لە گەرماوگەرمی توندبوونەوەی کرداری وەحشیانەی سەران، دامەدەزگا و هێزی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی دژبە بزوتنەوە تێکۆشەرە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەت بزوتنەوەی ژنان و دژبە حیجابی ئیجباری، هانا کامکار و مەهدیە محەممەد خانی، دوو گۆرانی بێژی جێی ڕێز، لەم ڕۆژانەی دواییدا بە پۆشینی ئیختیاریەوە بەرنامەیان بەڕێوەبردوە. زۆرێک لە هونەرمەندان لە هەمان ڕۆژەکانی سەرەتای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی” ژن، ژیان، ئازادی“یەوە بە ڕێزی لاوان و خەڵکی ڕاپەڕیو پەویوەست بوون. لەم نێوانەدا هونەرمەندان و سیما ناسراوەکانی ژن بە دەرکەوتن بە پۆشینی ئازادەوە لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە گشتیەکان و لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوانی شۆڕش درەوشانەتەوە. لەوێوە کە کۆمەڵگای هونەری تێکۆشەر و خۆڕاگر خاوەنی بەریناییەکی فراوانە لەم نووسراوە کورتەدا تەنیا ئاوڕێک لە هونەرمەندانی چالاکی ژن لە سینەکاندا ئەدرێتەوە.
سینەما هونەرێکی چەند لایەنە و جەماوەرییە و دەست ئەندەرکارانی سەر سەحنەکانی و بە تایبەت بازیگەران شۆرەت و پێگەیەکی گرنگ لەنێو چین و توێژێکی بەرینی کۆمەڵدا بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن. گوروپێک لە سینەما کارانی ئێرانی – بەتایبەت ژنان –لە ماوەی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” دا لەپاڵ خەڵکێکدا بوون کە دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی لە گرتوخانەی گەشتی ئیڕشاد بەرینترین بزوتنەوەی دژی حکومەتی مێژووی کۆماری ئیسلامیان تۆمار کرد.
فاتمە موعتەمد ئاریا، بازیگەری ناودار لە ساڵی ١٤٠١ لە مەڕاسمی ڕێزگرتن لە ئەمین تارخ بەبێ سەرپۆش دەرکەوتبوو. کەتایون ڕیاحی، هەنگامە قازیانی، تەرانە عەلیدوستی و سوهەیلا گوڵستانیش هەر ئەو کارەیان کرد و لەبەرانبەر کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیمدا خۆڕاگرییەکی جێی ڕیزیان لە خۆیان نیشاندا. کەتایون ڕیاحی لە زومڕەی یەکەم ژنانی سینەماکاری ئێران بوو کە دوای دەستپێکی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان، حیجابیان لابرد و ماوەیەک لە گرتوخانەدا مانەوە. تەرانە عەلیدوستی لە زومڕەی یەکەم ئەکتەرە ناسراوەکانی سینەمای ئێران بەهۆی بڵاو کردنەوەی وێنەی بێ سەرپۆشی خۆی لەگەڵ دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، داکۆکی ئازایانەی لە شۆڕش و مەحکوم کردنی بە ئاشکرای ئێعدام کرانی لاوی گیانبەختکردوی شۆڕش موحسین شکاری بانگکرا بۆ دادسەرای ئەوین و دواتر ڕۆژی ٢٦ ی مانگی سەرماوەز دەستبەسەر کران. ئەم دەستبەسەر کردنە گەلێک کاردانەوەی بەرینی نێوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا. لەوانە جێژنوارەی فیلمی کێن لە فەڕانسە بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک دەستبەسەر کرانی ئەویان مەحکوم کرد. لە ئێرانیش چەندین سینەما کاری ناسراوی وەک ڕەخشان بەنی ئێعتماد ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ ی مانگی سەرماوەز بۆ پشتیوانی لەو لەبەردەم زیندانی ئەوین کۆبوونەوە. ڕۆژی ئازاد بوونی خانمی عەلیدوستی، واتە ڕۆژی ١٤ ی مانگی بەفرانباری ١٤٠١ یش کۆمەڵێک لە سینەماکاران لەبەردەم زیندانی ئەوین چوون بەرەو پێشوازی.
درێژەی خۆڕاگری سینەماکاران سەرانی ڕژیمی وادار کرد تا ئاستی گوشارە قەزایی و کۆمەڵایەتیەکانیان بەرنە سەرەوە. تەشکیلی پەروەندەی قەزایی بۆ ئەو ئەکتەرە ژنانەی کە بەبێ پۆشینی ئیجباری لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتیەکاندا دەردەکەون، دانی مافی تایبەتی چاودێری بەسەر بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکانی شەبەکەی خانەگی بە سازمانی گەندەڵی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی، ناردنی نامەی هەڕەشە ئامێزی سازمانی سینەمایی بۆ بەرهەمهێنەرانی سینەمای ئێران بۆ هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی کە بەهۆی ڕەچاو نەکردنی حیجابی ئیجباری تاوانی” هەنجار شکێنی“یان دراوەتە پاڵ، چەند نمونەیەک لەم کردارە هاوئاهەنگانەیە. بەڵام بەدەنەی سینەمای ئێران و سیما ناسراوەکانی بە خۆبواردن لە بەشداری کردن لە چل و یەکەمین دەورەی جێژنوارەی فیلمی فەجر و زیاتر ئامادە بوونی بازیگەرانی ژن بە پۆشینی ئازادەوە لە کۆبوونەوە گشتیەکاندا سەبارەت بە بەرز بوونەوەی ئاستی گوشارە وەحشیانەکانی ڕژیم کاردانەوەیان نیشاندا. یەکێک لە بازیگەرانی ژن هۆکاری ئەم خۆڕاگرییە بوێرانەیەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:
” ئەم ڕەوەندە لە درێژەی سیاسەتی کۆنتڕۆڵ گەری ٤٥ ساڵەی حکومەتی ئیسلامیدا و بابەتێکی بە تەواوەتی جەمعییە. ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگای هونەرمەندان لە بەرانبەر ئەم کرداری زۆر و هەڕەشە و بە ڕەعیەت زانینی ناوەندە حکومەتیەکاندا بە لێبڕاوی ڕانەوەستێت، نەتەنیا کارایی خۆی لەنێو خەڵکدا لە دەست ئەدات بەڵکو بەرەو مەرگی بە شێنەییش دەچێت، دیارە دەبێ بە دڵنیاییەوە بڵێین، خۆی قەرزداری شۆڕشی ژنانەی ژیناش دەکات“.
شۆڕشی ژینا لە قوڵایی و لە پانتاییدا خەریکی پەرە ئەستاندنە. هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی ئەم شۆڕشە گەورەیە، کە سەرانی ڕژیم و کەسانی سەربەوانی شپرزە و هەراسان کردوە، بەردەوام بوارە کۆمەڵایەتیەکانی خەبات و خۆڕاگری هونەرمەندەکانی بووە کە بەش بەحاڵی خۆیان هەوڵیانداوە تا مەشعەلەکانی شۆڕش سەرلەنوێ لە شەقامەکان و لە بارودۆخی نوێدا و بە ڕیزی ملیۆنی و لێک هەڵپێکراوەوە بڵێسەدار بکەنەوە.