کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێرانبە بۆنەی٨ ماڕس رۆژی جیهانی ژن( ٢٠١٧)

2017-03-1 | ۱۳۹۵-۱۲-۱۱

ستەمکێشی ژن یەکێک لەو دیاردانەیە کە ئاوێتەی گشت کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریە. بەڵام ئەو بارودۆخەی کە لە ئێراندا بەسەر ژناندا سەپاوە لەگەڵ کەمترین شوێن لە دنیادا شیاوی بەراورد کردنە، لەبەر ئەوەی کە لە ئێراندا بۆرژوازی بە پشت بەستن بە قانون و یاسای ئیسلامی حاکمیەتی خۆی بەڕێوەدەبات. ژن لە ئیسلامدا نا کامڵ و زەعیفەیە، وەک نیوەی پیاو بە حیساب دێت و ڕەگەزێکی ژێر دەستەیە. نیزامی ئیسلامی کە بەڕبەڕیەتی خۆی کردۆتە وەسیقەی ڕزگار کردنی سەرمایەداری قەیران لێدراوی ئێران، بە گشت یاسا و ڕێسا و جەنایەتەکانیەوە ژنانی بەرەو پێگەیەکی بە ئاشکرا کۆیلەئاسا پاڵ پێوەناوە. لەسەر بنەمای قانونی ئیسلامی مۆری ئاپاڕتایدی ڕەگەزی لەهەمان سەرەتای هاتنە دنیاوە بەشێوەی ڕەسمی ئەدرێت بە ڕەگەزی ژنەوە. ژن لە هەموو جێگایەک و لە گشت کاروباری ژیاندا لە هەمان سەرەتای منداڵیەوە وەک ڕەگەزی ژێر دەستە سوکایەتی پێ دەکرێت. ژن سەرتاپای تەمەنی لەژێر قەیومیەت و سەرپەرستی پیاودایە. نە تەنیا لە مافی تەڵاق بێبەشە، تەنانەت هاوسەرگیریەکەشی خراوەتە گرەوی ئیجازەی قەییم و سەرپەرستەوە. تەنانەت مافی سەرپەرستی کردنی منداڵەکانیشی لێ زەوت کراوە. بەڕێچوونی بە ” نەفەقە” و ” سەدەقە”ی پیاو سپێردراوە، و بەدرێژایی تەمەنی ئەرکی ئیتاعەت کردن لە پیاو و زگ و زا کردنیشی خراوەتە ئیختیاری پیاوەوە.

ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە مەزهەب و یاسای کۆیلەتی هێنەر به‌سه‌ر ژنانی هێناوه‌، هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەرەو نابوودی بردنی هەست و نەستیان. ئەم نابوود کردن و بێ مافیەی کە ژنانی ئێرانی لەم سەردەمەدا بە ناخی خۆیدا بردۆتە خوارێ، ئەم هەڵاواردنە ئاشکرا و كۆیله‌تی ڕه‌سمی به‌ هۆی ڕەگەز، ئەم ستەم و سەرکوتە سازماندراوە کە لەسەر بەستێنی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی رۆژ لە رۆژ زیاتر و دژوارترین گوشارە کۆمەڵایەتیەکان پەیڕەو دەکرێت بە ڕادەیەکه‌ کە هیچ جێگایەکی بۆ ڕازی بوون بەم مناسباتە و دڵخۆش بوون بە ئیسلاحی نیزامی مەوجود نەهێشتۆتەوە. ئەم ڕژیمە سەرماداریە مەزهەبیە لە درێژەی ٣٨ ساڵ هێرشی بێوچان لەدژی ژنان، لەمرۆدا حەز و تاسەی خەباتکارانەی ژنانی بۆ ڕزگار بوون لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، داخوازی ژنان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژیانێکی ئینسانی بە دوور لە ستەم و عیشق بە ئازادی و ئینسانیەتی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی. ڕژیمی ئیسلامی هەمان ئەو هێزەی لە وجودی ژناندا داوەتەبەر هێرش کە ژنانی ئێرانی لە خەباتی سەنگەر بە سەنگەر لەدژی نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزیدا وەحەرەکەت خستوە.

ئێستا بەشی پێشڕەوی بزوتنوەی ژنان و بزوتنەوەی کرێکاری ستەمێک کە لە ژنان دەکرێت بە باشی دەناسن. زۆربەی هەرە زۆری ژنان بەشیک لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگان. ئەم ژنە ستەمدیتوانە قوربانیانی نیزامێکن کە لەسەر ئەساسی کۆیلەتی موزدی ئیسانەکان بنیات نراوە. ستەم لەسەر ژنان ڕیشەی لە نیزامێکدایە کە تێیدا، ئەوان کە کار دەکەن و بە ڕەنج و ئازار و ئەو سەختیانەی تەحەمولی دەکەن هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەرهەمدێنن، بێبەهرە ترین و بێبەش ترین بەشی کۆمەڵگان. ستەمکێشی ژنان ڕیشەی لەم نیزامەی بەکرێگیراوی سەرمایەدایە. نیزامێکی کە بۆ دروست کردنی تەفرەقە و دوو بەرەکی و جیاوازی خستنە نێوان جەماوەری کرێکارانەوە هەموو جۆرە هەڵاوردن و بێ مافیەک، هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو، هەڵاواردنی نێوان نیژاد، میللەت و مەزهەبەکان و هەموو چەشنە ستەمگەریەکی تر بەکاردێنێ. ئەم ستەمەی کە ئەمرۆ لە ژنان دەکرێت، بەشێکە لەو ستەمگەری و هێرشە هەوسار پچڕاوانەی کە بۆرژوازی بە پشت بەستن بە قانونی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و بە شگردی دەوڵەتی مەزهەبی لەدژی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش ڕیکیخستوە.

ژنان قوربانی هێرشی سازماندراوی بۆرژوازی لەدژی چینی کرێکار و زۆرلێکراوانی کۆمەڵگان. ئەم هێرشە ئاشکرایەی بۆرژوازی و دەوڵەتی مەزهەبی تەنیا بە هێزی ڕیکخراوی ژنان و پیاوانی کرێکار و ستەم دیتوانی کۆمەڵگا تێکدەشکێندرێت. لەمرۆدا ژنانی ئێران لەسەر ناوەرۆکی ئاڵوگۆرەکانی سێ دەیەی ڕابردو، بە حوزوری بەرچاویان لە بازاڕی کاردا، بە ئامادە بوونی حاشا هەڵنەگریان لە مەیدانە جۆراو جۆرەکانی خەباتدا، روو کردنە خوێندنی باڵا و شکۆفانەی ئیستعدادەکانیان لەو ڕشتانەدا کە تا دوێنێ لە پاوانای پیاواندا بوون و گرایشیان بەرەو منداڵ بوونی کەمتر، بواری گونجاو بۆ گەشە کردنی ئاگاهی و پەرەسەندنی خەباتی ڕەوای خۆیان لە کۆمەڵگادا فەراهەم کردوە. ژنانی بنەماڵە کرێکاریەکان و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگە بە حزوری روو لە زیاد بوونیان لە بازاڕی کار و لە خەبات بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و ژیان لە مەوقعیەتێکی باشتردا بۆ توشی کێشە کردنی نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی وەک یەکێک لە پایەکانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی قەراریان گرتوە. سەرانی ڕژیم کە توانایی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆڕانەیان نییە، هەر رۆژە و بە هێنانی لایەحەیەک و پەسند کردنی یاسایەکی دژی ژنی نوێ، دەچنە شەڕی ئەم ئاڵوگۆڕانە. بە هۆی ئەم ئاڵوگۆڕ و خەباتە سەنگەر بەسەنگەرەی ژنان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشو کەوتۆتە ژێر گوشاری داخوازی و داواکاریەکانی بزوتنەوەی ژنانەوە و بەروپێش چوونی ئەم بزوتنەوەیە حەتمی و چار هەڵنەگەره‌.

لەم بارودۆخەدا کە هەم جەریانی فیمینیزمی ئیسلامی سەربە ئیسلاح خوازانی حکومەتی و هەم گرایشی فیمینیزمی لیبڕاڵ، هەر دوو ئیستراتیژی ئیسلاحی نیزامی کۆماری ئیسلامیان خستۆتە بەردەم بزوتنەوەی ژنان و بە شێوەی خۆیان لە هەوڵدان کە بزوتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی تەسکی قانونە کۆنەپەرستانەکانی موجود دا و بە هێندێک هاوسەنگ کاری لە شێوەی ئیجرای قانونە ئیسلامیەکاندا بەند بکەن، هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی ژنان پێویستە بۆ پاشکەشە کردن بە نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی، هەوڵدان بۆ بەسیج و هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و ستمەدیتوو بکەنە مێحوەری فەعالیەتەکانیان. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی ژنان پێویستە پێداگری لەسەر ئەو داخوازی و داواکاریانە لە بزوتنەوەی ژناندا بکەن کە ڕیشەیان لە کار و ژیانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش دایە و خاوەنی پتاسیەلی بەسیجی جەماوەرین. ئەو داخوازی و داواکاریانەی کە دەستەبەر بوونیان لە گرەوی بەرەو روو بوونەوە و هێرش بۆسەر سەرمایە دایە. پێداگری لەسەر ئەم داخوازیانە و جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی یەکگرتن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و نیشاندانی مەسیری دەستەبەر بوونیان هەنگاوێکی گرنگە لە ڕاستای هێنانە مەیدانی جەماوەری ژنانی کرێکاری ئازار چێشتوو.

ڕزگار بوونی بە تەواوەتی ژنان و ڕزگار بوونی چینی کرێکار تەنیا لە کۆمەڵگایەکی بە دوور لە هەر چەشنە هەڵاواردن و ستەمگەریەکدا ئیمکانپەزیرە. کۆمەڵگایەکی ئازاد کە تێیدا بە لەبەین چوونی چینەکان سەرجەم ستەمگەری و هەڵاواردنەکان لەسەر بنەمای جنسیەت و میللیەت و نیژاد و ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان ئینسانەکانی لەنێودا لادەچێ. ٨ ی ماڕس رۆژی هاوپشتی بزوتنەوەی ژنان و گشت ئەو ئینسانە ئازادانەیە لە سەرتاسەری دنیادا کە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و ستەمگەری خەبات دەکەن. حیزبی کومونیستی ئێران هاوپشتی قوڵی خۆی لەگەڵ سەرجەم ژنان لە خەبات لەدژی ئەم ستەم و هەڵاواردنە دژی ئینسانیە ڕادەگەیەنێ و بانگەوازی هەموو ژنان دەکات کە لە خەبات بۆ ڕزگاری، هیچ دەرفەتێک بۆ دروست کردنی پێوەندی و هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار لەدژی نیزامی سەرمایەداری لە دەست نەدەن.

پێرۆز بێت ٨ ی ماڕس رۆژی جیهانی ژن

بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کڕێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێڕان

١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٥

١ی ماڕسی ٢٠١٧

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە دوازدەی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-