کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر یان ئیفلاسی سیاسی و ئه‌خلاقیی، نیزامی كۆماری ئیسلامی

5732305

له‌ ئاكامی شه‌ڕ و باڵ بالێنی بانده‌ مافیاییه‌كانی ناو حكوومه‌تی ئیسلامی به‌شێكی بچووك له‌ گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئیسلامی ئاشكرابووه‌ كه‌ ته‌نیا لووتكه‌ی كێوێك له‌ دزییه‌ هه‌رڕۆژه‌ و به‌رده‌وامه‌كان له‌ حكوومه‌تی ئیسلامیدا نیشان ده‌دات. گه‌نده‌ڵی سێ ملیارد دۆلاری یان به‌ واتایه‌كی تر ٩٢ هه‌زار ملیارد تمه‌نی شیركه‌تی فوولادی موباره‌كه‌ی ئیسفه‌هان، ته‌نیا نموونه‌یه‌كه‌ له‌و گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆ عه‌زیمه‌ی دامه‌زراوه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی شیركه‌ته‌كه‌دا ده‌خیلن.

به‌ ئاشكرا بوونی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ ملیارد دۆلارییه،‌ سه‌رجه‌م به‌رپرسانی حكوومه‌تی كه‌ زۆربه‌یان ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌م گه‌نده‌ڵییه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان بێبه‌ری بكه‌ن و ڕه‌قیبه‌ سیاسیه‌كانی خۆیان تاوانبار بناسێنن و نیزامی ئیسلامی ده‌ست پاك و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ زه‌به‌ڵاحه‌ چكۆله‌ و كه‌م بایه‌خ نیشان بده‌ن.

كۆتاییه‌كانی حه‌وتووی ڕابردوو ڕاپۆرتی لیكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ كاركردی ١٠ ساڵی ڕابردووی شیركه‌تی فوولادی موباره‌كه‌ی سپاهان، سه‌رنجی خه‌ڵك و ڕاگه‌یه‌نده‌نه‌كانی بۆلای خۆی ڕاكێشا. ڕێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌م شیركه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌دا پتر له‌ ٩٢ ملیارد تمه‌ن ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ به‌ پێی نرخی ئیستا ده‌كاته‌ نزیكه‌ی ٣ ملیارد دۆلار. نوێنه‌رانی مه‌جلیس و به‌رپرس و ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌تی سێزده‌هه‌م، تاوانی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ مێژووییه‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی حه‌سه‌نی ڕۆحانی و خۆیان له‌ هه‌ر جۆره‌ تۆمه‌تێك بێبه‌ری ده‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی موباره‌كه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌لێت: دابه‌شكردنی ڕانت، به‌رهه‌می حاسڵی په‌سه‌ندكراوه‌ و فه‌رمانه‌كانی به‌رپرسانی بڕیارده‌ر بووه‌ و ئه‌م ڕووداوه‌ بۆ هه‌موو شیركه‌ته‌كان پێش هاتووه‌. حه‌مید ڕه‌زا عه‌زیمیانیش ده‌ڵێت، یارمه‌تییه‌كانی شیركه‌تی فوولادی موباره‌كه‌ له‌ ساڵه‌كانی ١٣٩٧ تا ١٤٠٠ به‌ پێی ڕازی بوون و له‌سه‌ر ئیزنی پشكداره‌كان به‌ دام و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان په‌رداخت كراوه‌ و ئه‌گه‌ر پووڵێكیش خرابێته‌ سه‌ر حیسابی ئۆستاندار، ئیمام جومعه‌كان و فه‌رمانده‌كانی سپا، به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیی خێرخوازانه‌ بووه‌. عه‌لی خامنه‌یی سه‌باره‌ت به‌م گه‌نده‌ڵییه‌ هیچی نه‌وتووه‌، به‌ڵام ١١ی مانگی ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٠ له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ په‌روه‌نده‌ی دزیی ٣ هه‌زار ملیارد تمه‌نی له‌ بانكه‌كانی ئێران، وێڕای ئاماژه‌ به‌وه‌یكه‌ ڕاگه‌یه‌ندنه‌كان نابێ ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڕۆن، وتی: هه‌ندێك ده‌یانهه‌وێ له‌م ڕووداوه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌رپرسان كه‌ڵك وه‌ربگرن. دانی چه‌ندین ملیارد تمه‌ن به‌رتیل به‌ ده‌فته‌ری ئیمام جومعه‌كان و ستادی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێژی جومعه‌، حه‌وزه‌ی عیلمیه‌ و بونیادی غه‌دیر چه‌ند نموونه‌یه‌كیتری سپی كردنه‌وه‌ی پووڵ و پێشێلكاری شیركه‌تی فوولادی موباره‌كه‌ن. له‌م ناوه‌دا ته‌نیا بۆ شاردنه‌وه‌ی و سه‌رپۆشدانان له‌سه‌ر ئه‌م پێشێلكارییه‌ و هه‌روه‌ها به‌ مه‌به‌ستی پێشگرتن له‌ پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی و به‌دواداچوون، پتر له‌ ٢٢ ملیارد تمه‌ن پووڵ به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ و نزیكه‌ی ٤١٧ ملیۆن تمه‌نیش به‌ هه‌ندێك له‌ حیسابه‌ تویتێرییه‌كان په‌رداخت كراوه‌. له‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی بانده‌ حكوومه‌تییه‌كان به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی بێ ئه‌ژماری ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئیسلامی شیركه‌تی موباره‌كه‌ی ئیسفه‌هان، ئاشكرا بووه‌ كه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كیی بریتین له‌:

٭پێشێلكاری ٥٧ هه‌زار ملیارد تمه‌نی فوولادی موباره‌كه‌ی ئیسفه‌هان له‌ به‌شی به‌رهه‌م هێنان و فرۆشتندا.

٭دانی ڕانت به‌ سایپا و ئێران خۆدرۆ له‌ ڕێگای فرۆشتنی زیاده‌ی پێداویستی و كه‌متر له‌ نرخی به‌رهه‌مه‌كان به‌م شیركه‌تانه‌ و فرۆشتنیان له‌ بازاڕی ئازاددا له‌لایه‌ن ئه‌م دوو شیركه‌ته‌ خۆدرۆسازییه‌وه.‌

٭پێشێلكاری ٢٦ هه‌زار ملیارد تمه‌نی له‌ گرێبه‌سته‌كاندا.

٭پێشێلكاری ٧ هه‌زار ملیاردی له‌ به‌شی به‌پڕۆژه‌كردنی بورس به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زۆرتر.

٭په‌رداختی حقووقی مانگانه‌ی ٦٠ ملیۆنی بۆ ڕاوێژكاره‌ خه‌یاڵییه‌كان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌نشینكراوی فوولادی موباره‌كه‌وه.‌

٭دامه‌زرداندنی ڕاسپێردراوی ٢٠٠ خانه‌نشینكراو له‌ فوولادی موباره‌كه‌ و دانانیان وه‌ك هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شیركه‌ته‌كانی سه‌ر به‌و كه‌سانه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی و هه‌ندێك له‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیسه‌وه.‌

٭حه‌قده‌ستی ٧٧ ملیۆنیی به‌ڕێوه‌به‌ری پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان.

٭١٧٠ ملیارد تمه‌ن هه‌زینه‌ی كڕینی كۆت و شه‌ڵوار و ماشێن و ئۆدكڵۆن بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تی.

٭٣ملیارد تمه‌ن حه‌قده‌ست بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر و بڕێكیش پووڵ به‌ مه‌به‌ستی به‌لاڕێدابردنی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون.

٭به‌ستنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌س یان كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌ر به‌ به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كان و كه‌سانی نزیكی خۆیان، له‌وانه‌ هاوسه‌ری واعزی به‌رپرسی ده‌فته‌ری سه‌رۆك كۆماری وه‌خت، عه‌باس ئاخوندی وه‌زیری پێشووی ڕێگاوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، قودره‌توڵڵا نه‌ورۆزی شاره‌داری پێشووی ئیسفه‌هان و هیتر…… له‌و نموونانه‌ن.

شیركه‌تی نیوه‌ ده‌وڵه‌تی فوولادی موباره‌كه‌ی ئیسفه‌هان ئه‌گه‌ر چی به‌ ڕواڵه‌ت به‌ تایبه‌تی كراوه‌، به‌ڵام كارگێڕانی ده‌وڵه‌تی له‌وانه‌ كه‌سانی وه‌ك ڕه‌زم حسێنی وه‌زیری ئه‌وكاتی سه‌نعه‌ت و مه‌عده‌ن و ته‌جاره‌ته‌وه‌ بگره‌ تا ئیسحاقی جیهانگیری و واعزی به‌رپرسی ده‌فته‌ری ڕۆحانی ده‌ور و نه‌خشێكی به‌رچاویان تێیدابووه‌. ئه‌گه‌ر چی له‌ سایه‌ی نیزامی فقیه‌دا ئه‌م په‌روه‌ندانه‌ش وه‌ك په‌روه‌نده‌كانی تر، سه‌ره‌تا به‌ پرۆسه‌ی شه‌ڕ و ململانێی باڵ و بانده‌ جۆراوجۆره‌كاندا تێده‌پڕێت، دواتر به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ تاكتیكیكێ بوو؟ كێ بوو؟ من نه‌بووم، كه‌سه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌ت له‌ په‌روه‌نده‌كه‌ لادبرێن و له‌ كۆتاییدا ئه‌م په‌روه‌نده‌یه‌ به‌ناوی چه‌ند قوربانییه‌ك ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام خودی ئاشكرابوونی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ عه‌زیمه له‌و ئاسته‌دا، نیشانه‌ی ئه‌و په‌ڕی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ سه‌رتاپای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی داگرتووه‌.

حكوومه‌تی ئیسلامی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌نده‌ڵترین حكوومه‌ته‌كانی ئێستای جیهان، نه‌ ڕاگه‌یه‌ندن و میدیایه‌كی ئازادی هه‌یه‌ كه‌ بتوانن ڕاپۆڕت له‌سه‌ر ئه‌م گه‌نده‌ڵیانه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و نه‌ سیسته‌مێكی قه‌زایی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ بتوانێ به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردان، له‌ بانده‌ گه‌نده‌ڵه‌ حكوومییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی حكوومه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.

به‌ ٩٢ هه‌زار ملیاد تمه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كیی له‌قاودراوی شیركه‌تێكه‌، ده‌كرێ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، حه‌قده‌ستی موعه‌لیمان وڵات، ژیانی خانه‌نشینكراوان و  حه‌قده‌سته‌ دواكه‌تووه‌كانی كرێكارانی پێ دابین بكرێ. به‌ ٣ ملیارد دۆلار گه‌نده‌ڵی شیركه‌تی موباره‌كه‌ ده‌كرێ مه‌دره‌سه‌كانی وڵات نوێژن بكرینه‌وه‌، ڕێگاوبانه‌كان ئه‌منتر بكه‌ن، هه‌لی كار پێكبێنن و ئاویی پێویست و ته‌ندرووست بۆ خه‌ڵك و یان ده‌رمانی پێویست بۆ ملیۆنان نه‌خۆش دابین بكه‌ن.

حكوومه‌تی دز و گه‌نده‌ڵی ئیسلامی بۆته‌ ناوه‌ندێكی به‌رهه‌مهێنای گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكار. پێویسته‌ ئه‌م نیزامه‌ گه‌نده‌ڵه‌ به‌سه‌ر ڕێبه‌ران و به‌رپرسانی دز و شه‌ڕلاتانیدا. بڕوخێندرێت.