خامنه‌یی ڕێبه‌ری ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، له سوخهنڕانییهكی ویدێئۆیی خۆی له ڕێوڕه‌سمێكی نیزامی‌دا، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه، ئیدعای كرد كه “له گه‌رمارۆكانی ئه‌مریكا بۆ پته‌و كردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئابووریی ئێران كه‌ڵك وه‌رده‌گرین“. ئه‌و هه‌روه‌ها وتی كه “گوشاری زۆرینه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ینه زۆرترین ڕووڕه‌شی و مایه‌ی په‌شیمانی بۆی“. وته‌كانی خامنه‌یی وڵامێك بوو به به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی فاشیستیی ترامپ كه له ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایانگه‌یاندبوو كه گه‌مارۆ ده‌خه‌نه سه‌ر ١٨ بانكی ئێران و “پڕۆژه‌ی گوشاری زۆرینه له‌پێناو ناچار كردنی ڕژیمی ئێران بۆ وتووێژ كردن، په‌ره پێده‌ده‌ن“. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌و به‌شه له ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی و هێزه ناسیۆنالیسته‌كان كه چاویان له ڕووخاندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به یارمه‌تی ئیمپریالیسمی ئه‌مریكا و دۆڵاری هێندێك له وڵاتانی ناوچه‌كه بڕیوه، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی ئیمپریالیسمی ئه‌مریكا وتووێژه له‌گه‌ڵ ڕژیم له‌پێناو هاوئاراسته كردنی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش خۆی، بێ داهاتوویی ئه‌وان له‌پێناو ڕووخاندنی ڕژیم، ئاشكرا ده‌كات.
به‌ڵام هه‌راوهوریای خامنه‌یی له باروودۆخێك دایه كه گشت ئه‌و خهسهڵهتانهی كه كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌خاته سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر، له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌بیندرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئامارانه‌ی كه له لایه‌ن به‌رپرسانی ڕژیمه‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه، باس له ڕاستییه‌كی خۆفناك و ده‌ڵته‌زێن ده‌كه‌ن. هه‌ر له ڕۆژانی ڕابردوودا، سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان به كه‌مبوونی نان له شاره‌كانی ته‌ورێز، ئه‌رده‌بیل، مه‌شهه‌د، زابۆل، بۆكان، سه‌قز، شاهین شار، سه‌رده‌شت و میاندواو كرد. به پێی ئه‌م ڕاپۆرتانه، قیمه‌تی ئارد له مه‌شهه‌د ٧٠ له‌سه‌د چووه‌ته سه‌رێ و قیمه‌تی یه‌ك نان له ئه‌رده‌بیل بووه‌ته ٢ هه‌زار و ٥٠٠ تمه‌ن. له ماوه‌ی ٦ مانگی ڕابردوودا، ئه‌رزشی پاره‌ی ئێران سه‌ره‌ڕای ناردنی ملیۆنان دۆلار بۆ سه‌ڕافییه ڕه‌سمییه‌كان له لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه‌وه، له‌گه‌ڵ هاتنه‌خواره‌وه‌ی ٥٠ له‌سه‌دی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌رزشی پاره‌ی ئێران ده‌ستبه‌جێ له‌سه‌ر قیمه‌تی هه‌موو كاڵا پێویسته‌كانی خه‌ڵك له‌وانه خوارده‌مه‌نی، گواستنه‌وه و هاتووچۆ، وزه و ده‌رمان، كاریگه‌ریی به‌رچاو داده‌نێ. كه‌ماڵ خه‌رازی، سه‌رۆكی شۆرای ڕاهبۆردیی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ڕژیم، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو ناچار بوو كه ڕایگه‌یه‌نێ كه “گرانی، بوونی هه‌یه به‌ڵام خه‌ڵك گوشاری ئابووری ته‌حه‌مول ده‌كه‌ن“. هه‌ڵبه‌ت مه‌علووم نییه ئه‌و باسی كام خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی سه‌رانی ڕژیم و ئاغازادهكانه، كه‌وابوو حه‌ق به‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باسی ملیۆنان خه‌ڵك كه ته‌نانه‌ت له باروودۆخی نه‌بوونی گرانیدا، ده‌بێ به داهاتی چوار قات ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه، ژیان به‌سه‌ر به‌رن، ئه‌وكات پێویسته بوترێ كه چ دهرهیهكی قووڵ له نێوان ئیدعاكانی به‌رپرسانی ڕژیم و باروودۆخی فه‌لاكه‌تباری خه‌ڵك دایه.
هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه بڕوانینه ئاماری مه‌رگی ڕۆژانه‌ی كۆرۆنا، كه له نێوان ٢٠٠ تا ٣٠٠ كه‌س دایه و ئاماری تووش بووانی ڕۆژانه‌ی كۆرۆناش كه پتر له چوار هه‌زار كه‌سه، تا بێ توانایی و داماوی ئه‌م ڕژیمهمان له كۆنتڕۆڵ كردنی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بۆ ده‌ركه‌وێ. هه‌موومان ده‌زانین، ملیۆنان كه‌س كه به سه‌ختی نان به سفره‌كانیان ده‌گات، هه‌م قوربانیانی ئه‌م ویرووسه و هه‌م قوربانیانی ویرووسی ڕژیمن. وه‌زاره‌تی كاری ڕژیم ده‌ڵێ كه پیشه‌ی لانیكه‌م ٦ ملیۆن كه‌س له ئێران به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا زه‌ربه‌ی پێگه‌یشتووه و لانیكه‌م یه‌ك ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كه‌س به‌هۆیه‌وه بێكار بوون. ئه‌گه‌رچی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بیمه‌ی بێكاری وه‌زاره‌تی كار ئیدیعای كردووه كه ته‌نیا ٩٥ هه‌زار كه‌س بیمه‌ی بێكاریان پێ نه‌دراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌شێكی به‌رین له كرێكاران به بیانووی جۆراوجۆره‌وه له بیمه‌ی بێكاری بێبه‌رین. ئه‌م به‌شه به‌رینه له كرێكاران بریتین له كرێكارانی ڕۆژمزد، سه‌دان هه‌زار كرێكاری بیناسازی، موعه‌لیمانی شیركه‌تی، كرێكارانی كارگه چكۆله‌كان و زۆربه‌ی به‌شه‌كانی خزمه‌تگوزاری كه بیمه‌ی بێكاریان به‌رناكه‌وێ و ئاشكرایه كه بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆناش، ژیان و گوزه‌رانی ئه‌م به‌شه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی جیدی به‌ره‌وڕوو كردووه. هه‌ڵبه‌ت له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه لێره‌شدا هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی بێداد ده‌كات و پتر له هه‌مووان ژنان قوربانیانی سه‌ره‌كیی ئه‌م شه‌پۆلانه‌ی بێكارین. به پێی ئاماره بڵاوكراوه‌كان، ڕێژه‌ی بێكاری ژنان دوو هێنده‌ی ڕێژه‌ی بێكاریی پیاوانه. به پێی هه‌ر ئه‌م ئامارانه، له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، نزیك به ٧٥٠ هه‌زار ژن، پیشه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست داوه.
سه‌رۆكی ناوه‌ندی خانه‌نشینانی ته‌ئمینی ئیجتماعی ده‌ڵێ “به‌داخه‌وه جێگای شه‌رمه كه به‌رپرسان ڕێگه ده‌ده‌ن كه خانه‌نشینان بۆ دابین كردنی پێداویستییه‌كانی ژیانیان، ڕوو بكه‌نه سواڵ كردن“. ئه‌و هه‌روه‌ها هۆشداری دا كه “هه‌موو ڕۆژێ ژماره‌ی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی كه بۆ دابین كردنی ده‌رمانی منداڵه‌كانیان ناچارن سواڵ بكه‌ن، ده‌ڕواته سه‌رێ“. دیسان هه‌ر له‌م حه‌فته‌یه‌دا ناوه‌ندی ئاماری ئێران ڕایگه‌یاند كه ” هه‌زینه‌ی مامناوه‌ندی كرێی ماڵ بۆ گشت ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه قه‌رارداده‌كانیان دووباره كردووه‌ته‌وه، له هاوینی ئه‌مساڵدا، چوار و یه‌ك و سێ دههۆمی له‌سه‌د، ڕۆیشتووه‌ته سه‌رێ“.
هه‌موو ئه‌وانه له باروودۆخێك دایه كه شه‌پۆلی سێهه‌می كۆرۆنا سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگای ته‌نیوه‌ته‌وه و له‌و نێوه‌دا به‌رپرسانی ڕژیم بێشه‌رمانه خه‌ڵك تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه گۆیا به ڕێنوێنیه‌كانی ئه‌وان سه‌باره‌ت به مهودادانی كۆمه‌ڵایه‌تی و یان به‌كارهێنانی ماسك، بایه‌خ ناده‌ن. به‌ڵام ئه‌و ملیۆنان كه‌سه‌ی كه بۆ دابین كردنی ژیانێكی مه‌مره و مه‌ژی، له نائه‌منترین شوێنه‌كاندا، به‌ناچار خه‌ریكی كارن، باش ده‌زانن كه مهودادانی كۆمه‌ڵایه‌تی و یان كه‌ڵك وه‌رگرتن له ماسك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توانای كڕینهكهییشیان هه‌بێت، نانێك ناخاته سفرهكانیانهوه. له ڕاستیدا له باروودۆخی فه‌لاكه‌تباری زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا، خۆهه‌ڵكێشان و هات و هاواری خامنه‌یی و باقیی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به “پته‌وكردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئابووریی ئێران” و یان “خۆڕاگریی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر گرانیدا“، هه‌ڵیت و پڵیتێكه كه ته‌نیا ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵك زیاتر ده‌گه‌شێنێته‌وه. ئه‌وه‌یكه له جه‌رگه‌ی ئه‌م گوشار و فهلاكهتانهدا، كۆمه‌ڵگا شایه‌دی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌موو ڕۆژێی كرێكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینان و په‌رستارانه، خۆی به‌رچاوترین نیشانه‌ی كاریگه‌ر نه‌بوونی ئه‌مجۆره هه‌ڵیت و پڵیتانهیه و هاوكات پۆتانسیه‌لی ئاڵوگۆڕخوڵقێنی ناو ئه‌م كۆمهڵگایهشمان پێ نیشان ده‌دات. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیاندا و هه‌موو ڕۆژێ، زیاتر له ڕۆژی ڕابردوویان، به‌و ڕاستییه ده‌گه‌ن كه ڕێگای ڕزگاری له‌م باروودۆخه فهلاكهتباره، په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تی، هاتنه سه‌رشه‌قام، مانگرتن له كارخانه و ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌نعه‌تی و ئاماده‌كاریی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌یه. هه‌ربۆیه، له‌م ڕوانگه‌وه پێویسته پێشڕه‌وانی ڕادیكاڵی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌موو هێز و توانای خۆیان بۆ هێنانه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و كۆتایی هێنان به ته‌مه‌نی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی به‌كار بێنن و بێگومان بێجگه‌له ئه‌وه‌ش ڕێگایه‌كیتر بوونی نییه.