ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا “شێرکۆ جەمشیدی” دانیشتووی ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی سه‌ر به شاری سنه ماوەی حوکمەکەی بەخشراوە و “کەژوان ئازادیان”یش دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمه‌کەی ئازاد کراوە.
بەپێی ئه‌م ڕاپۆرته، “شێرکۆ جەمشیدی” خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سه‌ر به شاری سنه چوار مانگ لە ماوەی زیندانه‌كه‌ی بەخشرا و لە زیندانی ناوەندیی ئه‌مشاره ئازاد كرا. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، “شێرکۆ جەمشیدی”، ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری پێراره‌كه لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه دەستبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی وه‌سیقه‌ی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو. ناوبراو دواجار لەلایەن دادگاوه بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یه‌كێك له حیزبه نه‌یاره‌كانی ڕژیم” حوکمی یەک ساڵ زیندانی بە سەردا سەپابوو. هەروەها، “کەژوان ئازادیان”، خەڵکی گوندی یەنگیجە و خوێندکاری شاری مەریوان كه لە ڕێكه‌وتی ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی زیندانه‌كه‌ی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەریوان کرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە.