەیی و بە پەلە و بە سەرشۆڕی ئەفغانستانیان بەجێهێشت. سپای دۆڕاو و شکستخواردووی ئەمریکا لەو پاشەکشە سەرشۆڕانەیەدا زیاتر لە ٧ ملیارد چەک و کەرەستەی بۆ تاڵەبان بەجێهێشت. بەجۆرێک کە فرۆشتنی چەک و چۆڵ لەگەڵ فرۆشتنی مادەی هۆشبەر، بووە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات بۆ تاڵەبان.

ژیانی ژنان، منداڵان، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ژێر دەسەڵاتی دوو ساڵەی تاڵەبان لە ئەفغانستان کارەساتبار بووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆی ٤٠ ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، نزیکەی ٨٠%یان لە هەژارییەکی ڕەهادا دەژین. ئەم ڕێژەیە پێش لە گەڕانەوەی تاڵەبان بە پەنجا لەسەد، مەزەندە کرابوو. لە ئاوا هەلومەرجێکدا دیاردەگەلێکی وەک فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، فرۆشتنی منداڵ، بەتایبەتی فرۆشتنی کچانی سەرووی حەوت ساڵ، پەرەی سەندووە. ڕێژەی خۆکوشتن لە نێوان سەرپەرشتی بنەماڵەکان بە ژن و پیاوەوە، لە زیادبووندایە. زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵی ئەفغانی لە خوێندن دابڕاون کە ٦٠%یان کچن. زۆرینەی ڕەهای ئەم منداڵانە بەناچاری چوونەتە ناو بازاڕی کارەوە.

هەندێک لەو بنەماڵانە ئەگەر بەخت یاریان بێت ئەوا منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە ئاینییەکان بۆ ئەوەی لانیکەم بڕە خۆراکێکیان دەستکەوێت. ئەم قوتابخانانە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پێنج هێندە زیادیان کردووە و ژمارەیان گەیشتووتە شەش هەزار و هەشت سەد و سی قوتابخانە. لەم قوتابخانە ئیسلامیانەی شۆردنەوەی مێشکدا، منداڵان ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بچنە ناو هێزە نیزامی و هەواڵگرییەکان و ببنە بانگەشەکاری خوڕافات. لە نێو دانیشتوانی ئەفغانستاندا، مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بژێوی ژنان زیاتر لە چین و توێژەکانی تر لەلایەن حکومەتی تاڵەبانەوە پێشێل کراوە. لەوانە سنووردارکردنی ئامادەبوون یان چالاکیی لە فەزای گشتیدا، قەدەغەکردنی بەشداری لە کاروباری سیاسی، سنووردارکردنی مافی کارکردن و هتدژنانی پێشڕەو لە ئەفغانستان بە بەردەوامی لەدژی ئەو بێ مافیانە لەسەر شەقامەکان بوون و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. کاردانەوەی تاڵەبان بەرامبەر بە ژنانی خەباتکار، بریتی بووە لە ئەزیەت و ئازار و دەستگیرکردن و تەقە لێکردن. بۆ نموونە بەکرێگیراوانی تاڵەبان ڕۆژی ٧ی سێپتامبری ٢٠٢١ لە شاری هەرات تەقەیان لە ژنانی ناڕازی کرد. لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنە جەنایەتکارانەیەدا، ٣ ژنی خەباتکار گیانیان لەدەستدا و ٧ کاسی دیکەش برینداربوون.

لەدوای ژنان، کچان و کوڕانی لاوی ئەفغانی و لەوانە خوێندەوارەکانن، کە زۆرترین زیانیان لەلایەن ڕژێمی تاڵەبانەوە بەرکەوتووە. بەشێکی بەرچاویان بەمەبەستی دەربازبوون لەو دۆزەخەی کە بەسەر وڵاتەکەیاندا زاڵبووە، بەو بە ملیۆن پەنابەرانەوە پەیوەست بوون کە لە پاکستان و ئێران و تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ نەهامەتییەکانی وەک چەوسانەوە، سووکایەتی پێکران، دیپۆرت، ئەشکەنجە و خنکان لە ئاوەکانی مەدیتەرانە و ئێژە و  کاناڵی مانشدا بەرەوڕوون. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بواری تەلەویزیۆن و سینەما و هیتریش بکرێت.

تاڵەبان لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٤٠%ی میدیاکانی داخستووە.

زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستان پەیوەندی مێژوویی و کولتووری نزیکیان لەگەڵ خەڵکی ئێران هەیە. بە ملیۆنان کەس لەو کرێکارانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەم وڵاتەدا کار دەکەن و دەژین، یارمەتیدەر بوون بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە. کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی ئەفغانستان و بە تایبەت ژنانی پێشڕەو، هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادییەوە پشتیوانی خۆیان لەو شۆڕشە دەربڕی. ژنان لە هەندێک لە ئاکسیۆنەکانیاندا ژینایان بە ئیلهامبەخشی ناڕەزایەتیەکانی خۆیان ناوبرد. ژمارەیەک لە شاعیران، نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی لاوی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و خەبات و بەرخۆدانیان وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لە دەست بناژۆخوازی و توندڕەوی زانی. دروشمیلە کابولەوە تا تاران، مردن بۆ تاڵەبانیش کە ئەم دوو حەرەكەتە ناڕەزایەتییە لە ئێران و ئەفغانستان بەیەکەوە گرێدەدات، لەناو ژنانی هەڵسووڕاو و ناڕازی ئەفغانستانیشدا دەستاودەست کراوە. بێگومان سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی شۆڕشی ژینا ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ڕزگاربوونی ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی تاڵەبان و چەوسێنەران و ئیمپریالیستەکان.