بەناو دادگای، نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، ئەو ڕۆژنامەنووسە بوێرانەی کە ڕاپۆرتی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و بەخاک سپاردنەکەیان بڵاوکردەوە و چاوپێکەوتنی ڕاشکاوانە و لەقاودەریان لەگەڵ کەسوکارەکەی ئەنجامدا، لە ڕۆژەکانی سێهەم و چوارەمی مانگی گەلاوێژدا بەڕێوەچوو. محەممەد حسێن ئاجورلو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیی، هاوسەرەکەی واتە نیلوفەر، لە دانیشتنی بەناو دادگادا ڕایگەیاندووە، کە وەک ڕۆژنامەنووس “شانازی بە ئەدای خۆیەوە دەکات“. هەروەها “سەعید پارسایی“ش باسی لە خۆڕاگری و ورەی بەرزی هاوسەرەکەی واتە ئیلاهە محەممەدی کردووە. نیلوفەر لەکاتی بەرگریکردن لەخۆیدا ئاماژەی بە ئەزموونی ١٥ ساڵەی خۆی وەک ڕۆژنامەنووس کرد و وتی: لە ماوەی تەواوی ژیانی پیشەیی خۆمدا، جگە لەوەی کە زمانحاڵی خەڵک بم و هەنگاوێک بەرەو باشترکردنی ژیانیان بنێم، هیچ کارێکی ترم نەکردووە“. دۆستان و بنەماڵەی “نیلوفەر حامیدی” و “ئیلاهە محەممەدی” بەرلە دانیشتنی دووەمی دادگا بانگەوازێکیان لە فەزای مەجازیدا بەمەبەستی پشتیوانی لەم دوو هێمایەی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردەوە. ئازادیخوازان بە هەشتەگی “ئیلاهە_نیلوفەر” خوازیاری ئازادکردنیان بوون. ئەم هەشتەگە ژومارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی ناسراو و نەناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ کەوت و دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە بوو بە هەشتەگی گەرمی تویتەری فارسی. کۆمێنت و ڕادەربڕینەکان گەلێک بوون کە لێرەدا تەنها ئاماژە بە چەند کۆمێنتێکیان دەکرێت.
“ئێلناز محەممەدی” ڕۆژنامەنووس و خوشکی ئیلاهە محەممەدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “تۆ هەمیشە ئەم وێنەیە بوویت بۆ من، خۆڕاگر و خۆشەویست. چاوەڕێی ڕۆژی ئازادبوونتم. چاوەڕوانی ڕۆژی ئازادبوونی خوشکەکەی ترمان، نیلوفەریش.”، “ئارش سادقی“، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسیی ناسراو، ئەو دوو کەسەی بە ڕاستی وێژ ناوبرد و نووسیی؛ “رۆژنامەگەری پیشە نییە، باوەڕە بە دۆزینەوەی ڕاستی و هەر کەسێک بە چرای ڕاستییەوە بەدوای ڕۆشنگەریدا بگەڕێت، جێگە و پێگەی بەرزی خۆی لە کۆمەڵگەدا دەدۆزێتەوە“. بەکارهێنەرێکی تر ڕوو بەوان نووسیویەتی: “خەڵکی ئازادیخواز قەرزاری شەرافەت و پابەندبوونتان بە ئازادی و یەکسانی و ڕاستیی دەبن“. یەکێکی تر لە بەکارهێنەران دەڵێت؛ “ئێوە ئەو دوو کەسە بەتەنهایی بەڵگەیەکی ڕوونی ڕسوایی ئەم حکومەتەن“. “بەڵگەی دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ ژن، لەگەڵ ژیان، لەگەڵ ئازادی“. نیلوفەر حامیدی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان دوای بڵاوکردنەوەی وێنە و ڕاپۆرتی ژینا ئەمینی و بنەماڵەکەی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، دەستبەسەر کرا. ئیلاهە محەممەدیش دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناشتنی ژینا ئەمینی هێمای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە سەقز دەستبەسەر کرا. دادگای یەکەمی ئەو دوو کەسە لە پشت دەرگا داخراوەکان و بەبێ ئامادەبوونی کەسوکار و ئەندامانی بنەماڵەکەیان بەڕێوەچوو.
وەک پارێزەرانی ئەم دوو کەسە باسیان کردووە، تەنانەت دەرفەتی بەرگریکردن بە پارێزەرەکان نەدراوە. شەهاب میرلۆحی، پارێزەری ئیلاهە محەممەدی وتی: “ئێمە لەم پەروەندەیەدا کەموکوڕی فۆڕمیی جددیمان هەبوو؛ بە بۆچوونی ئێمە دادگای شۆڕش سەڵاحییەتی بەدواداچوونی ئەم پەروەندەیەی نییە و پێویستە دۆسیەکە لە دادگایەکی متمانە پێکراو و بە شێوەی ئاشکرا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت”. ناڕەزایەتی پارێزەران و کاردانەوە جیهانی و نێوخۆییەکان دەسەڵاتی دادوەری گەندەڵی ڕێژیمی ناچار کرد، دانیشتنی دووەمی بەناو دادگاییەکە بە ئاشکرا، ئەڵبەتە لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی فێڵبازانە و بەرتەسککەرەوە، بەڕێوە ببات.
ئێستا نیلوفەر و ئیلاهە ڕوخساری بزووتنەوەی “ژن_ژیان_ئازادی“ن، چەندین خەڵاتیان وەرگرتووە و ساڵی ڕابردووش وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ناسێنران. فەرناز داوەری فیلمێکی ئەم دوو پەیامنێرەی لە یاریگای ئازادی بڵاوکردەوە کە دروشم دەدەن : “یاریگای ئازادی چاوەڕێمان بمێنەوە” نیلوفەر ساڵی ٢٠٢٣ لە زینداندا خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەستهێنا. ناوبراو یەکەم کەس بوو کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١دا هەواڵی تەقەکردنی مەئموورێکی گەشتی ئیرشادی لە ژن و مێردێک لە پارکی پەردیسان لە تاران بڵاو کردەوە. ئەو بەشوێن دۆسیەی کوشتنی ڕۆمینا ئەشرەفی لە لایەن باوکییەوە بوو و هەروەها یەکێکە لەو یەکەم ڕۆژنامەنووسانەی کە لەڕێگەی وتووێژکردن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەری سپیدە ڕەشنۆ، بارودۆخی دۆسیەکەی ئاشکرا کرد. ئەو وێنەیەی دایک و باوکی ژینا ئەمینی کە نیلوفەر حامیدی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران بە مۆبایلەکەی خۆی گرتبووی، خەڵاتی وێنەی ١٤٠١ی بەدەستهێنا. ئەو بەر لە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، خەڵاتی ئینسافی بۆ ڕاپۆرتی “بەکاتی ئیرشاد” وەرگرتبوو.
ئیلاهە محەممەدیش چەندین ڕاپۆرتی له بارەی کوشتنی ژینا ئەمینییەوە بڵاو کردەوه. ئیلاهە ساڵانێکی زۆرە لە پێناو بەدەستهێنانی ڕاستییەکان بابەت و ڕاپۆرتی لەقاودەری جۆراوجۆری وەک: “دڵەڕاوکێی ئیرشاد” ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوە لەسەر دەرئەنجامە دەروونناسییەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە کردەوەکانی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی، گەشتی دووگیانی لە نەخۆشخانەکان و هەروەها “شەوی درێژخایەنی لێبوردن و لەسێدارەدان“. نووسیوە.
تایبەتمەندی سەردەمی شۆڕش ئەوەیە کە قارەمانانی ئیلهامبەخش دروست دەکات. نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی نموونەی ئەو قارەمانانەن. ئەوان دوو ڕۆژنامەنووسی مرۆڤدۆست و بوێرن کە لەناو قەفەزی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، ئەم هێمای دیلییەتی و زیندان و ئەشکەنجەیەدا، سروودی ئازادی دەڵێنەوە. ئەوان جێگای شانازین بۆ ئازادیخوازان و هەوێنی بەهێزکردنی تێکۆشەرانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“ن. زۆری پێناچێت کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ڕێگای ئازادبوونی ئەوان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی خۆشدەکات