کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهان

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ #عیسا_جەمشیدی

¬

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە هاوڕێ عیسا جەمشیدی، پێشمەرگە و کادیری دێرینی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ماڵئاوایی لە ژیان کرد. هاوڕێ عیسا ماوەیەک بوو گرفتار به نەخۆشی بوو و بەداخەوە سەرەنجام سەرلەبەیانی ئەمرۆ ٤ی مانگی فورییەی ٢٠٢٣ دڵی پڕ لە هیوای بە ڕزگاری مرۆڤی چەوساوە لە لێدان کەوت.

هاوڕێ عیسا وەک لاوێکی خەباتکار چالاکانە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی بەشداری کرد و هەر لەو سەردەمەوە چارەنووسی سیاسی خۆی بە کۆمەڵەوە گرێ دا. هاوڕێ عیسا لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و هەژاری گوندی «نەجەف ئاوا» سەر بە ناوچەی کامیاران چاوی بە ژیان هەڵهێنا. هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تامی تاڵی هەژاری چێشت و لە ژیانی ڕۆژانەی دا چەوساندنەوە و هەڵاواردنی هەست پێ کرد. ژیانی کرێکاری لە مەزرا و لە شارە پیشەسازییەکانی ئێراندا ئەوی کرد بە کرێکارێکی وشیار و بەرهەڵستکارێکی پێوەندییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری ئەو کاتی ئێران. هەربۆیه سەرهەڵدانی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی ئەو هەلە بوو کە هاوڕێ عیسا چاوەڕێی دەکرد تا دەوری خۆی وەک شۆڕشگێڕێک تێدا بگێڕێت.

وەک کرێکارێکی وشیار و شۆرشگێڕێکی دوورئەندیش، هاوڕێ عیسا دەیزانی کە کاری ڕێکخراو دەتوانێت چالاکییەکانی ئەو بەرهەمدار بکات و ڕێگای سەرکوتن هەمووار بکات. هەربۆیه پەیوەست بوو به ڕیزەکان کۆمەڵەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە سیمایەکی ناسراوی ناو هێزی پێشمەرگە و کەسایەتیێکی خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵک. هەر ئەم تایبەتمەندییانە هاوڕێ عیسای کردە ئەستۆداری گەلێک بەرپرسایەتی تا ئاستی ئەندامییەتی لە کۆمیتەی ناوەندیدا. کاک عیسا ئەگەرچی لە خەباتی پێشمەرگانە و نیزامی دا توانایی و بوێریێکی ئەفسانەیی لە خۆی نیشان دا، بەڵام ئەوە مرۆڤدۆستی، وشیاری سیاسی و هیوا به ڕزگاری ئینسانی چەوساوە بوو کە ئەوی کردە خاوەنی ناوبانگ و خۆشەویستی.
هاوڕێ عیسا لە نێو کۆڕی یارانی دا وەک کەسایەتیێک بێ ڕاڕا، راستگۆ، خۆنەویست، خاوەن ئیرادە و پێداگر لە سەر ڕێبازی سۆسیالیسم دەناسرا کە بە بێ پەروا، بەڵام بە ڕێزەوە، ڕوانگاکانی خۆی ڕادەگەیاند.

گومان لەوەدا نییە کە بە مەرگی هاورێ عیسا بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئێران و کوردستان یەکێک لە وەفادارترین دڵسۆزانی خۆی لەدەست دا. هاوکات گومان لەوەدا نییە کە ئەم بزووتنەوەیە و هەموو خەڵکانی ئازادیخواز ئەمەکناسانە لەخۆبردوویی، دڵسۆزی و ماندووبوونەکانی هاوڕێ عیسا ڕێز لێ دەگرن.
نوێنەرایەی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات هاوخەمی خۆی لە گەڵ بنەماڵەی ئازیزی هاوڕێ عیسا، بە تایبەت هاوڕێ کوبرا و منداڵەکانی و هاوڕێ تەڵا جەمشیدی، ڕادەگەیەنێت.

بەڕێز بێت یاد و بیرەوەرییەکانی هاورێ عیسا جەمشیدی!

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٤ی فورییەی ٢٠٢٣
@Komala1

بابەتی پەیوەندیدار

چالاكی ژنانی ئه‌فغانستانی دژبه‌ حكوومه‌تی تالیبان

-

كۆبوونه‌وه‌ی ئێرانیانی ئازادیخواز له‌ فڕانكفۆرتی ئاڵمان

-

له‌سێداره‌دانی سێ به‌ندكراو له‌ زیندانی ته‌ورێز

-

سه‌پاندنی سزای زیندان به‌سه‌ر چالاكانی مافی ژن له‌ گیلان

-

كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی شاره‌داری له‌ ئه‌ندیمشك

-

كوژران و برینداربوونی چه‌ند كه‌س له‌ هێرشی داعش له‌ ڕۆژئاوای كوردستان

-