کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە ئەگەرچی زووتر لە وادەی خۆی بوو، بەڵام چاوەڕوان نەکراو نەبوو

لە ماوەیەکی کورتی دوای بڕیارەکەی دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکایی لە سوریە، خەبەر دێت کە دەوڵەتی تورکیە هێزەکانی لەسەر سنوری سوریە كۆكردۆته‌وه‌. تانک و ماشێنە نیزامیەکانی تورکیە گوازراونەتەوە بۆ ئوستانی کیلیس. ڕەجەب تەیب ئۆردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیە پێشتر وتبوی ئەڕتەشی ئەو وڵاتە دەیەوێ لە دژی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک، دەست بە شەڕ بکات. بەڵام دوێنێ ئەو لە قسەکردنێکی نوێدا لەم بارەیەوە وتی عەمەلیاتی نیزامی لە رۆژهەڵاتی فوڕات وەدوا دەخات تا بزانێ بارودۆخەکە، لە ئاکامی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریە، چۆن دەبێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئاشکرایە کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە، دەستی دەوڵەتی تورکیە لەم وڵاتەدا بۆ هەر کارێک کراوەتر دەبێت.

بڕیاری ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سوریە بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەوترێت، رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو، ئەم بڕیارە ئەگەرچی کاتی ڕاگەیەندنەکەی لە ڕوانگەی هێندێک لە ئەندامانی دەوڵەتی ئەمریکاوە گونجاو نەبوو، بەڵام درێژەی هەمان سیاسەتە کە ئۆباما لە عێراق ئەنجامیدا و بوو بە هۆی لێک هەڵوەشانی ئەڕتەشی عێڕاق و بەهێز بوونی داعش. وادیارە ئەمجارە ئەردوغان بە ترامپی وتوە کە ئەرکی بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی داعش لە سوریە دەگرێتە ئەستۆ. بڕیارەکەی ترامپ بۆ بردنەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە ڕەنگە بۆ ئەوانە چاوەڕوان نەکراو بوو بێت، کە بەرەو پێش چوونی ستراتیژی خۆیان لە سوریە بە حوزوری ئەمریکا لەم وڵاتەدا گرێدابوو.

شەش ساڵ بەسەر کاتێکدا کە بزوتنەوەی ناسراو بە رۆژئاوا بە ڕێبەری حیزبی یەکێتی دیموکراتیکی گەل پ. ی. د تێیدا پێکهات، تێپەڕ دەبێت. لەو کاتەدا هێزەکانی ڕێکخراو لە لایەن ئەو حیزبەوە لە حاڵێکدا کە بەشار ئەسەد بۆ پاراستنی پێتەخت لە هێرشی نەیارانی هێزەکانی بە ناچار لە ناوچە کورد نشینەکانی سوریە کشاندبۆوە، کەلێنی دەسەڵاتیان پرکردەوە و کۆنترۆڵی بەشێک لە باکوری سوریەیان بە دەستەوە گرت. لە ماوەی ٣ ساڵدا کە ئەم ناوچەیە هێشتانەکەوتبوە بەر هێرشی داعش، لەچاو ناوچەکانی دیکەی سوریە خاوەنی ئەمنیەتێکی گونجاوتر بوو وە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی تێدا ئەزمون کرا. لە ساڵی ٢٠١٤ دا بەهێز بوونی داعش لە عێڕاق و دواتر لە سوریە ئەو ئارامییەی تێکدا. داعش بە هەموو توانایەوە هێرشی کردە سەر کۆبانی. هێزە چەکدارەکانی بەرگری بەخێرایی ڕێکخران. و خۆراگریەکی حه‌ماسی لە بەرانبەر هێرشی داعشدا شکڵی گرت. لەو کاتەدا هێزە ئاسمانیەکانی ئەمریکا ٣ حەوتو درەنگتر و لەژێر گوشاری بیرورای گشتیدا لەدژی داعش هاتنە شەڕەکەوە. دوای ئەوە بوو کە حوزوری هێزە نیزامیەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فورات بەرە بەرە پڕ ڕەنگتر بۆوە. بەڵام قەبارەی ئەم هێزانە قەت لە ئاستێکدا نەبوو کە خۆیان ڕاستەخۆ بچنە شەڕی زەوینیەوە لەگەڵ داعش. ئەم نەبەردە ئەساسەن لە لایەن هێزەکانی سوریای دیمەکراتیکه‌وە هیدایەت و ڕێبەری دەکرا.

تا ئەو جێگایەی بە بزوتنەوەی رۆژئاوا دەگەڕێتەوە، شەڕ لەگەڵ داعش دوو قۆناغی هەبوو. قۆناغی یەکەم دیفاع لە بەرانبەر هێرشی داعش بۆسەر کۆبانی و ناوچەکانی تر و سەرئەنجام دەرپەڕاندنیان لە حەوزەی چالاکی و نفوزی جەماوەری ئەم بزوتنەوەیە. قۆناغی دووهەم پێش ره‌وی كردن بەرەو ڕەقە و شەڕ کردن لەو ناوچانەدا بوو کە ئێره‌ ئیتر ڕاستەخۆ حەوزەی کار و نفوزی جەماوەری بزوتنەوەی رۆژئاوا نەبوو. قۆناغی دووهەم ئەساسەن بە هانددانی ئەڕتەشی ئەمریکا و بە وەعدەی بەردەوام بوونی پشتیوانی تەسلیحاتی و لوجستیکی لە هێزەکانی پاراستنی گەل بە کردەوە دەرهات. بەم جۆرە داعش لە ڕەقە کە دوای موسڵ بە پێتەختی دووهەمی داعش بە ئەژمار دەهات، دەرکرا. ئەم سەرکەوتنە بە قیمەتی گیان به‌خت كردنی بە سەدان کەس لە ژنان و پیاوانی گیان لەسەر دەستی رۆژئاوا دابین بوو.

لە رۆژەکانی سەرەتای قۆناغی دووهەمی شەڕ لەگەڵ داعشدا ئێمە وتمان کە هێزەکانی رۆژئاوا نابێ بەبێ شەرت و مەرج بچنە ئەو قۆناغەوە. ئەگەر قۆناغی سەرەتا موقاومه‌تیكی مان و نه‌مان بوو بۆ دیفاع لە ناوچە ئازاد کراوەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی، قۆناغی دووهەم، بۆ بزوتنەوەی رۆژئاوا خاوەنی ئەو ڕادەیە لە ئەولەویەت نەبوو. ئەگەر قەرار بوو هێزەکانی پاراستنی گەل بچنە نێوم ئەم قۆناغەوە، دەبوو لەسەر بنەمای قەراردادێکی ڕەسمی و ڕاگەیەندراو لەگەڵ هێزەکانی ئیتیلافی دژی داعش بە ڕێبەریی ئەمریکا و بە چاودێری رێكخراوی نێونەتەوەییەکان بەڕێوە چوبایە. ناوەرۆکی ئەم تەوافوقنامەیە دەیتوانی لەوانە وەرگرتنی زەمانەتگەلی قابیلی قەبوڵ لەبەرامنبەر بەرگرتن لە هێرشی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوا بێت. لە لایەکەوە بزوتنەوەی رۆژئاوا ئەو تواناییەی هەبوو کە مەرجەکانی جێی سەرنجی خۆی بۆ دریژەدان بە شەڕ لەگەڵ داعش داسەپێنێ. بوونی ژنان و پیاوانی شەڕکەری پڕ شور کە له‌ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان و له‌ به‌رگه‌یه‌كی ره‌وادا خارا بوون، ئەو تواناییەی بەخشی بووە ڕێبەریی سیاسی پ. ی. د. و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئەمریکاش بۆ شکاندنی داعش پێویستیەکی حەیاتی بە هێزێکی مەیدانی هەبوو. لە حاڵێکدا کە ئەمریکا و هێزەکانی تری ئیئتیلاف نەیاندەویست هێزە زەمینیەکانیان دەرگیری ئەم شەڕە بکەن، کەوابوو بژاردەیەکی تریان نەبوو بۆ درێژەدانی شەڕ لەگەڵ داعش.

لەو کاتەوە کە دەوڵەتی تورکیە بە چاو پۆشی کردنی ئەمریکا هێرشی کردە سەر عەفرین، دیار بوو کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرژەوەندیەکانی لە درێژەی هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەدا دەبینی و لە ڕاستیدا بزوتنەوەی رۆژئاوا شوێنێکی لە ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نابێت و درەنگ یان زوو بە تەواوی پشتی تێدەکات. له‌ راستیدا مەترسی هێرشی ئەڕتەشی تورکیە، بزوتنەوەی رۆژئاوای بەناچار خستۆتە بارودۆخێکەوە کە چاره‌یه‌كی نه‌بێ غه‌یری ئه‌وه‌كه‌ لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەست بکات بە وتووێژ و سازان. کاربەدەستانی نزیک لە بەشار ئەسەد، نایشارنەوە کە خوازیاری تێکەڵ بوونی هێزەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئەڕتەشی سوریەن. لە ئەگەرێکی وەهادا ئەوەی کە لە بزوتنەوەی رۆژئاوا دەمێنێتەوە، پاراستنی دەستەوتە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکە لە بواری خۆبەڕێوەبەری و ئیدارەی دیموکراتیکی کاروبارەکان لەم ناوچەیەدا. دەستکەوتێک کە بە قایم تر بوونی پێگەی بەشار ئەسەد، بێگومان ئه‌ویش هێرشی دەکرێتەسەر. دیفاع لەم دەست کەوتانە و خەبات بۆ پاراستنیان، ناوەرۆک و کاکڵی درێژەی بزوتنەوەی رۆژئاوا لە بارودۆخی تازەدا پێکدێنێ.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-