به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ڕێكخراوی ته‌ئمیین ئیجتیماعی ئێران، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١ی گه‌لاوێژ ڕایگه‌یاند: له ساڵی ١٤٠١ دا زیاتر له ٧٠٠ كرێكار به‌هۆی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار تووشی ڕووداو بوون و گیانیان له ده‌ست داوه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ناوه‌نده ده‌وڵه‌تیه‌كان پێشتر ئاماری گیان له‌ده‌ستدانی كرێكارانیان ٧٠٠ بۆ ١٢٠٠ كه‌س ڕاگه‌یاندبوو به‌ڵام، “حسێن مۆشیری ته‌بریزی” له كۆبوونه‌وه‌ی ئیتحادییه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ته‌ئمیین ئیجتیماعی ڕێژه‌ی قوربانیانی ڕووداوی كار له ساڵی ڕابردووی ٧٠٠ كه‌س ڕاگه‌یاند و ئیدعای كرد كه پلانیان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو دا ئه‌و ڕێژه‌یه به سیفر بگه‌ینن. نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار، دابین نه‌كردنی بیمه و كه‌ره‌سته‌ی خۆپاراستن و ئیمكاناتی ڕیفاهی له‌لایه‌ن خاوه‌نكار، نه‌بوونی ئیمه‌نی پیشه‌یی، ساعه‌تی كاری درێژماوه و ماندوویی كرێكاران سه‌ره‌كی ترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماری قوربانیانی ڕووداوی كاره له ئێران.