رۆژی هەینی ڕابردو یۆنیسێف، سندوقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی هەژێنەر ڕایگەیاند کە ٢٨٩ منداڵ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕ بوون لە دەریای مەدیتەرانەوە بەرەو ئوروپا گیانیان لەدەست داوە، کە ئەم ژمارەیە دوو هێندەی ژمارەی تۆمارکراوی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وە.
” ویراکناوس” بەرپرسی کۆچ و کۆچبەرانی یونیسێف ڕایگەیاند کە ژمارەی ڕاستەقینەی مردنەکان زۆر لەم ئامارە زیاترە لەبەر ئەوەی زۆرێک لەو کەشتیانەی نوقم دەبن، کەسێکیان تێدا ڕزگار نابێت. ئەو وتی: ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کاتی تێپەڕ بوون بە دەریادا بۆ گەیشتن بە ئوروپا گیانی خۆیان لەدەست داوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردو دوو هیندە زیاتر بووە. ئەم ڕەقەمە بەرابەرە لەگەڵ ئەوەی لە هەر حەفتەیەکدا ١١ منداڵ و ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی لە سەردێڕی هەواڵەکاندا دەیانبیستین. لەسەر بنەمای ئامارەکانی کومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا نزیک بە یەک هەزار و ٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای مەدیتەرانەدا نوقم و ونبوون.
دەوڵەتانی ئوروپایی چەندین ساڵە بە میلیارد دۆلار دەکەنە گیرفانی دەسەڵاتداران لە تورکیە و باکوری ئافریقاوە تا بەر بە چوونی پەنابەران بەرەو ئەروپا، بە تایبەت ئوروپای ڕۆژئاوا، بگرن. هەرچی پەنابەری کەمتر لە سنورەکانی ئەو وڵاتانەوە تێپەڕ بێت پارەی زیاتریان دەدرێتێ. لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی کومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری نوقم بووان لە دەریای مەدیتەرانەدا هاتووە:” پارێزگاری نەکردن لە پەنابەران لە بەرانبەر شەپۆلەکانی دەریادا بە هیچ شێوەیەک تەسادوفی نییە، بەڵکو ئەم بارودۆخە لە ئاکامی بڕیاردانی دیاریکراوی سیاسی و هاوئاهەنگی لە نێوان لیبی، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئوروپا، ناوەندە دەوڵەتی و کەسایەتیە خاوەن نفوزەکانی تردا بەدیهاتەوە. هێزی دەریایی وڵاتانی ئوروپا، پێوەندیە بە پەلەکان لە بەلەمی پەنابەرانەوە وڵام نادەنەوە و بەر بە هەوڵی ڕزگاری دەرانەی ئیمدادگەران بۆ ڕزگار کردنی کۆچبەرانیش دەگرن.”
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتوە، یەکێتی ئوروپا نە تەنیا بەرنامەی ڕەسمی عەمەلیاتی گەڕان و ڕزگارکردنی ڕاگرت، بەڵکو هێندێک لە وڵاتانی ئەندام بەریان بە هەوڵی ڕیکخراوەکانی فرۆڤ دۆست گرت بۆ ڕزگار کردنی پەنابەران. ئەوان کەشتیەکانی ئەو ئیمدادگەرانەیان ڕاگرتوە و ئەوانیان خستۆتە ژێر گوشاری بەدوادا چوونی قەزاییەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە گەلێک حاڵەت دەبیندرێن کە هێلیکوپتێرەکانی یەکێتی ئوروپا بە فڕین بەسەر قایقی پەنابەراندا هەوڵ ئەدەن ئەوان بەرەو کەناراوەکانی لیبی بگێڕنەوە. بەلەمە گەشتیەکانی لیبی بەرەوڕووی ئەوان تەقە دەکەن. بەم جۆرە بارودۆخێک بەدی دێت کە ئەم ڕاپۆرتە ناوی لێناوە” تڕاژیدی ئینسانی لە ئاستێکی بەریندا“.” میشیل باچلە“، کومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێ تڕاژیدی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەکرێ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەر بە مردن لە دەریای مەدیتەرانەدا بگیرێت، بەڵام بە زۆری خۆ لەم کارە دەپارێزرێت و بەبەر چاوی مەئمورەکانەوە، ئەو ئینسانانەی کە پێویستییان بە یارمەتیدان هەیە، نوقم دەبن.
یەکێتی ئوروپا بەپێی قەراردادێکی تەوافوق لەسەر کراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی ڕزگارکردنی پەنابەران بەرتەسک بکاتەوە. سیاسەتمەدارانی خزمەتگوزاری خاوەنانی سەرمایەی ئوروپای ناوەندی لە ڕابردودا بە تاڵان کردنی سەروەتی سروشتی و چەوساندنەوەی بێ ڕەحمانەی هێز ئینسانی، داسەپاندنی ئیستبداد، هەڵگیرساندنی شەڕ و وێران کردنی سروشت و ژینگە و دانی بە میلیارد دۆلار بەو وڵاتانەی کە لە مەسیری تێپەڕ بوونی پەنابەراندان بەرەو ئوروپا، دەوری ڕاستەوخۆیان هەیە لە کوشتاری پەنابەراندا. ئەوان سنورەکانیان دادەخەن، بوجە عەمەلیاتی ڕزگار کردنی دەریایی دەبڕن، بەم دەلیلەی کە ئەم خزمەتگوزاریانە دەبێتە هاندەری کۆچبەری زیاتر. لە دژی ئینسانی و جەنایەتکارانە بوونی ئەم سیاسەت و دەلیلەدا هیچ گومانێک نییە. ناوگانی دەریایی و ئاسمانی ئوروپای تەیار بە پێشکەوتو ترین تێکنولۆژی سەردەم، توانایی کۆنتڕۆڵ کردنی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانەی هەیە. ئەوان دەتوانن هەموو بەلەمێک لە شوێنی حەرەکەتیەوە تا دەگاتە شوێنی مەبەست چاودێری بکەن و بەر لەوەی کە ئەم بەلەمانە بەرەوڕووی مەترسی نوقم بوون ببنەوە، بچن بە هانایانەوە. بەڵام ئەوان ئاگاهانە ئەم تواناییانە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەنابەران بەکار ناهێنن. ئەوەی کە لەمڕۆدا دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئوروپادا سەبارەت بە پەنابەران ئەنجامی ئەدەن، بەڵگەی بەرچاو و هاوتای جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتیە.