کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی_کۆمەڵه_له_دەرەوەی_وڵات:

 

هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکییە بۆ ناساندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان به ”تیرۆریسم” شەرمەزار دەکەین!

هاوکات لەگەڵ داواکاری دوو وڵاتی فینلاند و سوئێد بۆ ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتلەسی (ناتۆ)، دەوڵەتی تورکییە بەو بیانووە کە ئەم دوو وڵاتە لە ”تیرۆریسم” پشتیوانی دەکەن، دژایەتی خۆی لەگەڵ وەرگرتنیان وەک ئەندامی ناتۆ دەربڕیووە و بە ئاشکرا ئەو مەرجەی خستۆتە ڕوو کە سوئێد و فینلاند دەبێ خەباتی خەڵکی کوردستان، لانیکەم لە تورکییە و لە سورییە، وەک کردەوەی ”تیرۆریستی” بناسێنن و پەیوەندییەکانی خۆیان لە گەڵی دا کۆتایی پێ بێنن. لە درێژەی هەوڵەکانی خۆی‌دا، دەوڵەتی تورکییە تەنانەت داوای کردووە کە چەندین کەسایەتی ناسراوی لایەنگری خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان، لەوانە ئامینە کاکەباوە کە ئەندامی پەرلمانی سوئێدە، ڕادەستی دەوڵەتی تورکییە بکرێن.

دەوڵەتی تورکییە، کە لە ناوخۆی وڵات لە گەڵ ناڕەزایەتی جەماوەری ڕووبەڕووییە و قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان تەنگی پێ هەڵچنیووە، هەوڵ دەدات لە ئاستی دەرەکی‌دا بە ”تیرۆریست” ناساندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان باری قورسی گوشارە ناوخۆییەکان لە سەر خۆی سووک بکات و خۆی لەو ئەزمەی کە توشی بووە ڕزگار بکات. لە لایەکی تریشەوە هەوڵ دەدات بە باجگیری بە شێوەی مافیایی، لە لایەکەوە پێگەی لاوازی خۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دەوڵەتانی تر پتەو بکات و لە لایەکی تریشەوە نەیارانی سیاسی خۆی، کە ژمارەیان بێ ئەژمارە، لە ناوبەرێت.

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، وێڕای ئیدانە کردنی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکییە بۆ ناساندنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان وەک کردەوەی ”تیرۆریستی”، بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان دەکات کە دژی ئەم هەوڵانە هەڵوێست بگرن. هاوکات، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات هەوڵ دەدات هاوڕا لە گەڵ ڕێکخراو و ناوەندە ئازادیخوازەکانی تر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکییە ناکام بهێڵێتەوە و سیمای ئازادیخوازانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان زیاتر بە جیهانیان بناسێنێت. لەم پەیوەندەدا داوا لە هەموو ‌ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی چالاک لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین کە هاوئاهەنگ لە گەڵ یەک چالاکییەکانمان بخەینە گەڕ تا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بەو شێوەی کە هەیە لە ئاستی جیهاندا بناسرێت و چەواشەکارییەکانی دەوڵەتانی دوژمنی خەڵکی کوردستان بێ ئاکام بمێنێتەوە.

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢١ی مەی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە دوازدەی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

-