کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەڵاڵەی فریوکارانەی گرانکردنی هەنگاو بە هەنگاوی نرخی نان لە ئێران

سەرەنجام شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنییەکان لە ئێران نانیشی گرتەوە. ڕژیم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لەڕاستیدا نان سەرەکیترین خۆراکی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و دەستەنگی ئەم کۆمەڵگایەیە، بۆ گرانکردنی، ڕەوشی ئەزموون و خەتای گرتەپێش. بۆ ئەم مەبەستە لە هەنگاوی یەکەمدا بە وەڕێخستنی دەنگۆی گرانبوونی نان هەوڵیدا کاردانەوەی خەڵک لەم بابەتەوە هەڵبسەنگێنێت. دواتر نۆبە گەیشتە ڕەتکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی ناڕاستەوخۆی گرانبوونی نان. پاشان وادەی جیرەبەندی یارانەیی نانیدا. ماوەی چەند حەوتوویەک دەبێت کە ئەم هەواڵە کەوتۆتە سەرزاری خەڵک کە گۆیا نرخی نان گران دەبێت و تەنانەت چەند وێنەیەکیش لە کارتی یارانەی نان لە فەزای مەجازیدا دەستاودەستی پێدەکریت. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسان ئیدیعا دەکەن کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی نانی سوننەتیدا ناکەن. سەرەڕای ئەوش لە حەوتووی ڕابردوودا هەواڵی بەرز بوونەوەی نرخی نانەکانی جۆری فانتێزی و سەرجەم بەرهەمەکانی پێوەندیدار بە ئاردەوە لەئاستێکی بەربڵاودا بیسترا و نیگەرانی لەهەمبەر گرانبوونی نرخی نانی سوننەتی هەروا بەردەوامە. لەو ڕووەوە کە ڕژیم لەڕابردوودا و بەتایبەت لە جەرەیانی گرانبوونی نرخی بەنزین لە ئابانی ٩٨دا زەبری کاریگەری کاردانەوەی کۆمەڵانی خەڵکی تووڕە و وەگیان هاتوویان بەرکەوتووە، تێگەیشتوون کە بابەتگەلێکی لەم چەشنە ئیحتیاتێکی زۆرتری پێویستە، هەربۆیە لە چەند شارێکی دیاریکراو بەمەبەستی تاقیکردنەوە، نرخی نانیان گران کردووە.

بەوتەی بەرپرسی یەکێتی نانەوا سەنگەکیەکان، نانەواکان بە دەستپێکی بەڕێوەچوونی ئەم گەڵاڵەیە هەر فەردە ئاردێک بە ٦٥٠ هەزار تمەن دەکڕن کە پێشتر بە نزیکەی ٤٧ هەزار تمەن دەیانکڕی.

بەڵام فریوکارییەکانی ڕژیم بۆ گرانکردنی نرخی نان هەر بەوەندە خەتم نابێت. ئەم سیاسەتە هەروەک سیاسەتەکانی تری ڕژیم لەهەمانکاتدا مۆرکی جینایرتکارانەترین سیامای ئەم ڕژیمەی پێوە دیارە. ڕۆژنامەی ” جەوان” یەکێک لەبلاوکراوەکانی سەر بە سپای پاسداران، لە نوێترین ژومارەی خۆیدا وێڕای دیفاع لە پێویستی گرانکردنی نرخی نان، بەمجۆرە دژە مرۆڤانەیە باس لە گرینگترین هۆکارەکەی دەکات: سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نان پێویستە ئاماژە بکرێت بە بەکارهێنانی نانی دەوڵەتی لەلایەن نزیکەی دە ملیۆن کۆچبەری دەرکییەوە کە هەندێکجار بە بەهرەمەندبوون لە ڕژیمی خۆراکیی “نانپایە”، چەند هێندەی بنەماڵە ئێرانییەکان نان بەکاردێنن و لەڕاستیدا لە ئێرانییەکان زیاتر لە سەرانەی یارانەی ئارد بەهرەمەندن، لەم ڕووەوە هیچ گومانێک لەپێویستی گۆڕانکاریی لەم  شێوازە زیانبارەدا نییە و تەقریبەن سەرجەم کارناسانی ئابووری و دڵسۆزانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لەسەری کۆکن.

بەڵام ڕووداوەکانی ئەگەری بەکردەوە دەرهاتنی هەنگاو بە هەنگاوی گرانکردنی نرخی نان دەریدەخات کە نیگەرانییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی واقیعی بووە و خەڵەک وا بە سانایی گرانبوونی نرخی نانیان بەسەردا تێناپەڕێت. هەواڵەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی خوزستانەوە باس لەوە دەکەن کە لەسێ شاری ئیزە، سوسەنگرد و شادگان خەڵک لەناڕەزایەتی بە گرانبوونی نرخی نان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. بەگوێرەی ئەم هەواڵانە ئەو ناڕەزایەتییانە لەگەڵ کاردانەوەی تووند و تیژی هێزەکانی ڕژیم بەرەوڕوو بۆتەوە و تەنانەت لە هەندێک شوێن دەنگی تەقەش بیستراوە و ئینترنێتی زۆربەی شارەکانی ئوستانی خوزستان بڕدراوە یان خێراییەکەی بەڕادەیەکی زۆر دابەزیوە و شیاوی کەڵک لێوەرگرتن نییە. هەروەها بەپێی چەند هەواڵێکی تر، شەوی پێنجشەممە ١٥ی مانگی گوڵان لانیکەم ٢٠ کەس لە شاری سوسەنگرد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

کۆماری ئسلامی مەترسییەکانی بەتەواوەتی هەستپێکردووە. ئەم ڕۆژانە تەنانەت زۆریەک لە لایەنگرانی دەوڵەتی ڕەئیسی، ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرن و لەهەوڵی ئەوەدان کە خۆیان لە بەرپرسیارێتی لەئاست ئەم هەلومەرجەی ئێستا بێبەری بکەن. بۆنموونە: سایتی ” خەبەر ئانلاین” یەکێک لە سایتەکانی نزیک لە دەوڵەتی ڕەئیسی نووسیویەتی:

” نان گران بوو”، “شیرەمەنییەکان گران بوون”، “ماکارۆنی گران بوو”، ” ڕۆن گران بوو”، “خانووبەرە گران بوو” و… ئەم ڕۆژانە گوێچکەمان بە بیستنی هەواڵی لەم چەشنە ڕاهاتووە، هەواڵگەلێکی کە لەماوەی چەند مانگی تەمەنی دەوڵەتی ئوسوولگەرای  ڕەئیسیدا بەردەوام دەبیسترێ و خاڵی سەرنجڕاکێشیش بریتییە لە کاردانەوەی ڕەئیسی دەوڵەت و دەست و پێوەندەکانی، ” یارانە دەدەین”، “خەتای دەوڵەتی ڕۆحانییە”، “دەستوور دەدەم ئەمە وای لێبێ و ئەوە وای لێبێ”!

هەرئەم ماڵپەڕە حکوومەتییە دەنووسیت: ” هەلومەرجەکە بەڕادەیەک پێشبینی نەکراو و مەترسیدار بووە کە تەنانەت دەنگی ئەو کەسانەشی دەرهێناوە کە بۆ مەدح و سەنا و پێداهەڵگوتنی ڕەئیسی لە کێبڕکێدا بوون”. بەڵام ئەوەیکە بۆ ڕژیمی ئێران مەترسیدار و پێشبینی نەکراوە، بۆ کرێکان و کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش، هیوا بە ڕزگاربوونە و ئاسۆیەکی گەش.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-