ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه “موژگان کاووسی” بەندکراوی سیاسی خەڵکی کەلاردەشت کە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئێوینی تاران تێپەڕ دەکات، ماوەی ١١ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و لە سەر مانگرنەکەی خۆی ههروا بەردەوامە.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی مهرەخەسی و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پەیوەندی بەندکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان مانی لە خواردن گرتووە. شایانی باسه، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان وڵامی داواکارییەکانی ناوبراویان نەداوەتەوە و ئەویش سوورە لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەی. مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو. جێگهی ئاماژهیه، “موژگان کاووسی” ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە ئۆستانی مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی وهسیقهی ١٠٠ میلیۆن تمەنی له زیندان ئازاد کرابوو.
