ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە چەند شارێک لەوانە کرماشان، ئەهواز، ڕەشت، شوشتەر، شووش، کەرخه و هەفت تەپە، کارمەندانی ئیدارەی موخابەراتی گوندەکانی سەر بە پارێزگاکانی خوزستان، لوڕستان و خۆراسانی ڕەزەوی هاتنە سەر شەقامەکان. هەروەها کەمئەندامانیش لە چەندین شار لەوانە ئەردەبیل، سنە، کرمان، بۆروجێرد و کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خانەنشینانی سەنعەتی فوولادی ئەلبورزیش دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. لە کاتێکدا هەموو هەفتەیەک ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە، بەشە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شارە جیاجیاکان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ گرنگییەک بە داواکارییەکانیان نادەن. بەڵام دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بێکار دانەنیشتوون و له بانگهێشتکردن و لێپرسینەوه و هەڕەشە لێکردنیان غافڵ نین. خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە بەشێک لە شارەکان لەوانە شووش، کەرخه و هەفت تەپە، و ئەهواز، پاش ماوەیەک ڕێپێوان لەناوشار لە گەرمای زیاتر لە ٥٠ پلەدا، لەبەردەم ئیدارەی هاوکاری و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە. ناڕازیان لەم کۆبوونەوە و ڕێپێوانانەدا کۆمەڵێک پلاکارد و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرز کردبۆوە.
بۆ نموونە دروشمی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە: داواکارییمان ئێستا، بژێوی ژیانە و دەوا، دەوڵەتی ورشکسته، دوژمنی بازنشستە، دەوڵەت خیانەت دەکات، مەجلیس پشتیوانی دەکات و دەوڵەت مایەپووچ بووە، شمشێری لەڕوو بەستووە.
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی پووڵێکی زۆری لە سندوقەکانی خانەنشینی قەرز کردووە و ئامادە نییە قەرزەکانی بداتەوە. ئەم ڕاستییە هەموو سندوقەکانی خانەنشینی خستووەتە بەردەم مەترسی مایەپووچ بوونەوە. بۆیە خانەنشینان نیگەرانن لەوەی کە تەنانەت پێدانی ئەو مووچە کەمەشیان بکەوێتە مەترسییەوە.
بزووتنەوەی خانەنشینان لەم ساڵانەی دواییدا یەکێک بووە لە بوارە دیارەکانی خەباتی مەدەنی و حزووری بەردەوام لەسەر شەقامەکان. گرنگترین داواکاری خانەنشینان بریتییە لە پرسی بژێوی ژیان و حەقدەستەکانیان. گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان توانایی کڕینی ئەوانی زۆر کەم کردووەتەوە و زۆربەیان چەندین پلە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. جگە لەوە تەنانەت ئەو حەقدەستە کەمەش لەکاتی خۆیدا نادرێت. خراپی بارودۆخی دەرمانی و دابیننەکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان، کرێنشینی و بێبەشبوون لە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، هۆکارەکانی تری ناڕەزایەتی خانەنشینانن. لە وڵامدانەوە بە وەها دۆخێکدایە کە خانەنشینان لەمێژە بوونەتە هێزێ سەرەکی ناڕەزایەتییەکان و حزووری بەردەوام لەسەر شەقامەکان. شۆڕشی ژینا ئومێد و تواناییەکی زیاتری بە بزووتنەوەی خانەنشینان بەخشیوە. ویست و داواکارییەکانی خانەنشینان داواکاری هەموو ئەو کەسانەیە کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
هەژاریی لەڕادەبەدەر خەڵکی بێزار کردووە، گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکان لەسەر سفرەی خەڵک نەماوە، نزیکەی بیست ملیۆن لە دانیشتوانی وڵات لە پەراوێزی شارە گەورەکاندا لە غیابی سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژێرخانی، لە شەڕێکی ڕانەگەیەندراودان لەگەڵ ڕێژیم و لەم حاڵەتەدا بۆچی دەبێ ئەم خەڵکەی کە دار و نەداریان بەفیڕۆ دەچێت، ئەو دۆخە دژوار و تاقەت پرووکێنە تەحەمول بکەن. بێ هۆ نییە خانەنشینەکان کە لە ئاستێکی ملیۆنیدا توانایی دابینکردنی هەزینەی ژیانیان نییە و بەشێکی بەرچاو لە هەژارترین چین و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەدوای رۆژی نرخی پێداویستییەکان و خراپتربوونی بارودۆخی ژیانیان هاواریان بەرزبووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنن کە لەبەرامبەر ئەو هەموو هێرش و دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر ژیان و بەڕێچوونیان و هەروەها لە کاتێکدا کە ڕژیم گوێی خۆی لە ئاست دەنگی ناڕەزایەتی ئەوان کەڕ کردووە، هیچ چارەیەکی تریان نییە جگە لە هاتنەسەر شەقام و پەرەپێدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان. خانەنشینەکان بەشێکن لە قوربانیانی دۆخی خراپی ئابووریی کۆمەڵگا و سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبڕاڵەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ویست و داواکارییە ڕەواکانیان، ئەوان بە تەجروبە دیتوویانە کە ڕژیم و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی، لەبری بەگژداچوونەوەی دز و گەندەڵکاران، هێرش دەکەنە سەر مامۆستایانی عەداڵەتخواز، خانەنشینان، کرێکاران، ژنان، پەراوێزنشینان، منداڵانی کار، و کۆڵبەران. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان مژدەبەخشی دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەیە لە خەبات و ناڕەزایەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بێگومان ڕێژیم بە هەموو سەرکوتگەرییە دڕندانەکانییەوە، بە زیندانیکردن و دەرکردنی حوکمی قورس لە دژی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و بەرگریکارەکانیان، لە دژی چالاکانی ژن و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و دەستبەسەرکردنی هەزاران کەس، ناتوانێت کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی ژینا.