کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیرۆزە بێت ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

photo 2022 06 21 09 54 33

ئەمڕۆ ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە. هاتنی ئەم ڕۆژە بە سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا لەناو ڕیزەکانی ئەم هێزەدا خەباتیان کردووە و بە خەت و ڕێبازی ئەم هێزە شانازی دەکەن، لە هەر جێگایەک کەهەن پیرۆزبایی دەڵێین. هەربەم بۆنەیەوە یادی گیانبەختکردوانی ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەرز ڕادەگرین و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان.

هەوڵ و خەباتی ماندوویی نەناسانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هیوای بە ڕزگاریی لە دڵی زەحمەتکێشان و جەماوەری ستەمدیتووی کوردستاندا زیندوو ڕاگرتووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەردەوام موژدەبەخشی ژیانێکی باشتر و دنیایەکی بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە بوووە.

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە شانازییەوە دەتوانێت نیشانی بدات کە بەدرێژایی تەمەنی خەباتکارانەی خۆی، لەپەنای خەباتی شێلگیرانە و پڕ لە فیداکاری خۆی لەدژی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی، لە کۆمەڵگای کوردستاندا هێزێکی وشیاریدەر، پشتیوانی ئازادی سیاسی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش، لایەنگر و داکۆکیکاری مافی ژنان بووە و  بەردەوام تۆوی ئەندێشە و بیر و باوەڕی پێشڕەوی لەناو خەڵکدا چاندووە و موژدەبەخشی دنیایەکی باشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لەهەر شوێنێک بووە، کۆمەڵێک بیرەوەری و دەرس و ئەزموونی بەنرخی لەخۆی بەجێهێشتووە. ئەو بیرەوەرییانە زامن و پاڵپشتی بەرەوپێشچوونەکانی سبەی ڕۆژی ئەم هێزەیە.  جەماوەری خەڵکی کوردستان بە پشتیوانی خۆیان لەم هێزە و بە بەشداری لە چالاکییەکانیدا، لەڕاستیدا دیفاعیان لە حورمەتی ئینسانی خۆیان کردووە. بەهەزاران ئینسان بەشێک لە باشترین ساڵەکانی تەمەنی خۆیان لەناو ڕیزەکانی ئەم هێزەدا تێپەڕکردووە و بەدرووست بەڕابردووی خۆیان شانازی دەکەن. ژومارەیەکی زۆر لە ئینسانە کۆمۆنیستەکان و سیما ناسراو و خۆش نێوەکانی خەڵکی کوردستان کە هیوای ڕزگاریی مرۆڤ لە دەست چەوسانەوە و کاری کرێگرتەیان لەدڵدابوو، لەناو ڕیزەکانی ئەم هێزەدا گیانی خۆیان بەختکرد.

٣١ی جۆزەردان لەهەمانکاتدا ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ ” سەعید موعینی ” ناسراو بە “کاک خانە” یەکەمین گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەیە. بەم بۆنەیەوە ڕێزدەگرین لە یادی ئەو ئازیزەی کە ژیان و خەباتی نموونە و سەرمەشقی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بووە. هاوڕێ سەعید موعینی ساڵی ١٣٥٢ لەلایەن ساواکی شاوە دەستبەسەرکرا و زۆر

بەخێرایی کەوتەبەر ئەشکەنجە و ئازار. ناوبانگی خۆڕاگریی ئەو، دیواری سلولەکانی تێپەڕکرد و ورەی بە هاوبەندییەکانی دەبەخشی. لەو دەورەیەدا هاوڕێ سەعید موعینی وەک خۆڕاگرترین زیندانیی ژێر ئەشکەنجە ناسرا. ساواکی شا سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارە وەحشیانەیە، نەیتوانی لێوی ڕازداری ئەو بکاتەوە و پاش ١٨ مانگ ناچار بوو ئازادی بکات. هاوڕێ “سەعید” پاش ئازادبوونی لەزیندان، چالاکیی خەباتکارانەی خۆی لەگەڵ کۆمەڵە دەستپێکردەوە و  ساڵی ١٣٥٦ بۆ مەئموورییەتێکی تەشکیلاتی چوو بۆ کوردستانی عێراق.  بەداخەوە هاوڕێ سەعید بەرلەوەی بتوانێت مەئموورییەتەکەی خۆی بە سەرەنجام بگەیەنێت، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٥٧ لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی بەعسی عێراق لە ئاوایی ” دڕێ” لە نزیک شاری ماوەت گیانی بەختکرد.

پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ژیان و خەباتی هاوڕێ سەعید موعینی ئەو وانە پڕبایەخە فێربوون کە هیچکات توانایی چەکی خۆیان بەپێچەوانەی بەرژەوەندی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بەکارنەهێنن و  بەردەوام سياسەتی بەرگری لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەر چەکەکانیاندا حاکم بێت. ئەوان فێربوون کە بەردەوام لەپێناو بارهێنانی خۆیان و کرێکاران و زەحمەتکێشاندا تێبکۆشن و هەوڵبدەن کە ببن بە کادرێکی سیاسیی وشیار و هەڵسووڕاوی چینی کرێکار. ئەمانە ئەو خاڵە بەرجەستانە بوون کە لە یەکەمین نامەکانی هاوڕێ سەعید موعینیدا کە لە کوردستانی عێراقەوە بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە کوردستانی ئێران دەینووسی، دەنگیاندابۆوە.

ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەوەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ژیان و خەباتی هاوڕێ سەعید و گیانبەختکردوانی تری کۆمەڵە وانەی سەداقەت، وەفاداریی و پێوەندی پتەو و سەمیمانە لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش فێر ببین و ئەو پێوەندییە ڕۆژ بەڕۆژ پتەوتر بکەین. هاوڕێ سەعید لەسەر بنەمای ئاوا پاڵپشتییەک بوو کە توانی ١٨ مانگ ئەشکەنجە و ئازاری وەحشیانە و بەردەوامی جەللادەکانی ساواکی شا تەحەمول بکات و لێوی ڕازداری نەکاتەوە و وەک کێوێکی خۆڕاگر لە مەیدانی خەبات لەدژی ستەمکاران و چەوسێنەراندا ڕابوەستێت.

بەرز و پیرۆز بێت ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە.