به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ تێکهەڵچوونی چەکداری لە نزیک شارەکانی مەریوان، سنە و کامیاران لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێكی نهیاری ڕژیم هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی باڵک و سەرکەلی شاری مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزێکی نهیاری ڕژیم و هێزەکانی سپای پاسداران هاته ئاراوە کە سێ کاتژمێر درێژەی کێشاوە. شایانی باسه، سپای پاسداران دوای ئەو تێکهەڵچوونە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە تۆباران کردووە. ئهمه لهكاتێكدایه كه هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سهبارهت به زیانە گیانییەکانی ئهم شەڕە بڵاو نەکراوەتەوە و هیچكام له ئۆپۆزسیۆنیش بەرپرسیارێتی شەڕەکەیان نهگرتووهته ئەستۆ. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە، لە بەرزاییەکانی ژاوەرۆی سنە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ڕووی داوە کە سپای پاسداران دوای تێکهەڵچوونەکە ئەو ناوچانەی تۆباران کردووە. هەروەها، بە پێی ڕاگەیەندراوێکی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات (کۆدار)، لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارەنە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی تیلەکۆی کامیاران گریلایەکی ئەو پارته بە ناوی “دانیال دووستی” کە خەڵکی مەریوان بووە، گیانی لە دەست داوە.