به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێش نیوهڕۆی ڕۆژی سێشهممه گاردی تایبەتی زیندانی ورمێ هەڵیانکوتاوەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و وێڕای لێدان و کوتانی بەندکراوان تێلویزیۆن و یەخچاڵی ئەوبەندەیان تێکشکاندووە و بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبیش له ناڕهزایهتی بهم کردەوەیە مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، بەندکراوانی سیاسی زیندانی ورمێ ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە دۆخی نالەباری بەند، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و ئاوی ناو زیندان، نانی ژەمی بەیانییان وەر نەگرتووە. هاوكات جێگری بەرپرسی ماڵی زیندانی بەڵێنی پێیان داوە کە تا ١٠ ڕۆژی دیکە بیانگوازنەوە بۆ بەندی نوێ یان ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن. بە وتەی بهندكراوانی مانگرتوو، دوای چوونە دەرەوەی ناوبراو هێزەکانی گاردی تایبەت لە هەر دوو دەرگای بەندی سیاسی جێگیر بوون و دواتر گاردی تایبەت بە هاوکاری هێزەکانی پاراستنی زانیاری ڕژاونهنته ناو بەند و بەندکراوانیان دایە بەر لێدان و کوتان. شایانی باسه، دوای هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی، سەرجەم بەندکراوانی ئەو بەندە کە ٤٥ کەسن مانیان لە خواردن گرتووە و ژەمی نەهاری خۆیان ڕژاندووەتە سەر ئەرز.