ئاخێزی جه‌ماوه‌ری له عێراق و لۆبنان و شیلی دژبه ده‌وڵه‌ت و په‌یوه‌ندی زاڵمانه‌ی ئێستا و دیمه‌نی شكۆداری خۆپیشاندانی به‌رینی هه‌ژاران و بێ به‌شان، بۆ جارێكی دیكه وه‌بیرهێنه‌روه‌ی ئه‌و بڕیاره مێژووییه‌ن كه سه‌رده‌می ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه كۆتایی پێنه‌هاتووه. تا كاتێك كه په‌یوه‌ندییه ئابووریه‌كانی سه‌رماداری زاڵه و چینی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ پاراستنی هێژمۆنی ئابووری خۆی په‌یوه‌نده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێكدێنێ، خه‌بات و شۆڕش وه‌ك ئه‌مرێكی بڕاوه له ژیان دا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر له عێراق و لۆبنان و شیلی، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌دژی هه‌ژاری و بێكاری و گه‌نده‌ڵی و ناكارامه بوونی ده‌وڵه‌ته‌كان ڕاپه‌ڕیون، له ئێرانیش قه‌یرانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، له هه‌موو كاتێك زیاتر داماوی و بێ كه‌فایه‌تی كۆماری ئیسلامی و گه‌نده‌ڵی پێكهاته‌یی ئه‌م ڕژیمه‌ی له به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان خستووه‌ته ڕوو.
له ئێرانیش ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌شێكی به‌رینتر له چینی كرێكار و توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌و باوه‌ڕه ده‌گه‌ن كه چیتر ناتوانن له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێكهاته‌یه‌كی سیاسی گه‌نده‌ڵ، درێژه به ژیانیان بده‌ن. پانتا و به‌رینایی بێكاری و هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تی ئابووری نه‌ك هه‌ر بۆ چینی كرێكار، به‌ڵكوو بۆ باقی توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگاش له تاقه‌ت به‌ده‌ره. كاتێك كه كرێكارانی شیركه‌تی هێپكۆ و ئازه‌رئاب له ئه‌راك به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به هه‌ژاری و برسێتی، سفره‌ی خاڵیان ڕاخست، كاتێك كه خواستی سه‌ره‌كی موعه‌لیمان و خانه‌نشینكراوان بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حقووقه‌كانیانه بۆ سه‌ره‌وه‌ی هێڵی هه‌ژاری، هه‌موو ئه‌م داخوازیانه له دڵی ناڕه‌زایه‌تی بێ پسانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگادا نه ته‌نیا پانتای بێ وێنه‌ی هه‌ژاری سته‌ملێكراوانی كۆمه‌ڵگا نیشان ده‌دات به‌ڵكوو ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌شه كه كرێكاران و بێبه‌شان په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و سیاسه‌تیان ده‌رك كردووه و نیزامی سیاسی و چینایه‌تی زاڵ به سه‌رچاوه‌ی ئه‌م باروودۆخه ده‌زانن. كۆماری ئیسلامی وه‌ك دژه شۆڕشێك كه له ناو دڵی شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری دا شكڵی گرتووه، به باشی ده‌زانێ كه له نێوان خه‌باتی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ باشتر كردنی باروودۆخی ژیانیان له‌گه‌ڵ شۆڕش و ڕاپه‌ڕین دیوارێكی پۆڵایین نه‌كێشراوه و هه‌ر ئه‌م ڕاستیه‌ش بۆ سه‌رانی ڕژیم بۆته خه‌ونێكی تۆقێنه‌ر و ناخۆش. گه‌نده‌ڵی و ناكارامه بوونی كۆماری ئیسلامی، بورژوازی ئێرانیشی خستووه‌ته ئاسته‌نگیه‌وه، به‌جۆرێك كه به بێ گۆڕانكاری له پێكهاته‌ی سیاسی‌دا، سه‌رمایه‌داریش ناتوانێ فه‌رمانڕه‌وایی و زاڵ بوونی چینایه‌تی خۆی درێژه پێبدات. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا به به‌كارهێنانی یاسای كاری دژه كرێكاری و دابین كردنی هێزی كاری هه‌رزان، ڕێگای بۆ كه‌ڵه‌كه كردنی به‌رینی سرمایه و قازانج په‌ره‌ستی سه‌رمایه‌داری ئێران خۆش كردووه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌م ڕژیمه بووه‌ته به‌ربه‌ستێك له‌سه‌ر ڕێگای سه‌رمایه‌داری ئێران بۆ چوونه ناو كیبه‌ركێی بازاری جیهانی و به‌كارهێنانی تێكنۆلۆژی پێشكه‌وتوو و ده‌ستڕاگه‌یشتن به بازاری جیهانی و هاتووچۆی سه‌رمایه. كۆماری ئیسلامی نه ته‌نیا نه‌یتوانیوه پێش مه‌رجه سه‌ره‌تاییه‌كانی تێكه‌ڵاو كردنی سه‌رمایه‌داری ئێران له‌گه‌ڵ بازاری جیهانیی سه‌رمایه دابین بكات، به‌ڵكوو پێكهاته‌ی ئیدێئۆلۆژیك و یاسایی و ئیداری و سیاسی ئه‌م ڕژیمه و هه‌روه‌ها ده‌ست تێوه‌ردان و سیاسه‌تی زێده‌خوازی له ئاست ناوچه‌كه و كێشمه‌كێشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كۆسپه سه‌ره‌كیه‌كانی دابین كردنی ئه‌م پێش مه‌رجانه‌ی خۆڵقاندووه. كه‌وابوو گۆڕینی پێكهاته‌ی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكی كۆماری ئیسلامی بووه‌ته خواست و پێویستی به‌شێكیش له چینی سه‌رمایه‌داری ئێران. بێ گومان به دیتنی ئه‌و ڕاستیانه‌یه كه لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی بورژوازی خه‌ریكی ئاماده كردنی ئاڵترناتیون.
ئاشكرایه كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ناتوانێ وه‌ك جاران درێژه به ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات. له ناوخۆی ئێران، په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك به بنبه‌ست گه‌یشتووه. خواست و پێداویتستیه سه‌ره‌كیه‌كانی چینی كرێكار و توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگای بۆ دابین ناكرێت. سه‌ركوت چیتر كاریگه‌ری جارانی نه‌ماوه. نزیك به مانگ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر ڕژیمی ئیسلامی چه‌ندین حوكمی قورس و بێ وێنه‌ی دژبه هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری هه‌فت ته‌په و پشتیوانانیان ده‌ركرد تا به‌خه‌یالی خۆی كۆمه‌ڵگا بترسێنێ، به‌ڵام كرێكاران نه‌ك هه‌ر نه‌ترسان به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌نه‌وه به به‌ڕێوه‌بردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان، ڕژیمیان تۆقاند. داماویی ڕژیم له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان زیاتر له جاران له ناكۆكی و دژایه‌تیی نێوان سه‌رانی ڕژیمدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ڕێفۆرمخوازانی ئیسلامی ئه‌گه‌ر تا پێش ئاخێزی مانگی به‌فرانبار بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵك به‌ره‌و سندووقه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌وانیان له ئۆسوولگه‌راكان ده‌ترساند، ئه‌مرۆ بۆ خه‌ڵات وه‌رگرتن هه‌ر له‌و ئۆسوولگه‌رایانه، خه‌ڵك له شۆڕش و سووریه‌یی بوونی باروودۆخه‌كه ده‌ترسێنن. ئه‌م گۆڕانكاریانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕژیم له ناو ئێران‌دا تا چ ڕاده‌یه‌ك لاواز بووه‌ته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌شداری به‌رینی ژنان له بواره جۆراوجۆره‌كانی خه‌بات و سه‌ركێشیان له به‌رامبه‌ر په‌یڕو كردنی زۆره‌ملی یاسای ئیسلامی له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا، نیزامی كۆماری ئیسلامیی له‌گه‌ڵ قه‌یرانێكی قووڵی ئیدێئۆلۆژیك به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه. كۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێ به به‌كارهێنانی یاسا و ئیدێئۆلۆژی ئیسلامی ژیان و ئه‌خلاقیاتی خه‌ڵك كۆنتڕۆڵ بكات. كاتێك كه كچی شین پۆش له ناڕه‌زایه‌تی به حوكمی زیندانه‌كه‌ی به تاوانی ڕۆیشتی بۆ ستادیۆمی وه‌رزشی خۆی سووتاند، ئه‌م ڕووداوه بوو به كه‌مپه‌ینێكی سیاسی و مه‌حكووم كردنی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕژیمی لێكه‌وته‌وه. ئه‌م ڕووداوه ڕژیمی له به‌رچاوی بیروڕای گشتی ڕسواتر كرد و سه‌ره‌نجام ڕێگای چوونی ژنانی بۆ ستادیۆمه‌كان كرده‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ناتوانێ وه‌ك جاران په‌یوه‌نده ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وییه‌كانی درێژه پێبدات. له ژێر گوشاری گه‌مارۆی توندی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی، ئابووری كۆماری ئیسلامی كه‌وتووه‌ته سه‌ر لێواری له‌ناوچوون. تاكتیك و فێڵه‌كانی ڕژیم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م گوشارانه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه ناوچه‌كه زیاتر میلیتاریزه بێت و له ئێستادا ڕژیم ڕێگایه‌كی جگه له سازشت و ته‌سلیم بوون له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌م سازشته‌ش بۆ ڕژیمێك كه درووشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ ئه‌مریكا”ی كردووه‌ته به‌شێك له پێناسه‌ی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكی خۆی، هێژمۆنی ڕژیم زیاتر له جاران تێك ده‌شكێنێ. به‌له‌به‌رچاوگرتنی باروودۆخی ئێستا و به‌ستێنه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی، درێژه‌ی مانگرتن وناڕه‌زایه‌تی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری هێوابه‌خشی گۆڕانكاری و شۆڕشه. پێویسته به‌دیلی كرێكاری و سۆسیایستی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی گۆڕانكاری و شۆڕش بتوانێ له دڵی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی ڕووله گه‌شه‌ی ئێستادا، متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست بێنێت و ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و په‌یوه‌ندی چینایه‌تی زاڵ لێكهه‌ڵوه‌شێنێ.