ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه سووتان و لەناو بردنی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە و هەر ڕۆژێک بەشێک له دارستانهكانی زاگرۆس لە ئاگردا دەسووتێ.
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئاگر لە کێوی “جنێرە”ی بانە بەر بوو و ڕووبەرێکی زۆر لە پووش و پاوان و داری تازە پێگەیشتووی ئەو ناوچەیە لەم ئاگردا سووتان. بەشێکی ئەو شوێنە کە لە ئاگردا سووتاوە، چەند ساڵ لەمەو بەر لە لایەن ئەنجومەنی “پاژین” و کەسانی ژینگەدۆستەوە نەمامی لێ چێندرا بوو، بەڵام بە هۆی ئەو ئاگرەوە بەشی زۆری لە نێو چوون. شایانی باسه، ئەو ئاگرە بە هیممەتی خەڵکی خۆبەخش و ئەندامانی پاژینی بانە و کەسانی ژینگە دۆستەوە کۆنترۆڵ کراوەتەوە. لە لایەکی دیكهوه، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، “گردی نەورۆز” لە شاری پیرانشار بۆ دووهەمین جار ئاگری تێ بەردرا و خەڵکی شاری پیرانشار و ژینگەپارێزان ئاگرەکەیان کوژاندەوە. ههر لهم پێوهندهدا، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی مەریوان وەک، ناوچەی “کۆساڵان”، “هەمرۆ دۆڵ”، “بەرقڕوو” و “ئەسپەڕێز”، لە ئاگردا سووتان کە بە دەستی ئەندامانی کومیتەی بەرەنگاری ئەنجومەنی “سەوزی چیا” و ئەنجومەنی “پاکۆ”ی سەوڵاوا و خەڵکی ژینگەپارێزەوە کۆنترۆڵ کراوهتهوه.