کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گوڵان، پارێزەری مەحمود مێهرابی ڕایگەیاند کە دادگایەک لە ئیسفەهان بە شێوەی زارەکی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی، بە تاوانی گەندەڵی، حوکمی لەسێدارەدانی موکلەکەی پێڕاگەیاندووە. ناوبراو دەڵێت لە دۆسیەی موکیلەکەیدا تەنانەت یەک تۆمەتی ئەوتۆی گەندەڵی زەوی بوونی نییە کە لەگەڵ لە یاسای خودی ئەم ڕژیمەدا بگونجێت. مەحمود مێهرابی لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١وە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و دادوەرە بەکرێگیراوەکەی تەنیا بەهۆی چالاکی لە دنیای مەجازیدا ئەم حوکمە نامرۆڤانەی بەسەردا سەپاندووە. دەزگای دادوەری ئیسفەهان کە بە ڕسوایی و گوێ لەمست بوون ناوبانگی دەرکردووە، ڕۆژی ٢٥ی ئاوریل، بەبێ پشتبەستن بە هیچ هۆکارێکی یاسایی، سزای لەسێدارەدانی بۆ ڕاپەری شۆڕشگێڕ تۆماج ساڵحیش دەرکرد. بەڵام ڕژیم ڕۆژی ١٦ی گوڵان تەنیا بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام نەوەستا، بەڵکوو هاوکات سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی لە زیندانی زەنجان و بەندکراوێکی لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان بەڕێوە برد. چوار ڕۆژ پێشتریش، واتە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان، ڕژیم ئەنوەر خزری، خەڵکی شاری مەهابادی دوای نزیکەی ١٥ ساڵ دەستبەسەربوون بە تۆمەتی بیروباوەڕی ئایینی، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دا. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە چەندین زیندانیی کورد، لە دادگای چەند خولەکێدا بە تۆمەتی بیروباوەڕی ئایینی، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی هەواڵەکان ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، دوو کەسی دیکە لە زیندانەکانی ئەردەبیل و کەرەج لەلایەن ڕژیمەوە لەسێدارەدران. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان ڕایگەیاند کە لە دوو حەوتووی ڕابردووداکۆماری ئیسلامی لە هەر پێنج کاتژمێردا کەسێکی لە سێدارە داوە“. هەروەها لە دوو هەفتەی کۆتایی مانگی ئاوریل دا حوکمی لەسێدارەدانی ٦٣ زیندانی لە زیندانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. بە پێی داتاکانی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ١٧١ کەس لە زیندانە جیاجیاکانی ئێران لە سێدارە دراون. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٨٥٣ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. ئەگەرچی ئێعدامەکان بەردەوام لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایی زۆرێک لە هاووڵاتیانی ناوخۆ و دەرەوە بەرەوڕوو بووەتەوە، بەڵام لە بەفرانباری ٩٦ەوە و بە تایبەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیەوە زیاتر پەرەی سەندووە. ئەم ناڕەزایەتیانە بەتایبەت دوابەدوای حوکمی لەسێدارەدان بۆ تۆماج ساڵحی، لە ناوەوە و دەرەوە و تەنانەت لەناو زیندانەکان لەلایەن زیندانیانی سیاسیی خەباتکارەوە، ئاستێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرتووە.

پەنابردنە بەر جەللاد و پەتیسێدارە، هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام بووە و لە شۆڕشی ژینا بەملاوە خێراتر بووە. چونکە ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، ترسی مەرگی حەتمی خستووەتە دڵی بەرپرسانی ئەم ڕژیمەوە. پەرەسەندنی ژمارەی ئێعدامەکان لەو ماوەیەدا هاوکات بووە لەگەڵ توندتر بوونەوەی هێرشی وەحشیانە بۆ سەر ژنانی خوازیاری جلوبەرگی دڵخواز، چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و زیندانیانی سیاسی، هێرشی زیاتر بۆ سەر کۆڵبەران لە کوردستان و سوختبەران لە بەلوچستان و هەروەها بەهاییەکان بە پانتایی ئێران. گرتنەبەری سیاسەتی مانەوە بە پشت بەستن بە پەتی سێدارە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بە پێچەوانەی دەیەی شەست، نەک هەر جەماوەری تووڕە و بێزاری چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو بۆتە هۆی هاندانیان، بۆ چوونە ناو سەنگەری خەباتی ڕاستەوخۆ لەدژی ڕژیم و لەگۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە. پەرەسەندنی بێوێنەی ناڕەزایەتییەکان دژ بە سزای لەسێدارەدان، یەکێکە لە بەڵگە سەلمێنەرەکانی ئەم ڕاستییە. بەڵام بۆ لەکارخستنی ماشێنی ئێعدامی ڕژیم و کۆتایی هێنان بە سزای لەسێدارەدان، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت و تاکتیکی هێرشبەرانەتر بگیرێتەبەر و ئاستی ناڕەزایەتی و داخوازییەکان بەرز بکرێتەوە. پێویستە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی، ناڕەزایەتییە پرش و بڵاوەکانی خۆیان زیاتر ڕێکبخەن، بەردەوامی پێبدەن وسزای لەسێدارەدان دەبێ هەڵبوەشێتەوە، بکەن بە ف، هیەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆیان. ئەوان بەم شێوەیە دەتوانن دادخوازان و نەیارانی سزای لەسێدارەدان، لە ناوەوە و دەرەوە لەگەڵ خۆیان بخەن.  پێویستە جەماوەری خەڵک لەو ڕاستییە تێبگەن کە ئێعدام لە دەستی ڕژیمدا، ئامرازێکە بۆ پێکهێنانی ترس و خۆف لە کۆمەڵگادا، نەک بۆ دابینکردنی ئەمنییەت. لەسێدارەدان، نەک هەر لە هیچ وڵاتێکدا ئارامی و ئەمنییەتی پێک نەهێناوە، بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەی بووە. ڕاستی ئەم بابەتە لە ڕژیمێکدا کە بە پشتبەستن بەوپەڕی سەرکوت و توندوتیژی، شەڕی لەدژی خەڵک ڕاگەیاندووە، زیاتر دەردەکەوێت. هەر لە ئەمڕۆوە دەتوانرێت ڕژیم تاڕادەیەک ناچار بە پاشەکشە بکرێت سەبارەت بە ئێعدامەکان و هێرش بۆسەر ژنانی ئازادپۆش و هیتر، بەڵام مەرجی کۆتاییهاتن بە سزای ئێعدام و هەر چەشنە بەڵا و نەهامەتییەکی تر لە ئێران، بریتییە لە ڕووخاندن و لەگۆڕنانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-