کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنەوەی خوێندکاریی دڕکی چاوی کۆماری ئیسلامی

کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی، گوشارەکانی بۆ سەر خوێندکارانی خەباتکار زیاد کردووە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژ بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی بەشی ناوخۆیی زانکۆی بوعەلی هەمەدان بە بیانووی ڕەچاونەکردنی جلوبەرگی ئیجباری و جگەرەکێشان، ٢٠٠ خوێندکاری کچیان لە چوون بۆ بەشە ناوخۆییەکەیان بێبەش کردووە. جگە لەوەش، شۆڕا سنفییەکانی خوێندکارانی وڵات، باسیان لە بانگهێشتکردنی لانیکەم ١٢ خوێندکاری زانکۆی تەربیەت مودەڕس بۆ وەزارەتی ئیتلاعات کرد. کەناڵی تێلێگرامیخوێندکارانی یەکگرتووش ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە دادگایەک لە تاران، هەستی ئەمیری و زیا نەبەوی هەڵسووڕاوانی خوێندکاریی زانکۆی عەلامەی بە بیانووی ناڕەزایەتی لەدژی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ، هەر کامەیان بە یەک ساڵ زیندان و چەند سزایەکی تر مەحکووم کردووە. شۆڕا سنفییەکانی خوێندکارانی وڵات ڕۆژی هەینی ١٣ی گەلاوێژ ڕایانگەیاند کە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەرکردن و هەڵپەساردنی خوێندکارانی خەباتکار و ناڕازی، ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی باهونەری کرمان، زانکۆی بەهەشتی و زانکۆی تاران لەژێر ناویوەستاندنی هاوکاریلە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یان هەڵپەسێردراون. لە زۆرێک لە زانکۆکانی دیکەی ئێرانيش، ئەو مامۆستایانەی کە پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکان یان خوێندکارانی ناڕەزای کردووە، بەمەبەستیدوور خستنەوەیان لە زانکۆکەوتوونەتە ژێر زەخت و گوشارێکی زۆرەوە.

خوێندکاران و مامۆستایانی ئازادیخواز هەرلە سەرەتای شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیام و ڕاگەیاندن، دژایەتی بە کردەوە لەگەڵ حیجابی ئیجباری، دانی دروشمی شۆڕشگێڕانە و ڕووخێنەر، خۆپیشاندان، مانگرتن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و شێوازەکانى تری خەبات و ناڕەزایەتی، چالاکانە تێیدا بەشدار بوون. خەباتی خوێندکاران، لە هەمانحاڵدا کە لە فەزای شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و ڕاپەڕینی قارەمانانەی زیاتر لە سەد شار ئیلهامی وەرگرت، هاوکات لە پاشخانی مێژوویی خۆشی سوودی بینی.

بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتەکانی هەردوو ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامی، جگە لە ماوەیەکی کورت کە ڕیفۆرمخوازانی حکومەتی هەژموونیان لە کۆمەڵگادا هەبووە، خوێندکارانی چەپ و سۆسیالیست بەردەوام هێزی بزوێنەری ناڕەزایەتییەکان و خەباتی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاریی و ڕەنگدانەوەی ویست و داخوازیی خەباتکارانە و ڕادیکاڵی ناو کۆمەڵگا بوون. زۆرێک لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە خەباتکار، ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان، دەرچووی زانکۆکان و سەردەمانێک بەشێک بوون لە بزووتنەوەی خوێندکاری. خۆڕاگرترین و سەربەرزترین زیندانیانی سیاسی لە ڕژیمەکانی سەڵتەنەتی و ئیسلامیدا لە نێو خوێندکارانەوە سەریان هەڵداوە. بێ هۆ نییە کە هەموو دیکتاتۆرەکان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاری دەترسن و بە هەر ئامراز و ئیمکاناتێکی سەرکوت، لە پۆلیس و زیندان و ئەشکەنجەگەرەوە بگرە تا مەلا و بانگخوازی ئایینی و فەتوای دینی، یەکسەر پەنا دەبەنەبەر سەرکوتکردن و خامۆشکردنی دەنگی مافخوازانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خوێندکاران.

ترسی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی چەپی خوێندکاریی خاوەن مەیلە بەهێزەکانی دژە خوڕافات، دژە دیکتاتۆرییەت و دژە سەرمایەداری، ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە. ئاخوندەکان و بەتایبەت خومەینی زۆر باش دەیانزانی کە گەشەسەندنی ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیستی لە زانکۆکان بەرەو ئەوە دەچێت کە کۆتایی بە چەندین سەدە بڵاوکردنەوەی خوڕافات، تەبلیغاتی کۆنەپەرستانە و  دزی و گەندەڵی ئەوان بێنێت. هەربۆیە، دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، بە خەرجکردنی هەزینەیەکی زۆر و کەڵک وەرگرتن لە ئەشکەنجەگەران و جەنایەتکاران و بیری کۆنەپەرستی، زۆرترین هەوڵ و ڕێوشوێنی تەبلیغاتی کۆنەپەرستانەی خۆیان لە دژی خوێندکاران و مامۆستایانی چەپ و پێشکەوتنخواز بە کردەوە دەرهێناوە. ئەوان بەم شێوەیە گورزی قورسیان لە کۆمەڵگا و خوێندکاران داوە، بەڵام سەرجەم کاریگەری کردەوه دژه ئینسانییەکانی ئەوان به تایبەت له بەفرانباری ٩٦ و ئابانی ٩٨ و دواتریش له ڕێگەی شۆڕشی ژیناوە ڕۆژ بەڕۆژ کەمتر بۆتەوە. ئێستا ئیتر بەرپرسانی داماوی ڕێژیم جگە لە سەرکوتکردن هیچ ئامرازێکی تریان بۆبەخەیاڵی خاوی خۆیانپێشگرتن لە دەور و نەخشی بەرچاو و کاریگەری بزووتنەوەی خوێندکاری بەدەستەوە نەماوە. بەڵام هەموو بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەشدا شکست دەهێنێت. چونکە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ساڵی ٧٨ بەملاوە وردە وردە پێگەی شایستەی پێشووی خۆی لە بزووتنەوەی چەپدا بەدەستهێناوەتەوە.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەدرێژایی چەندین ساڵ و بە تایبەت لەسەر بەستێنی شۆڕشی ژینا، چەندین ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانە و ڕێبەری کۆمۆنیست و ئازادیخوازی پەروەردە کردووە. هەر بەو هۆیەشەوە لە یازدە مانگی ڕابردوودا خوێندکارانی کوڕ و کچ توانیان بە دروشمی وەکسوێند بە خوێنی یارانتا کۆتایی دەوەستینهاوشانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی دادخوازان و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکانی تر، ڕۆڵی پڕبایەخ و شۆڕشگێڕانەی خۆیان بگێڕن. ئەم ڕۆڵە زەمینەیەکی بەهێزی هەیە بۆ گەشە و پەرەسەندن و لەم ڕۆژانەی سەروبەندی شۆڕشی ژینادا، هیچ چەشنە سەرکوتکردنێک ناتوانێت بەر بە پێشکەوتنی بگرێت