کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لوتكه‌ی جی بیست! دەرخەری کەلێنەکان لەنێو نەزمی زاڵ بەسەر دنیادا

147

147

کۆبوونەوەی جی .٢ لە ڕۆژەکانی هەینی و شەممە ٧ و ٨ ی مانگی پووشپەڕ لە ئوزاکای ژاپۆن بەڕێوەچوو. دەستوری کاری كۆبوونه‌وه‌ی ئەمساڵ وەک کۆبوونەوەکانی ڕابردوو مۆری بارودۆخی زاڵ بەسەر دنیایدا پێوەبوو. شەڕی بازه‌رگانی مەوجود لە نێوان ڕیزبه‌ندییه‌ جیاوازەکاندا، هەرچەند کە لە زەڕوەرەقی پارێزگاری کردن لە گه‌شه‌ی جیهانی لە بەرانبەر کێشە بازه‌رگانی و مەترسییەکانی فەزا پڕ ئالۆزییەکان لە چەند ناوچەیەک لە دنیایان پێچا، بابەتەکانی پێوەندیدار بە ژینگە، تیرۆریزم و شەڕە سایبریەکان لە زومڕەی گرنگترین دستور کارەکانی ئەو کۆبوونەیە بوون.

هەرچەند کە بەشدارانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دەیانەوێ بە میلیارد کەس لە دانیشتوانی دنیای بسەلمێنن کە گۆیا ئەوان نیگەرانی ئەو خەڵکەن، بەڵام له‌ ڕاستیدا بەرژەوەندی ناکۆکی نێوان بەشداران و ئەو ڕقابەتە دژوارانەی لە نێوانیاندا بوونی هەیە دەبێتە هۆی ئەوەیکە نەتوانن بگەنە کۆمەڵێک ڕێگا چارەی وەک یەک بۆ وڵامدانەوە بەو کێشانەی کە لە ئارادان. نە بابەتی بازه‌رگانی ئازاد، نە خەبات لەدژی بەناو تیرۆریزم و شەڕی سایبێری و نە ڕێككه‌وتننامەی هه‌رێمی پاریس لە پێوەند لەگەڵ ژینگە، وێڕای بوونی بزوتنەوەیەکی بەرین کە لە گەلێک لە وڵاتانی دنیادا بۆ دیفاع لە ژینگە لە ٦ مانگی ڕابردوودا بەدیهاتووە، نەیتوانیوە خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا بەدیبێنێ. ئەوەی کە دیداری چەند کاتژمێری سەرۆکەکانی ئەمریکا و کورەی باکور هەموو هەواڵەکانی پێوەندیدار بە ئیجلاسی جی ٢٠ی دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، پەردە لەسەر ڕاستیەکی ئەساسی هەڵدەداتەوە کە ناکرێ ئەو بەژێستی وێنە بە کۆمەڵەکان بشاریتەوە. ئەم ڕاستیە بەڵام ئەوەیە کە نەزمی زاڵی چەند دەیەی ڕابردوو کارایی خۆی لەدەست داوە و ڕقابەت و ناکۆکییەکان تەنانەت کێشراوەتە نێو هەرکام لە جەمسەرەکانیشەوە. لە کاتێکەوە ترامپ بۆتە سەرۆکی بەهێز ترین دەوڵەتی ئیمپڕیالیستی دنیا، سیاسەتی” ئەمریکا یەکەم”ی ئەو پەیامە روونەی نەتەنیا بە ڕەقیبەکانی بەڵکو بە هاوپەیمانانی دوێنیی ئەمریکا و دنیای ڕۆژئاوا بوو. ئەوە ترامپ بوو کە بە ئاشکرایی ڕایگەیاند کە بە هیچ پەیمان، قەرارداد و نەزمێک کە لە بەرانبەر ستڕاتێژی ئەمریکا “یەکەمی” دا قەرار بگرێت، پایبەند نابێت. هەڵوەشانەوەی وتووێژەکانی قەراردادی بازه‌رگانی نێوان یەکێتی ئۆرووپا، ئەمریکا و کانادا، تەجدیدی نەزەر لە قەراردادی توجاڕی نێوان ئەمریکا، کانادا و مکزیک و بە گشتی پێبەند نەبوون بە قەراردادی چەند لایەنە لە هەموو حەوزەکاندا کاردانەوەی ئەم سیاسەتە بوون. ئەم سیاسەتە هیچ شتێک نییە جگە لە شەیپوری دەستپێکی شەڕی بازه‌رگانی. لەگەڵ ئەوەدا کە ترامپ لە جەریانی وتووێژ لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئۆرووپا مۆر کردنی تەعرفە تازە گومرکییەکان لەسەر پیشەسازی ماشێن سازی ئۆرووپای بۆ ماوەی ٦ مانگ وەدواخست بەڵام هەروا شمشێری زیاد بوونی ئەم تەعرفانەی بەسەر وڵاتانی ئۆرووپاییەوە ڕاگرتوە. ئۆرووپا قەت تا ئەم ڕادەیە لاواز نەبووە و توانایی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەمریکای لەدەست نەدابوو. هێشتا بە دژواری دەکرێ ئاکامی دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئۆرووپا پێشبینی بکرێت. ترامپ ئەمە دەزانێ. لەخۆڕا نەبوو کە لە سەفەرەکەیدا بۆ ئینگلس لەگەڵ سەرسەخت ترین داکۆکیکاری ” بریگزیت” واتە وەزیری دەرەوەی پێشو کە ئەگەری زۆرە ببێتە سەرۆک وەزیری داهاتو، دیداری کرد و بەڵێنیدا کە باشترین پێوەندی بازه‌رگانی لەگەڵ بریتانیای دوای دەرچوون لە یەکێتیی ئۆرووپای دەبێت. هەڵبەت دەرچوونی بریتانیا تەنیا کێشەی یەکێتی ئۆرووپا نییە. مێحوەری پاریس_برڵین مێحوەرێکە کە گرنگترین بڕیارەکانی یەکێتیی ئۆرووپای تێدا ده‌درا، کەلێنی تێکەوتووە. ئەم کەلێنەشە کە بووه‌تە هۆی ئەوەیکە یەکێتی ئۆرووپا وێڕای تێپەڕ بوونی زیاتر لە چوار حەفتە لە هەڵبژاردنی پارلمانی ئۆرووپا هێشتا نەیتوانیوە کە جێگرەوەیەک بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئۆرووپا هەڵبژێرێ. مەکرون بە ئاشکرا وتویەتی کە کاندیدی پێشنیار کراوی مێرکل بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە قەبوڵ ناکات و بەدوای یارگیریە لە نێو باقی دەوڵەتانی ئۆرووپاییدا. قەیرانی پەنابەری هەروا ماوەتەوە. سەرهەڵدانی ئەحزابی ڕاسیستی و نێئۆفاشیستی تەنانەت لە هەیکەلی هێندێک لە دەوڵەتەکانی ئۆرووپایی لە لایەکەوە و پەڕاوێز خرانی ئەحزابی سوننەتی محافزە کار و سۆسیال دێمۆکرات لە لایەکی دیکەوە چەند گۆشەیەکی دیکە لە لاوازی ئوروپا دەردەخەن. وێرای ئەوە نابێ لەبیر بچێتەوە کە یەکێتی ئۆرووپا لەگەڵ گشت ئەم ناکۆکی و کێشانەدا لە بیری دۆزینەوەی ڕێگایەکدایە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەمریکا. مۆر کردنی قەراردادی بازه‌رگانی نێوان یەکێتیی ئۆرووپا و گرووپی وڵاتانی ئەمریکای باشوور وەک به‌ڕازیل، پاراگوئە، ئۆروگوئە، و ئاڕژانتین لە ڕۆژی هەینیدا هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی جی ٢٠ دوای ٢٠ ساڵ وتووێژ یەکێک لەم هەوڵانە بووە. لەخۆڕا نییە کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئۆرووپا ئەم قەرادادەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە نابرد.

شەڕی توجاڕی ئەمریکا و چین هەروا درێژەی هەیە. ئەگەرچی دوای چاوپێکەوتنی هەردوو سەرۆک کۆمار، ترامپ ڕایگەیاند کە تەعرفەی گۆمۆرکی لەسەر هێندێک لە کالا چینیەکان هەڵدەگرێت و مەحدودیەتی فروشتنی تێکنولۆژی بە شێرکەتی چینی “هواوی” هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناکرێ بوترێت کە شەڕی بازه‌رگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە کۆتایی هاتووە. نزیکی چین و روسییە بەتایبەت لە حەوزەی بازه‌رگانیدا ڕاست ولام بەم بارودۆخەیە. لەنەکاو نەبوو کە ڕۆژێک بەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەی جی ٢٠، ڕۆژنامەی” ئیزوسیتا” نووسی کە چین و روسییە ڕێككه‌وتننامەیەکیان لە سەرەتای ئەم مانگەدا مۆر کردەوە کە لەسەر بنەمای ئەو، هەردو لا لە ساڵی داهاتوی زاینیەوە بازه‌رگانی نێوانیان بە واحدی پوڵی هەردوو وڵات ئەنجام ئەدەن و لە سیستمی ماڵی دۆلار کەڵک وەرناگرن. بە تەواوی ئاشکرایە کە ئامانجی ڕووسییە دەرهێنان یان لاواز کردنی دۆلارە لە سیستمی بانکی جیهانی. لەگەڵ ئەوەشدا پوتین لە سەروبه‌ندی کۆبوونەوەی جی ٢٠ دا بە وڵاتانی ئەندامی” برێکس”_ به‌ڕازیل ‌هێند، ئەفریقای باشور، چین و ڕووسییە_ ی پێشنیار کرد کە مامەڵەی نێوانیان لە ڕێگای واحیدی پوڵیی ئەو وڵاتانەوە ئەنجامبدەن.

گشت ئەم زانیارییانه‌ باسی ئەوە دەکەن کە نەزمی زاڵی چەند دەیەی ڕابردوو لێک هەڵوەشاوەته‌وه‌. و كێبه‌ركێ بۆ جێ گوڕکێی لەگەڵ نەزمێکی تازەدا دەستی پێکردووە. لە ئه‌نجامی خۆپیشاندان لەدژی جی ٢٠ لە ئۆزاکا ناڕازیان دروشمیان ئەدا:” خودا حافیز ئابە، خودا حافیز ترامپ، نا بۆ جی ٢٠” و ئەمە هەمان ئەو داخوازیەیە کە لە ئیجلاسی پێشو لە هامبۆرگی ئاڵمان دەیان هەزار کەس لە ماوەی یەک حەفتە خەباتی خۆیاندا هاواریان بۆ دەکرد. نەجاتی بە ملیۆن ئینسانی کار و زەحمەت و پەڕاوێز خراوانی دنیا نە لە گرەوی نەزمێکی دیکەی سەرمایەداریدا بەڵکو لە گرەوی دانانی خاڵی کۆتایی لەسەر ئەم نەزمە نا ئینسانییەیە.