ڕۆژی سێشەممە ١٧ی مانگی جۆزەردان، ئۆتۆمبێلی دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندی دروکییە و دزڵێ بە ناوەکانی “محەمەد ئەڵماسی” و “عوسمان ڕەشیدی” لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان هەڵدێرا و ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
به پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەم دوو کۆڵبەرە کردووە و ئەوانیش کونترۆڵی ئۆتۆمۆبێلەکەیان لەدەست داوە و کەوتوونەتە ناو دۆڵێکهوه و دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە. بەپێی هەواڵێکی دیکە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی مانگی جۆزەردان لە سنووری هەنگەژاڵەی شاری بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “سمکۆ خزرنژاد” و خەڵکی شاری مهاباد لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیهوه بەچەکی تاپڕ تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە بەسەختی بریندار کراوە.