کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان

یەکەم کۆبونەوەی ژنانی ئەمریکای لاتین لە ساڵی ١٩٨١ رۆژی ٢٥ی نوامبری وەک “رۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان” ڕاگەیاند. ئەنگیزەی ئەم کارەش دەگەڕێتەوە بۆ کوژرانی خوشکانی میرابل لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆماری دومینیکن. ئەوان لە تێکۆشەرانی چالاک لەدژی دیکتاتۆڕی ” ڕافایل تراخیلۆ” بوون. کوژرانیان بە شێوەیەکی دزێو دوای دەستدرێژی کرانە سەریان و ئەشکەنجە دانیان بوو بە بوار خۆشکەری خەباتێکی بەرین. ئاستی چەند لایەنە بوونی کوژرانی ئەم سێ خوشکە کە وەک “پەپولەی لەبیر نەکراو” ناویان دێت، بوو بە هۆی ئەوەی کە توندوتیژی لەدژی ژنان لە هەموو ئاستێکدا سەرنجی بخرێتە سەر و کێشە و گرفتی بۆ دروست بکرێت. ئاکامی ئەم خەباتە دەر کردنی بریارنامەیەک لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٩ سەبارەت بە ڕایەگەنرانی ٢٥ ی نوامبر وەک ” رۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان”. لە سەرودەمی ئەم رۆژەدا، سیمای جیهانی سەردەم، سیمای دنیایەکی ئاوەژوە کە توندوتیژی لەدژی ژنان یەکێک لە تایبەتمندیە بەرچاوەکانیەتی. لە جەریانی قەیرانی سەرمایەداریدا و لەگەڵ بەکردەوە دەرهاتنی بەرنامە ڕیازەتیە ئابووریەکان بەر لە هەمووان ژنانن کە دەبنە قوربانیانی شەپۆلی بێکار سازیەکان. لە جەریانی شەڕە نیابەتی، قەومی و مەزهەبیەکاندا نە تەنیا ئاوارە دەبن بەڵکو دەست درێژیی کرانە سەریان وەک چەکێکی جەنگی بە حیساب دێت کە دەبێ لە خزمەت لاواز کردنی رۆحیەی لایەنی بەرانبەردا بێت. تەنانەت لەوێدا کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی کرێکاری لە شۆڕەوی دەدرێتە بەر هێرش یەکەم قوربانیەکانی ئەوانن.

تەندوتیژی لەسەر ژنان دیاردەیەکی جیهانییە. لە پێشکەوتو ترین کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریەوە تا دواکەوتو ترین کۆمەڵگاکان، ژنان لەگەڵ سیمای دزێوی ئەم توندوتیژیانەدا بەرەو روون. ئەمەش واوەتر لە سنوری جوغڕافیایی و فەرهەنگیەکاندا بەڕێوە دەچێت و لە هەموو جێگایەک لە ماڵەوە تا قوتابخانە، لە شوێنی کارەوە تا کەمپەکانی پەنابەری، واتە هەم لە مەیدانی گشتی و هەم لە بواری خوسوسیدا دەبیندرێت. لە عەینی حاڵدا توندتیژی لەسەر ژنان دیاردەیەکی گەلێک پان و بەرینە، دەستدرێژی بۆسەر ژنان، لەش فرۆشی، هاوسەرگیری بە زۆرەملی، دستدرێژی مەحرەمەکان، لێدان و ئازاردان، هاوسەر گیری منداڵان، پرنۆگرافی، ئەسید پاشی، دووگیان بوونی ئیجباری، ئەزیەت و ئازاری جنسی و کەلامی، قەتڵی ناموسی و هیتر دەرخەری جۆراو بوون و بەرین بوونی ئەم دەیاردەیە. دیارە کە نایەکسانی چینایەتی و نایەکسانی ڕەگەزی بابەتێکی سروشتی نین. لە هەر دووی ئەم نابەرابەریانەدا هەموو ئامرازەکانی کۆمەڵگا لە دەوڵەت، یاسا، سوننەت، مەزهەب، فەرهەنگ و بنەماڵەوە به حەرەکەت دەکەون تا ئەم نایەکسانیانە وەک بابەتێکی سروشتی دەرکەون. لەگەڵ ئەمەشدا نابێ لەبیر بکرێت کە لە پەیڕەوکرانی ئەم توندتیژیانەدا بە تایبەت دەوڵەت ئاڵقەی ناوەندی پێکدێنێت. دەوڵەت لە ڕێگای پاراستنی مناسباتی چینایەتی، پاراستنی پێوەندی و سوننەتە پیاو سالارانەکان و دیسان بەرهەمهێنانەوە و پتەو کردنی هەموو ئەم مناسبات و پێوەندیانە، توندوتیژی لەدژی ژنان و پاراستنی ژێر دەستەیی ئەوان نیهادینە دەکات. ئەگەرچی بەهۆی خەباتی بێ وچانی ژنانەوە و بەتایبەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا دەوڵەتەکان ناچار بوون کە کۆمەڵێک یاسا بۆ بەرتەسک کردنەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان پەسند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوێوە کە دەوڵەت ئۆرگانی پارێزەری مناسباتی نایەکسانی چینایەتی، ئۆرگانی پاراستن و پتەو کردنی مالیکیەتی خوسوسییە و لەوێوە کە ژنان وەک کاڵا بەردەوام دەبنە قوربانی ئەم موناسباتە، لەبەر ئەوە سڕینەوەی بە تەواوەتی توندتیژی پێویستی بە کۆمەڵگایەک هەیە کە تێیدا جیاوازیە چینایەتیەکان و پێوەندی سەرچاوە گرتو لەم جیاوازیانەوەی لەبەین بردبێت. لەم نێوانەدا ناوەندی بنەماڵە وەک بنچینەیی ترین یەکە لە پێکهاتەی کۆمەڵگادایە کە ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر تێیدا بەرەو رووی توندوتیژی دەبنەوە. لە ڕاستیدا لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ژنان لە منداڵ بوونەوە تا پێشکەشکردنی بێ حەقدەستی کاری ماڵەوە دەورو نەخشێکی یەکلا کەرەوەیان لە بەرهەمی هێزی کاری کرێکاردا وەک کاڵایەک هەیە. لە مناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ژنان کاتێک کە کار دەکەن لە ڕێگای فرۆشتنی ڕاستەوخۆی هێزی کاریانەوە و کاتێکیش کە کار ناکەن لە ڕێگای کاری ماڵەوە و بەرهەم هێنانەوەی نەوەی نوێ دەچەوسێنەوە. هەردوی ئەم بەشە بۆ سود بە دەست هێنانی سەرمایە پێویستن.

کۆماری ئیسلامی هەم وەک ڕژیمێکی سەرمایەداری و هەم وەک ڕژیمێکی مەزهەبی، توندوتیژی لەسەر ژنانی لە بەرین ترین ئاستدا و بە وەحشیانە ترین شێوەی مومکین پەێڕەو کردوە. ژنانی ئێران فەرامۆشی ناکەن کە هێشتا چەند مانگێک لە بە دەسەڵات گەیشتنی دژە شۆڕشی ئیسلامی تێنەپەڕی بوو کە هێرش بۆسەریان بە فەرمانی بەرێوەبردنی حیجابی ئیجباری دەستی پێکرد. حیجاب یەکێک لە هێماکانی پەیڕەو کردنی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی لەدژی ژنانە و لە خزمەت حاکمیەتی فەرهەنگی گەنیوی پیاوسالارانە دایە. لە ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا و گشت ئەو ڕژیمانەی کە بوونەتە پێگەی ئیسلامی سیاسی یاسا دژی ژنەکان یەکێک لە هێماکانی پتەو کردنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی سیاسین و پاڕلمان بۆتە شوێنێک بۆ پەسند کرانی یاسا کۆنەپەرستانەکان بۆ پەیڕەوکردنی ستەمی جنسیەتی لەسەر ژنان. ئاخرین حاڵەتی لە پاڕلمانی دەوڵەتی کۆنەپەرستی عێراقدا بینیمان کە هەوڵ ئەدات یاسای ئیسلامی هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵان سەرلەنوێ دامەزرێنێتەوە.

پەیڕەو کرانی توندوتیژی ڕەسمی، یاسایی، سوننەتی، ئاشکرا و شاراوە لەسەر ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشێکە لە هۆویەت و بەشێکی جیانەکراوەیە لە کارنامەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران. لە دەستدرێژی بۆسەر ژنان لە زیندانەکانەوە تا پیڕەو کردنی لەشفرۆشی لەژێر ناوی ” سیغە”دا لە زەوتکرانی مافی حەزانەت و تەڵاقەوە تا ئیجازەی کار و سەفەر بەگشتی، ئەو فاکتۆڕانەن لە جەوهەری دژی ژنی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵێک دەرکەوتە لە پەیڕەو کرانی توندوتیژی. لەخۆڕا نییە کە ناڕەزایەتی ژنان لەدژی داسەپاندنی ئەم بەڕبەڕیەتە ئاشکرایە لە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆریدا لەدژی نەزمی حاکم دەرێژەیان هەیە و بۆنەتە بەشێکی جیا نەکراوە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی جەماوەری خەڵک بۆ ڕزگار بوون لە شەڕی کۆماری ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەدا نابێ لەبیر بچێتەوە کە توندوتیژی لەدژی ژنان بەشێکە لە کارکردی مناسباتی چینایەتی و سیاسی حاکم و ستەمێک لەدژی ژنان و دژایەتی کردنی ژنان بە شێوەی جۆراو جۆر بەرهەم و دیسان بەرهەم دێنێتەوە. لەبەر ئەوە خەبات بۆ سڕینەوەی بەتەواوەتی توندتیژی لەدژی ژنان بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەبات بۆ لەنێو بردنی کۆمەڵگای چینایەتی. لەم روەوە نابێ بێڵین کە هەراوهوریای سەبارەت بە مەحکومیەتی توندتیژی لەدژی ژنان لە سەرودەمی ئەم رۆژەدا پەردەیەک بێت بۆ شاردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی کە بە درێژایی ساڵ و لە گوزەری مێژوودا و لە پانتایی جیهاندا لە لایەن نیزامی چینایەتی سەرمایەداریەوە بەسەر ژناندا پەیڕەو دەکرێت.

بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری
بژی سوسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢١ی نوامبری ٢٠١٧
٣٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ر ١٣٩٦

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-