به پێی ڕاپۆرتهكان، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی پیرانشار، چالاکییەکی ژینگەپارێزیی بەرین لە “دۆڵەنێ” و سەیرانگەی تاڤگەی “کانی لۆسە” بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی “موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی” سێ ژینگهپارێزی خهڵكی شاری پاوه و یادێک لە “شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی”، هەروەها پشتیوانی لە “زارا محەممەدی” مامۆستای زمانی کوردی و تانە لە حوکمی سەپێندراو بەسەر ناوبراو، بەڕێوەچوو.
لەو چالاکییەدا وەکوو چالاکییەکانی پێشوو، باس لە مەترسییەکانی سەر ژینگە و چۆنیەتیی پاراستنی بۆ ئامادەبووان کرا و جەخت لەسەر بەردەوامیی پاراستنی ژینگە کرایەوە. شایانی باسه، لهم چالاكییهدا، پێنج نەمامی چنار وەکوو ڕێزێک له یادی “موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی، شهریف باجوهر و ئۆمید كۆنهپۆشی” لە شوێنی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە چێندران. دواتر به بهشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵک، تەواوی ناوچەکە لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کرایەوە.