کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخێزی خەڵکی مهاباد دژبە کۆماری ئیسلامی، قاتڵی پەیمان گەڵوانی لەژێر ئەشکەنجەدا

63958252 804

  بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتون خەڵکی مهاباد، سەرەڕای فەزای توندی ئەمنیەتی لەم شارە لە ئاستێکی بەریندا بەشدارییان لە مەڕاسمی ناشتنی پەیمان گەڵوانیدا کرد و دروشمی دژی حکومەتیان وتەوە. پەیمان گەڵوانی ١٤ ڕۆژ لەوەپێش گیرا و لەژێرئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتیەکاندالە زیندانی ورمێ گیانی لەدەستدا. ئەو ٢٤ ساڵ تەمەنی بوو. پەیمان رۆژی ٤ ی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لە مهاباد بەتوندوتیژیدەستبەسەر کرا و بەرەو گرتوخانەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و رۆژی ١٨ ی پوشپەڕ لە ئاکامی ئەشکەنجە ی وەحشیانەی جەنایەتکاراندا گیانی سپارد. دلیل و هۆکار تاشینی بە ئاشکرای کاربەدەستانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساوی مەرگی ئەو لاوە تێکۆشەرە وەک هەمیشە قین و توڕەیی خەڵکی تێکۆشەر و بنەماڵەی پەیمانی لەم حکومەتی ئەشکەنجە و ئێعدامە زیاتر کرد.

ئەم قین و توڕەییە لە دوو دەرفەتدا خۆی نیشاندا. سەرەتا مەئمورەکان بە دەستوری ئامرانی شکەنجە لە دانەوەی پەیگەری پەیمان خۆیان بوارد. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی جەنایەتەکە و خۆبواردنی مەئمورەکان لە تەسلیم کردنەوەی پەیکەری پەیمان بە بنەماڵەکەی، لە شاردا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، کە بەردەوام بە ژمارەیانەوە زیاد دەبوو، لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم مردوشۆرخانە ئامادە بوون. ئەوان و ئەندامانی بنەماڵە توڕە و داغدارەکەی هەموو هەڕەشەکانی مەئمورانی ڕژیمیان بە گەڵتە گرت و ناچاریان کردن تا پەیکەری ڕۆڵە خۆڕاگرەکەیان بدەنەوە. قاتڵەکان هۆکاری کۆنە و باوی نەخۆش بوونی پەیمانیان وەک هۆکاری سەرەکی مەرگی ڕاگەیاند. بەڵام خوشکەکەی کە ٢٠ دەقیقە براکەی لە ئاخرین ساتەکانی ژیانیدا لە نەخۆشخانە بینی بوو باسی لە بوونی ئاسەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستەی ئەوەوە کرد، و باسیشی لە ورەی بەرزی ئەو کردوە. پەیمان لە ئاخرین ساتەکانی ژیانیدا بۆ هاوسەرەکەی، کە ٧ مانگ لەوە پێش بەیەکەوە هاوسەرگیریان کردبوو، پەیامی نارد بوو کە نیگەران نەبێت و ئەو دەگەڕێتەوە،لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی گەندەڵی قەزایی شار لەسەر پەیوەند دانی مەرگی پەیمان بە نەخۆشیەوە پێداگرییان دەکرد. ئەندامانی بنەماڵەکەی بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە ڕۆڵەکەیان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ساخ و سڵامەت بووە و لە ئاکامی ئەشکەنجەی وەحشیانەدا گیانی بەخت کردوە. ئەوان بەم جۆرە مستێکی توندیان لە دەمی کاربەدەستانی ڕژیم سرەواند و لە ناشتنی ڕۆڵەکەیان لە بێندەنگیدا خۆیان پاراست.

پەیکەری پەیمان گەڵوانی ڕۆژی ١٩ ی مانگی پوشپەڕ بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تێکۆشەری مهاباد و لە نێو دروشم و ڕادەربڕینی سیاسی و ڕادیکاڵدا لە ئارامستانی بوداق سوڵتانی شار ئەسپەردەی خاک کرا. تێکۆشەران لە هەمان شەودا لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ڕێکخست و دژبە کولیەتی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.

زیندوو یاد پەیمان گەڵوانی دووهەمین کەس بوو کە لەم حەفتەی دواییدا بە هۆیشکەنجەوە لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گیانی لە دەستداوە. موسا ئیسماعیلی یش رۆژی ١٧ ی مانگی پوشپەڕ بە هۆی ئەشکەنجەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گیانی سپارد. ئەویش وەک پەیمان بە تاوانیهاوکاری و ئەندام بوون لە حیزبێکی نەیاری کۆماری ئیسلامیدا گیرا و دوای ٦٢ ڕۆژ ئەشکەنجە گیانی بەخت کرد. لەگەڵ ئەوەی کە مەئمورەکان بەڕێوەچوونی هەموو جۆرە مەڕاسم و یادکدنەوەیەکیان بۆ موسا ئیسماعیلی قەدەغە کردبوو، بەڵام بنەماڵەکەی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی پەسوێ مەڕاسمیان بۆ بەڕێوەبرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکیش بەشدارییان تێدا کرد.

موسا ئیسماعیلی خەڵکی ئاوایی پەسوێ ی سەربە شاری پیرانشار تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵی ٦ ساڵە و ٦ مانگە بوو. ئەو تا بەر لە گیرانی لەگەڵ باوکی خەریکی کاری کەشاوەرزی بوو.

زیندان و ئەشکەنجە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شکڵ گرتنی کۆماری ئیسلامی و یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەیەتی. گیانبەختکردنی زیندانی سیاسی لەژێر شکەنجەدا لە زیندانەکانی ئەم ڕژیمەدا پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە. بەڵام دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی خرمانانی ١٤٠١، واتە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، ناوی زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ بە ڕێسوایی و وەحشیگەری زیاترەوە کەوتۆتە سەر زمانان.

ئەوەی کە لەمڕۆدا لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەیبینین باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بۆ ماوەیەک دەکرێ بەسەرنێزە حکومەت بکەیت بەڵام ناتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر دەسەڵات بمێنیتەوە. گیانبەخت کردنی زیندانیانی سیاسی، وەک پەیمان گەڵوانی و موسا ئیسماعیلی لە ژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە لە زیندانی ورمێ نیشانەی ئاشکرای خۆڕاگری ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی خەڵکە لەبەرانبەر ئەشکەنجە وەحشیانەکانی ڕژیمی ڕوو لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامیدا.