کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژن نزیک دەبینەوە. بەم بۆنەیەوە ئەم ڕۆژە مێژووییە مەزنە لە سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز پیرۆزبایی دەکەین. ڕێز دەگرین لە یاد و فیداکارییەکانی ئەو ژن و کچە ئازادیخوازانەی کە لە شۆڕشی شکۆداریژینادا وەک ئەستێرەیەک درەوشانەوە و بوونە چرای ڕووناکی بەخشی شۆڕشی چارەنووسسازی داهاتوو. سەد و ١١ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژندا تێپەڕ دەبێت، ڕۆژێکی کە لەلایەن کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ کلارا زێتکین وەک ڕۆژی ژنانی کرێکار پێشنیارکرا و بە هەوڵی سۆسیالیستەکان بوو بە ڕۆژێکی جیهانی. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ژنانی ئازادیخواز بە پشتیوانی پیاوانی خەباتکار و یەکسانیخواز، بە فیداکاری و گیانبازی و قوربانیدانێکی زۆر توانیویانە گەلێک ماف و داخوازیی جیهانی بەدەست بهێنن و بزووتنەوەی ژنان لەپێناو ڕزگاریدا چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە ببەن. ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن و ڕۆژی خەبات لە پێناو ڕزگاری ژناندا بەرز ڕادەگرین، کە قەیرانێکی قووڵی ئابووریی باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و ئاسەوارەکەی کە بریتییە لە هەژارییەکی لەڕادەبەدەر، زیاتر لە هەمووان لەسەر شانی ژنان قورسایی دەکات، شەڕی ماڵوێرانکەری ئۆکراین و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعی غەززە، بەتایبەت ژنان و منداڵان لەلایەن ئەرتەشی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە هەروا بەردەوامە. ژنان لە شەڕ و قەیرانەکاندا بەردەوام وەک ئەمڕۆ، زیاتر لە پیاوان لەگەڵ ئازار و خەسارە ترسناکەکانی، بەرەوڕوو بوونەتەوە، بەڵام ژنانی تێکۆشەر و پێشڕەو بەردەوام لە سەر ئاستی جیهان و  لە ڕۆژە سەخت و ئەستەمەکاندا، لە زومرەی پێشەنگەکانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە شەڕ و مژدەبەخشانی ئاشتی و ئاشتەوایی و ئازادی و ئەمنییەت بوون. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وەک هێمای ئاشکرای حکوومەتێکی ئایینی پشتیوانی نیزامی چینایەتی سەرمایەداریی، هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی خۆی لەسەر زەوتکردنی مافە ئینسانییەکانی ژنان دامەزراند. یەکەم دەرکوتنی سیاسی خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢دا، لە دژی ژنان و ئەو مافە سەرەتاییانە بوو کە لەو قۆناغەدا بەدەستیان هێنابوو، هەڵوێستێکی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای هاتنە سەرکاری لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧دا جەختی لەسەر کردەوە و بە کردەوەی دەرهێنا. لەو کاتەوە ڕژیمی ئیسلامی دوو باڵی ئایین و پیاوسالاری بەهەموو هێزەوە لە دژی ژنان بەکار هێنا. بێبەزەییانە ترین شێواز و فۆرمەکانی توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن لە دژی ژنان، لە ڕژیمی ئیسلامیدا بە یاسایی کران. سەپاندنی حیجابی ئیجباری وەک سیمبولی بە کۆیلە کردنی ژنان، هاوسەرگیری منداڵ، پەرەپێدان بە لەشفرۆشی لەژێر ناوی سیغەکردن، لێبوردەیی یاسایی بۆ کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووسی، بێبەشکردنی ژنان لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ، بێبەشکردنی ژنان لە مافی دادوەری، زەوتکردنی مافی سەفەرکردن بەبێ ئیزنی پیاوان و بە یاسایی کردنی مافی دوو ژن بەرامبەر بە پیاوێک تەنیا بەشێکن لە یاساکانی دژە ژن لە ڕژیمی ئیسلامیدا.

بەڵام بە بەرینایی ڕەهەندەکانی وەحشیگەری و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان، خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لەناو کۆمەڵگا و لە شوێنی ژیان و ناوەندەکانی کاردا بێ پسانەوە لە ئارادا بووە و لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی (ژن، ژیان، ئازادی)دا گەیشتە لوتکە. شۆڕشیژینانیشانی دا کە ژن نەک هەرلاواز و ڕەگەزی دووەمنییە، بەڵکوو بەتوانا، وشیار، بوێر و فیداکارە و زۆرترین شایستەی بەڕێوەبردنی جیهانێکی دوور لە شەڕ و کوشتار و لێوانلێو لە ئاشتی و مرۆڤدۆستی و مێهر و خۆشەویستییە. لەخۆڕا نەبوو کە سەرپۆشەکان دەسووتێنران، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا بوون، لەبری وتار و خوتبەی مەلا و ئاخووندە ئاینییەکان، دروشم و سروودی شۆڕشگێڕانە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان دەوترانەوە و لێدوان و بەیانییەی ئومێدبەخش دژ بە هۆکارەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ژنان، واتە ئایین، پیاوسالاری و سەرمایەداری، دەنوسران و بڵاو دەکرانەوە. کەم نین ئەو ژنە خۆڕاگر و فیداکارانەی کە لە سیاچاڵەکانی ئیسلامیدا بوێرانە خۆڕاگرییان کرد و کۆڵیان نەدا و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئاڕمان و باوەڕی بەرزیاندا بەخت کرد. کەم نین ئەو ژنە خەباتکار و تێکۆشەرانەی کە سەرجەم تابۆکانی ئەو قۆناغەیان تێکشکاند و لە نەبەرد و بەرخۆدانی چەکدارانە و سەربەرزانەی کوردستاندا لە دژی لەشکرکێشی حکوومەتی ئیسلامی قارەمانانە خەباتیان کرد، گیانیان لەدەستدا و بوونە هێما و سیمبولی هەزاران ژن و کچی شۆڕشگێڕ و ناو و یادیان بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. کەم نین ئەو ژن و کچانەی کە لە ستەم و سەرەڕۆیی یاخی بوون و چارشێو و حیجابی ئیجباری ئیسلامی، ئەم هێمای وەحشیگەری و بەربەرییەت و پیاوسالارییە ئایینییەیان لە مەیدان و چوارڕێیانی شارەکاندا ئاگر تێبەردا و دەنگی یەکسانیخوازی و مرۆڤایەتییان بەرز کردەوە. کەم نین ئەو ژن و کچانەی کە لە خەبات و ناڕەزایەتی ڕۆژانەی کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و ماڵ خوراواندا هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی ئازادی و یەکسانییان بەرز کردەوە، سینگیان لەبەرامبەر سەرکوتگەرانی بێبەزەییدا کردە قەڵغان و لەرزیان خستە جەستەی حکوومەتی ڕزیوی ئیسلامی ئێرانەوە.

لە ئێرانی ژێر  دەسەڵات و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن هیچ پێگەیەکی یاسایی نییە. دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم ڕۆژە، لە دژایەتی ئەم حکوومەتە لەگەڵ ژنان و هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازییەوە سەرچاوە دەگرێت. ٨ی مارسی ئەمساڵ دەتوانێ ڕۆژی گەڵاڵە کردن و خستنەڕووی ویست و داخوازییەکانی ژنان، ڕۆژی داواکاری یەکسانی ژن و پیاو، ڕۆژی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگای ڕوو لە گۆڕان و وەرچەرخانی ئێراندا بێت. ویست و داواکارییەکانی ژنان، ویست و داواکاریی چینی کرێکار و بەشی وشیار و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگایە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژن، داوا لە سەرجەم ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکات کە بە بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرین دژ بە ستەم و سەرکوت لەسەر ژنان و بەرامبەر بە سیاسەتە دژە ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕۆژە بەرز ڕابگرن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

مارسی ٢٠٢٤

ڕەشەممەی ١٤٠٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-