ڕۆژی سێشه‌ممه ٦ی مانگی گوڵان، كرێكارانی پڕۆژه‌یی شاغڵ له پترۆشیمیه‌كانی “بووشێهر“، “عه‌سه‌لوویه” و “كه‌نگان” له ناڕه‌زایه‌تی به له‌خواره‌وه‌بوونی ئاستی حه‌قده‌سته‌كانیان ده‌ستیان له‌كێشایه‌وه و مانیان گرت.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، سه‌ره‌كیترین داخوازییه‌كانی كرێكاران، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كانیان به پێی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان و به‌كرده‌وه ده‌رهاوردنی گه‌ڵاڵه‌ی ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ پشوودانه. جێگای ئاماژه‌یه كه له ڕۆژی دووشه‌ممه‌وه كه مانگرتنی كرێكارانی پڕۆژه‌یی ده‌ستیپێكردووه، به‌شێك له په‌یمانكاران و خاوه‌نكاران داخوازییه‌كانی كرێكارانیان له‌به‌رچاو گرتووه و به‌ڵێنیان داوه ئاستی حه‌قده‌سته‌كانیان ببنه سه‌ره‌وه و گه‌ڵاڵه‌ی ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ پشوودانیان بۆ جێبه‌جێ كه‌ن.