ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا دەچین بەپیر ٨ ی ماڕس رۆژی جیهانی ژنەوە کە لە ئێران شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” لە ئارادایە و فەزای گشتی دنیاشی خستۆتە ژێر گاریگەری خۆیەوە. ٨ ی ماڕسی ئەمساڵ بەرابەرە لەگەڵ ١٨ ی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ ی هەتاوی، لەم ڕۆژەدا نزیک بە ٦ مانگ بەسەر شۆڕشی” ژینا”دا تێدەپەڕیت، شۆڕشێک بە کاریگەریەکی قوڵی سیاسی، کۆماڵایەتی و خەباتکارانە لە نێوخۆی ئێڕان و لە ئاستی دنیادا. ئەم شۆڕشە نە تەنیا کۆمەڵگای ئێران، بەڵکو دنیاشی گرتۆتەوە و بەم ئیعتیبارەوە پشتیوانی جیهانی ڕای گشتی پێشکەوتن خواز، بەرابەری تەڵەب و ئینسان دۆستی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە و کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی دەژی ژن داوەتەبەر گورزی نفرەت و بێزاری و لە لایەن خەڵکی دنیاوە پەڕاوێز خراوە. ئەم شۆڕشە جارێکی تر ژنی گەیاندۆتە ئاستی مێحوەر بوون کۆمەڵگا و سیاسەتدا و نیشانی داوە کە ژن نەتەنیا” سیغە و ڕەگەزی دووهەم” نییە، بەڵکو بەتوانا، بوێر، فیداکار و زیاترین شایستەگی بەڕێوەبردنی دنیای دوور لە شەڕ، کوشتار و پڕ لە ئاشتی، مرۆڤ دۆستی و موحیبەتی هەیە. ئەم شۆڕشە” تەنانەت سیاسەت داڕێژەران و سیاسەتمەدارانی” ڕاست” ی کۆمەڵگای لە ئاستی دنیادا یان وادار بە بێدەنگی لەبەرانبەریاندا، یان وادار بە پشتیوانی زارەکی و دەغەڵکارانە کردوە. شۆڕشی ژینا، لە نێوخۆی ئێرانیشدا کاریگەری قوڵی لەسەر بەشەکانی خوارەوە و بێ بەشی کۆمەڵ لە ئاستێکی بەرین و سەرتاسەریدا هەبووە. هێزی بزوێنەر و پاڵنەری شۆڕشی ئێستا، ژنان و لاوانێکی پڕشور و بوێرن کە بە هیچ شتێک بێجگە لە ڕوخانی فاشیزمی مەزهەبی زاڵ بەسەر ئێراندا ڕازی نابن. ئەم شۆڕشە توێژەکانی بۆرژوازی ئێران، چ لە حکومەتی پێشو چ لە دەسەڵاتی ئێستادا، و چ لە پڕاوێزی ئەواندا لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەڵام تێر لە سفرەی ڕەنگینی چەوساندنەوەی کرێکاران و ستەمدیتوانی ئێرانی بە ئاشکرا خستۆتە بەرانبەریەوە، یان وادار بە پشتیوانیەکی شەرمنانە لێی کردوە. لە سەڵتەنەت تەڵەبە ڕوخاوەکان لە ڕاپەڕینی ١٣٥٧ وە، بیگەرە تا بەرەی” ئیسلاح خوازانی حکومەتی”، کەوتونەتە خۆ تا لە ترس و وەحشەت لەم شۆڕشە، کەشتی نوقم بوو لە تۆفانی کۆماری ئیسلامیدا بە هیدایەتی خۆیان و پشتیوانی ئیمپڕیالیستەکان بگەیەننە کەنارێکی ئەمن. بەڵام لە بەرەی شۆڕشدا و بە تایبەت لەنێوخۆی وڵات، لەسەر شەقام و لە گۆڕەپانی کردەوە و روبەڕوو بوونەوەی ڕۆژانەدا، نە بۆنێک لە سازش و نە دەنگێکی تەسلیم بوون لە بەرانبەر قاتڵان و بکوژانی ٤٣ ساڵی ڕابردوی خەڵکی ئێراندا، نابیندرێت. لە شۆڕشی” ژینا”دا گەلێک جەستە فیداکارانە پەڕ پەڕ دەبن، بەڵام بەچۆکدا نایەن.
٨ ی ماڕسی ئەمساڵ ڕۆژێکە کە دوای ٤٤ ساڵ جارێکی تر بزوتنەوەی یەکسانی خوازانەی ژنان و پیاوانی ئازادی خواز بە ٨ ی ماڕسی ساڵی ١٣٥٧ ی دوای ڕوخانی ئیستبدادی سەڵتەنەتی بە ئامادە بوونی بەرینی ملیۆنی ژنان لەسەر شەقامەکانی ئێران و لەوانە ٤٠٠ هەزار کەسی بەشدار لە ڕۆژی جیهانی ژن لە تاران دەبەستێتەوە. لەم ڕۆژەدا وەحشەتی دژی شۆڕشی ئیسلامی لە بزوتنەوەی ژنان گەیشتە لوتکە.” خومەینی” وەک بونیادنەر و ڕێبەری سیاسی مەزهەبی نیزامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی ئیسلامی، ترسی خۆی لە بزوتنەوەی ژنان نە شاردەوە و دەستوری سەرکوت کردنی ژنان، شاردنەوەیان لەژێر حیجاب و پۆشینی ئیسلامیدا، کە ئامرازی سەرکوت و سوکایەتی و بێ مافی ژنە، بە پشت بەستن بە یاسا و ڕێسای دینی دەرکرد. ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی وەک نمونەی بەرچاوی حکومەتی دینی پشتیوانی نیزامی چینایەتی سەرمایەداری، لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمەوە یەکێک لە پایە سەرکیەکانی پایەداریی خۆی لەسەر زەوت کردنی مافە ئینسانیەکانی ژنان دامەزراند. ئەم ڕژیمە وەک نوێنەری بەڕبەڕیەتی نیزامی سەرمایەداری دو باسکی مەزهەب و پیاوسالاری بە هەموو هێزەوە لەدژی ژنان بەکارهێنا. بێ بەزەییانە ترین شێوازی توندتیژی و سوکایەتی لە دژی ژنان لە ڕژیمی ئیسلامیدا بوونە قانونی. منداڵ هاوسەری، پەرەدان بە لەشفرۆسی لەژێر ناوی سیغە، لێخۆش بوونی یاسایی سەبارەت بە کوشتنی ژنان بە بیانوی ناموسی، بێبەش کردنی ژنان لە مافی سەرپەرستی کردنی منداڵ، زەوت کرانی مافی دادوەری و قەزاوەت لە ژنان، زەوت کرانی مافی سەفەر کردن بەبێ ئیجازەی پیاوان، بە یاسایی بوونی مافی دوو ژن لەبەرانبەر یەک پیاودا، تەنیا بەشێک لە یاساکانی دەژی ژنن لە ڕژیمی ئیسلامیدا. بەڵام بە بەرینایی ئاستی وەحشیگەری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دژبە ژنان، خۆراگری و نەبەردی ژنان لە کۆمەڵدا، لە شوێنی کار و بنەماڵە، یەکێک لە سیفاتی درەوشاوەی خەباتی شۆڕشگێرانەی ئەم ٤ دەیەی دوایی ژنانی ئێران بووە. خەباتێک کە لەمرۆدا ئاڵاهەڵگری شۆڕشی نوێی” ژن، ژیان، ئازادی” نە تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە ناوچەکە و دنیادا و مژدەبەخشی داهاتویەکی درەوساوەیە بۆ سەرجەم بەشەریەت.
٨ ی ماڕسی ٢٠٢٣ بە پشت بەستن بە شۆڕشی” ژینا” و کاریگەریە جیهانیەکانی، دتوانێ ڕۆژی توشی کێشە و ئاستەنگ کردنی ئاپاڕتاید و نایەکسانی جنسیەتی لە سەرتاسەری دنیادا بێت. و ورەبەخشی ژنانی دەرگیر لە شۆڕشی ئێران، لە ئەفغانستانی گیرۆدەی دەستی تالیبان، لە ئۆکڕاینی دەرگیری شەڕی دوو بەرەی کۆنەپەرستی سەرمایەداری ئیمپڕیالیستی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و کیشوەری ئافریقای پڕ لە فەرهەنگی مەزهەبی، پیاوسالاری و دژی ژن، لە سەرتاسەری دنیادا، بێت. پیاوانی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب، دەتوانن و پێوسیتە دەست لەنێو دەستی یەک لەدژی فەرهەنگ و یاسای دژی ژن و پیاوسالار، لەدژی شەڕ و بونیادگەرایی مەزهەبی، لەدژی ئاپاڕتایدی جنسیەتی، بۆ دیفاع لە شۆڕشی ئێران تا گەیشتن بە مافەکانیان درێژە بە خەباتێکی شێلگیرانە بدەن.
لە ٨ی ماڕسی ئەمساڵ رۆژی جیهانی ژندا، پێویستە کە خیابان و مەیدانی شارەکان لە دنیا و لەژێر کاریگەری ئەم شۆڕشەی ئێستادا لە ئێران ڕەنگ و بۆنێکی تر بەخۆیانەوە بگرن. لەم ڕۆژەدا پێویستە ئەڕتەشی ملیۆنی ژنان و پیاوانی کرێکار، ئینسانە ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەبەکان، کۆمونیست و سۆسیالیستەکان بە ئامادە بوون و ڕۆیشتن لە ڕیزی یەکگرتودا، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی نیزامی پڕ لە هەڵاواردنی سەرمایەداری و لە سەرویانەوە شەڕی کۆنەپەرستانە و ئیمپڕیالیستی لە ئۆکڕاین، کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعی و ماف خواز لە ئێران بانگەواز بکەن و مژدەدەری دنیایەکی دوور لە شەڕ و کوشتار، ستەم و سەرکوت، دنیای سۆسیالیزم کە ڕزگاری ژن تێیدا یەکێک لە پێش مەرجەکانی ڕزگار بوونی گۆمەڵگایە، بن.
کۆمەڵە وێڕای پیرۆزبایی کردن و ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی ژن، بانگەواز لە گشت ژنان و پیاوانی وشیار و یەکسانی خواز دەکات لە ڕۆژی ٨ ی ماڕسی ئەمساڵدا، بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکان لەدژی ستەم و سەرکوت، لەدژی زیندان و کوشتاری ژنان و لاوان و لەدژی سیاستە دژی ئینسانیەکانی کۆماری ئیسلامی و روخاندنی شۆڕشگێڕانەی، لە کوردستان و ئێران شێلگیرانە بێنەمەیدانی تێکۆشان.
پیرۆز بێت ٨ ی ماڕس رۆژی جیهانی ژن
بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕەشەمەی ١٤٠١
فیوریەی ٢٠٢٣