بەرپرسانی پارێزگاکانی ئامەد و وان ڕایانگەیاند، چوار سەرۆک شارەوانی دیکەی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و کارمەندی حکومەتی لە جێگەکانیان دانرا.
ئەو بەرپرسانە بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی ڕهزبهر، سەرۆک شارەوانییەکانی “کایاپینار، بیمیل و کۆجاکۆی” لە پارێزگای ئامەد و سەرۆک شارەوانی ئیرجیس” لە پارێزگای وان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و قەیوم بۆ شوێنگرەوەیان دیاریکراوە. ئاماژەش بەوەکراوە، ئەو چوار سەرۆک شارەوانییە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیرکراون. لەلایەکی دیکەوە پارتی هەدەپە ڕایگەیاندووە، تا ئێستا شەش كهس لە کاندیدەکانیان کە سەرکەوتووبوون بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانییەکان، ڕێگەیان پێنەدراوە لە پۆستەکاندا دەستبەکاربن، و بە بڕیاری ئیداری لە کارەکانی پێشتریان دوورخرابوونەوە. لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان لە تورکییه کە مانگی ڕهشهممهی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، تا ئێستا ١٢ سەرۆک شارەوانی سەر بە پارتی هەدەپە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی یاخود “بانگەشەکردن” بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.