وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی شهممه ٢٠ی جۆزهردان ڕایگەیاند: تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی مووشەکی کە دەکەوێتە نزیک ئانكارا ڕوویدا و لانیکەم پێنج کارمەندی ئەم کارگەیە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، تەقینەوەکە بەرەبەیانی شهممه لە کۆمەڵگەیەکی حکوومی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەك و تەقەمەنی لە نزیك ئانكارای پایتەخت ڕوویداوە. تەلەفزیۆنەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە پەنجەرەی دوکان و خانووەکانی دەوروبەری شکاندووه. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەستی پێکردووە.