ڕۆژی سێشه‌ممه ١٩ی مانگی گه‌لاوێژ، دانیشتووانی شاری “جوونه‌قان”ی سه‌ر به ئۆستانی چورامه‌حاڵ و به‌ختیاری، له ناڕه‌زایه‌تی به ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی چالاكی مه‌ده‌نی ناسراوی ئه‌و شاره به ناوی “حه‌بیب فه‌دایی”، ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خوازیاری ئازادی ئه‌و هاووڵاتییه و ته‌واوی زیندانیانی سیاسی بوون.
به پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بۆته‌وه، لاوانی شاری “جوونه‌قان” به ئاگردانی لاستیك له ده‌ورووبه‌ری ئه‌و كه‌ڵانته‌رییه‌ی “حه‌بیب فه‌دایی” ده‌ستبه‌سه‌ر كردبوو، ڕێگه‌ی هاتووچۆی هێزه ئه‌منییه‌كانیان داخست. به پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به مه‌به‌ستی سه‌ركۆتی خه‌ڵك له ده‌ورووبه‌ری مه‌درسه‌ی “ڕاستاب” جێگیر كراون. شایانی باسه كه “حه‌بیب فه‌دایی” سه‌ر له به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه ١٩ی مانگی گه‌لاوێژ و له كاتی خۆپێشاندانی خه‌ڵك دژ به بێ ئاوی، له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو.