رێكخراوی “هیومان رایتس ۆوچ” ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بهفرانبار له ڕاپۆرتێكیدا رایگەیاند، لەساڵی ٢٠٢٠دا دەسەڵاتدارانی ئێران چالاكییە ئاشتیخوازانەكانیان سەركوت كردوون و هەروەها چەندین پارێزەرو داكۆكیكاری مافی مرۆڤیان زیندانی كردووه كە بەرامبەر به گەندەڵی، خراپی بەڕێوەبەردن و سەركوت كردنەكان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، رێكخراوەكە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەربارەی جیهان، سەبارەت بە ئێران ئاماژەی بەوەداوە كە لەمیانی بەرەنگاربونەوەی تەشەنەكردنی كۆرۆنادا لەو وڵاتە، دەسەڵاتداران دەیان داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و بهندكراوانی سیاسییان وەك دانانی سنورێك بۆ قەرەباڵغی زیندانەكان بەدەركردون لە رێكارەكانی ئازادكردنی كاتی. ڕێكخراوهكه هەروەها هێمای بۆ ئەوە كردووە كە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام بوون لە زیندانیكردنی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی رەخنەیان لە رەفتارەكانی حكومەت گرتووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ لێپێچینەوەی ئەوانەی پێشێلی مافەكانیان كردوە بەتایبەت هێزە ئەمنییەكان كە ئەوپەڕی هێزی كوشندەیان بەكارهێناوه بۆ سەركەوتكردنی خۆپیشاندەران لە مانگی خهزهڵوهری ساڵی ٩٨. هەروەها لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕو كە ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆترین سزای لە سێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت و لە سهرهتای ساڵی ٢٠٢٠وه تا ١٩ی نۆوامبری هەمان ساڵ، ٢٣٣ كەس لە ئێران لە سێدارەدراون كە لەنێویاندا كەسانێك بوون كە لە تەمەنی منداڵیدا تاوانیان ئەنجامیان داوه.