به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆرەوە ئاگادار بووین كه هاوڕێ مه‌حموود كه‌یوان، كادری لێهاتوو و دڵسۆزی كۆمه‌ڵه و سیمای ناسراو و خۆشه‌ویستی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٧ی فێورییه‌ی ٢٠٢٣، پاش ماوه‌یه‌ك گیرۆدەبوون به نه‌خۆشی سه‌ره‌تان، له یه‌كێك له نەخۆشخانەکانی شاری ستوكهۆڵم له وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی له ژیان كرد. هاوڕێ مه‌حموود كه‌یوان ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی له شاری سه‌قز له دایك بوو و تا تەواوکردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی هه‌ر له‌و شاره ژیا. پاش تەواوکردنی دەورەی سەربازی لە شاری تاران، گەڕایەوە شاری سەقز و لەوێ کتێب فرۆشیێکی دامەزراند. دواتر بووبه مامۆستای قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌كان له گوندەکانی ده‌وروبه‌ری شاری سه‌قز. هەر لەوسەردەمەدا ڕوانگای سیاسی و شوڕشگڕانە لە لای هاوڕێ مەحموود سەری هەڵدا و ئەوی کرد به بەرهەڵستکارێکی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە. هاوڕێ مه‌حموود له هاوڕێیانی نزیك و جێگا متمانه‌ی كاك حه‌مه حسینی كه‌ریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بوو. ئەو هاوڕێیەتییە بوو به سەرەتایەک بۆ کار و هەڵسووڕانی ڕێکخراوتری سیاسی و گەشەسەندنی گوتاری چەپ لای هاورێ مەحموود کەیوان. هەر لەم سەردەمەدا هاوڕێ مەحموود بوو به تێكۆشهرێکی دیاری دژی ڕژیمی پادشایەتی کە دواتر لە ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی له شاری سه‌قز ده‌وری ڕابەرێکی لێ هاتووی لە خۆی نواند. پاش ڕووخاندنی دەسەڵاتی پادشایەتی هاوڕێ مەحموود دەورێکی سەرەکی له دامه‌زراندنی “جه‌معیه‌تی دیفاع له ئازادی” له شاری سه‌قز گێرا.
پاش بڕیاری جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان و دەست پێ کردنی بەرەنگاری چەکدارانەی جەماوەری، هاوڕێ مەحموود چەکی لە شانکرد و له یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه له شه‌ڕی ٣ مانگه‌ی ئەوەڵی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بوو. هاوکات هاوڕێ مه‌حموود بوو به یه‌كێك له باشترین و لێهاتووترین موبهلێغینی سیاسی ناو جەماوەری خەڵک و یەکێک لە باشترین وتەبێژانی ڕێبازی سوسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی له ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه. بەم شێوەیە هاوڕێ مه‌حموود بوو به یەکێک لە دیارترین پێشمه‌رگه و به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه له ناوچه‌ی سه‌قز و دواتر کەسایەتی ناسراو له ئۆرگانه‌كانی نزیک لە ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، لەوانە ئەندامی کۆمیسیونی کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵە. هەروەها هاوڕێ مەحموود ماوەیەک لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو و بەرپرسایەتی بنەماڵەی پێشمەرگە و لاینگەرانی کۆمەڵەی لەو شارە و کار و چالاکی سیاسی لە گەڵیان گرتە ئەستۆ. هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی پتەوی لە گەڵ زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و چەپ لە شاری سلێمانی و باشووری کوردستان پێک هێنا. لە ڕاپەرینی دژ بە دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ١٩٩٠ چالاکانە بەشداری کرد و ئەزموونی ڕاپەرینی ١٩٧٩ ئێرانی بۆ تێکۆشەرانی ئەو ڕاپەرینە گواستەوە.
هاوڕێ مه‌حموود كه‌یوان ساڵی ١٩٩٠ وەک پەنابەری سیاسی چووه وڵاتی سوئێد و تا کۆتایی ژیانی لەو وڵاتە مایەوە. هاورێ مه‌حموود له وڵاتی سوئێدیش وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی و تێكۆشه‌ری ڕێبازی سۆسیالیسم درێژه‌ی به خه‌بات دا. به داخه‌وه لەم ساڵانەی دووایی دا هاوڕێ مه‌حموود تووشی نەخۆشی سه‌ره‌تان هات کە زۆرێک لە هێزوو توانی لێ ئەستاند. بەم حاڵەشەوە هاوڕێ مه‌حموود ورەی خەباتی لاواز نەبوو و به‌رده‌وام هەوڵی دەدا به پێی توانا ئاگاداری ڕووداوه سیاسییه‌كان، چاره‌نووسی كۆمه‌ڵه و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه له كوردستان، ئێران و ناوچه‌كه بێت. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دڵخۆشیێکی زۆری بە هاوڕێ مەحموود دابوو تا کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و ستەملێکراو ڕزگاریان بێت و ئاواتەکانیان بێتە دی. هەربۆیه هاوڕێ مه‌حموود تا دواكاته‌كانی ژیانی له هیچ یارمه‌تییه‌كی ماددی و مهعنههوی به كۆمه‌ڵه و ڕێبازی سۆسیالیستی كه خۆی یه‌كێك له وه‌فادار ترین و په‌یگیرترین تێكۆشه‌رانی بوو، درێغی نه‌كرد.
گومان لەوەدا نییە که به مه‌رگی هاوڕێ مه‌حموود كه‌یوان كۆمه‌ڵه و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی قاره‌مانی شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ر، یه‌كێك له باشترین و وه‌فادارترین ڕابه‌ران و دڵسۆزانی خۆیان له ده‌ستدا.
ئێمە وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی هاوڕێ مەحموود کەیوان و بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی، درێژە بەو رێبازە دەدەین کە هاوڕێ مەحموود دڵسۆزانە خەباتی بۆ کرد.
لەلایەین ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەرەخۆشی دەکەین لە سەرجەم بنەماڵەی ئەم ئازیزە و خۆمان بە شەریکی غەمیان دەزانین. هەروەها سەرەخۆشی دەکەین لە هەموو هاوڕێیانی کاک مەحموود و خەڵکی تێکۆشەری شاری سەقز.
بەرز و بەرێز بێت یادی هاورێ مەحموود کەیوان!
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٤ی فورییەی ٢٠٢٣