کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

2

مێژووی خەباتی ماندووی نەناسانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، مێژووی خەبات و خۆڕاگری و مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە. ٤٦ ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بارودۆخێکدا دانرا کە کۆمەڵگای ئێران لە بەردەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی مێژووییدا بوو. لە لایەکەوە کۆمەڵانی خەڵک بە شۆڕشێکی جەماوەری لە چنگ دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاشایەتی ڕزگاریان بوو و دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا تا هەناسەیەک بە ئازادی هەڵبکێشن و لە لایەکی دیکەشەوە ترسی زاڵبوونی ڕژێمێکی لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرست و دوژمنی ئازادی کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتبوو.

 

ڕەوتی ئیسلامی ئەرکی بێدەنگکردنی دەنگی شۆڕشی ئێرانی لە ئەستۆ گرتبوو و لە هەموو گۆشەیەکی ئێران پرۆسەی سەرکوتکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی بەرەوپێش دەبرد.

 

بەڵام لە کوردستان دۆخەکە جیاواز بوو. لاوازی ڕەوتی ئیسلامی و کاریگەری سیاسەت و هزری چەپ و ڕادیکاڵ و نائاینی لە نێو خەڵکدا و هەروەها بوونی حیزبە سیاسییەکان و هیتر… بەشێوەیەکی گشتی هاوسەنگییەکی جیاوازی هێزیان دروست کردبوو. کرێکارانی چەوساوە، خوازیاری ژیانێکی باشتر بوون، زەحمەتکێشانی گوند کە لە ژێر کۆت و بەندەکانی پاشماوەی سیستەمی کۆنی ئاغا و دەرەبەگایەتی ڕزگاریان ببوو، ژنانی تینووی مافی یەکسان و ئەو جەماوەرە خەڵکەی کە نەیاندەویست چیتر باری ستەمی نەتەوەیی لەسەر شانیان قورسایی بکات، سەرجەم ئەو ویست و ئاوات و ئامانجانە لە بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی جەماوەریدا خۆی نیشاندا.

 

بزووتنەوەیەک کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژیمە تازە بەدەسەڵاتگەیشتووەی کە هەڕەشە بوو بۆسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی کۆمەڵانی ئازادیخواز. سەرەتا کۆنەپەرستانی ناوخۆیی و پاشماوەی سیستەمی ڕزیوی دەرەبەگایەتی، هەوڵیان دا بە پشتبەستن بە حکوومەتی ناوەندی پێگەی لەدەستچووی خۆیان سەر لەنوێ بەدەست بهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان کردبوو بە دروستکردنی باندی چەکداری و هەڕەشەیان لە زەحمەتکێشانی گوندەکان دەکرد. کۆمەڵە بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەم ڕەوتە، بانگەوازی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی کرد کە لە نێو یەکێتیەکانی جووتیاراندا کۆببنەوە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو و چەکدارانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هێرشی ڕژیم بۆسەر کوردستان، ناوەندەکانی مەشق و بارهێنانی نیزامی کۆمەڵە لە باکوور و باشووری کوردستان بۆ ئامادەکردن و پەروەردەکردنی کادر بۆ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دامەزران.

 

بڕبڕەی پشتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەلایەن ئەو خەباتکارانەوە پێکهات کە لەو ناوەندانەدا مەشق و ڕاهێنانیان پێکرابوو. هێزی یەکێتیەکانی جووتیاران بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە، لە «مەریوان، دیواندره، کامیاران، سەردەشت، بۆکان و مەهاباد»، ئەرکەکانی خۆیان سەرکەوتووانە بە ئەنجام گەیاند. زەوی و زارەکان بەسەر جووتیارە هەژارەکاندا دابەش کران و گروپە چەکدارەکانی ئاغاکان لەبەریەک هەڵوەشێنرانەوە. جۆش و خرۆشی ئەو زەحمەتکێشانەی کە بە دەستی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو و بە ئایندەیەکی گەش ئومێدەوار ببوون و هەروەها ئەو کەشوهەوا سیاسی – دیموکراتیکەی کە هەموو کۆمەڵگای کوردستانی داگرتبوو، ئەم ناوچەیەی کردە سەنگەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامی شۆڕشی ئێران.

بەرفراوانبوونی نفوزی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵە و گەشەکردنی تواناکانی، لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەردا کە لە چەندین ڕووداوی مێژوویی وەک کۆچی خەڵکی مەریوان، مانگرتنی گشتی یەک مانگەی خەڵکی شاری سنە بە مەبەستی دەرکردنی سپای پاسداران لەو شارە، ڕێپێوانگەلێکی گەورە و پرشکۆ بەرەو شاری مەریوان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەم شارە و چەککردنی هێزی کۆنەپەرستی ناسراو بە «سەپای ڕزگاری»، کە لە لایەن شێخەکانی ناوچەکەوە ڕێکخرابوو، خۆی نیشاندا.

هیچکام لەمانە کە ئاسۆیەکی جیاوازیان بۆ ئایندەی شۆڕشی ئێران لە بەردەمدا بوو، لەلایەن ئەو ڕژیمە ئیسلامییە کۆنەپەرستەوە کە تازە بە دەسەڵات گەیشتبوو، تەحەممول نەدەکرا. هەر بەو هۆیەشەوە، دوای ماوەیەک فریوکاری و کاتکوشتن، هەموو دەرگاکانی دیالۆگ و دانوستانی داخست و دوای خوڵقاندنی چەند کارەساتێکی وەک کۆمەڵکوژی «قاڕنا و قەڵاتان» و شوێنەکانی دیکە، بە فەرمانی خومەینی لە ٢٨ی خەرمانانی ١٣٥٨دا لەشکرکێشییەکی بەرفراوان و دڕندانە بۆسەر کوردستان دەستی پێکرد.

کۆمەڵە بانگەوازی خەڵکی کوردستانی کرد کە لە هەموو بوارەکاندا بەرەنگاری ئەم لەشکرکێشییە ببنەوە. خەڵکی کوردستان بە گەرم و گوڕ پێشوازییان لەو بانگەوازە کرد و مێژووی پڕ لە هەڵکەوتوون و نشێو و پڕ لە وانە و ئەزموونی چل و شەش ساڵی ڕابردوویان خوڵقاند. لەو کاتەوە تا ئێستا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەردەوام هاندەری خەبات و خۆڕاگری کۆمەڵانی خەڵک بووە و بۆخۆی وەک پێشەنگ و سەرقافڵەی ئەو خۆڕاگری و فیداکارییە ڕۆڵی بینیوە.

 

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ماوەی بوونی خۆی لە مەیدانی خەباتی سیاسی و چەکداری لە دژی چەوساندنەوە و سەرکوتگەرییەکانی حکوومەتی ناوەندی و داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و کۆمەڵێک نەریتی بەنرخی لەم کۆمەڵگایەدا جێخستووە. پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر خەباتکارێکی ئازا و خۆنەویست بووە لە مەیدانەکانی شەڕدا، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ڕێکخەر و لایەنگرێکی شێلگیری خەباتی کۆمەڵایەتی خەڵکی زەحمەتکێشە لە پێناو گەیشتن بە ژیانێکی باشتردا. بەبێ دوودڵی و ڕاڕایی لە بەرامبەر نەریت و کولتوورە دواکەوتووەکاندا وەستاوەتەوە و بانگەشەکار و پەرەپێدەری کولتوورێکی پێشکەوتنخوازانە و ئینسانی تر بووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر حەماسەخوڵقێنی مەیدانی نەبەرد بووە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ئاڵاهەڵگری یەکسانی نێوان ژن و پیاو بووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە هەر کوێیەک بووبێت، گەلێک یادگاری بەنرخی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک بەجێهێشتووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە هەر شوێنێک بووبێت، تۆوی هۆشیاری چاندووە و ئاسۆی سۆسیالیزمی بەڕووی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساو و زەحمەتکێشدا کردۆتەوە. بەم هۆکارانە بوو کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە زۆر زوو بوو بە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی بەرخۆدانێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی. خۆڕاگرییەکی کە لە ئاکامدا خەڵکی کوردستان سەریان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانەنەواند و پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەهۆی مانەوە و پێداگری لەم سەنگەری خۆڕاگری و بەرخۆدانەدا بوو کە لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێگای خۆی کردەوە.

 

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بێ ئەرک ناکات و لە چاوەڕوانی سەرکەوتنە نیزامییەکانی خۆیدا ڕاناگرێت، بەڵکوو متمانە بەخۆبوون و پشتبەستنیان بە هێزی خۆیان پتەوتر دەکات. ئاسۆی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری خەڵکی زەحمەتکێش شۆڕشە، شۆڕشێک کە هێزی بزوێنەرەکەی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان پێکدێت. شۆڕشێکی لەم شێوەیە نەک سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی ئێمە، بەڵکوو پشت ئەستوورە بە واقیعە بنەڕەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. ناکۆکییە چینایەتییەکان، نایەکسانی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئازادی کەسی و پێشگرتن لە بیرکردنەوەی ئازاد و ژیانی ئازاد و هیتر…، کە کۆمەڵگا بەرەو شۆڕش پاڵ پێوەدەنێن. شۆڕش بە واتای گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کەمینەیەکی بچووکەوە بۆ زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی سەروەت و سامان و نیعمەتەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش بە واتای خوڵقاندنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ژیانی خەڵکدا دێت. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەشی خۆی هەوڵ دەدات هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بگۆڕێت و هەلومەرجی شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری نزیکتر بکاتەوە. لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئەم هێزە، سەرکەوتنی کۆتایی لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بە شێوەیەکی ئاسانتر و زیانێکی کەمتر مسۆگەر دەبێت.

 

خەڵکی کوردستان بە پشتیوانیکردن لەم هێزە و بەشداریکردن لە چالاکییەکانیدا، لە ڕاستیدا بەرگرییان لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان کردووە. هەزاران کەس بەشێک لە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە ڕیزەکانی ئەم هێزەدا بەسەر بردووە و بە حەق شانازی بە ڕابردووی خۆیانەوە دەکەن. ژمارەیەکی زۆر ئینسانی کۆمۆنیست و کەسایەتی خۆشناو و ناسراوی خەڵکی کوردستان، کە ئاواتی ڕزگاربوونی خەڵک لە ستەم و چەوساندنەوە و کاری کرێگرتەیان لە دڵدا بوو، لە ڕیزەکانی ئەم هێزەدا گیانیان بەختکرد.

 

ئەگەرچی زیاتر لە دوو دەیەیە ئەم هێزە کە لەلایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، بە پێی سیاسەتێکی ڕاگەیەنراو، هیچ چالاکییەکی نیزامی لە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام نەداوە، بەڵام پێگەی خەباتی چەکداری و بەرخۆدان و شەرعیەتی لە چوارچێوەی مافی بەرگری ڕەوادا هەرگیز لە ستراتیژی ئێمەدا نەچووەتە ژێر پرسیارەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە خەباتی چەکداری، بە لەشکرکێشی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنرا. خەڵکی کوردستان ئازادییان دەویست و لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو بەرگری لەو دەستکەوتە دێموکراتیکانە بکەن کە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی شا بەدەستیان هێنابوو، ناچار بوون چەک هەڵبگرن. بەرگریکردن لەو ئازادییە بەبێ فیداکاری و قوربانیدان مومکین نەبوو. ئەوان پەنایان بۆ توندوتیژی نەبرد، بەڵکوو دژی توندوتیژی وەستانەوە و بەرگرییان لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان کرد. کاتێک پاشەکشەیان بە هێزەکانی ڕژیم کرد و جارێکی دیکە کوردستانیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەرکوتگەر ڕزگار کرد، لە زۆر شوێنی کوردستان نموونەگەلێکی بەنرخیان لە شێوازی ژیانی مەدەنی و هەروەها کەشوهەوای دێموکراتیک ئەزموون کرد.

 

بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە، یادی هاوڕێ سەعید موعینی، یەکەم پێشمەرگە و یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵە، کە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەری و ڕۆژی گیانبەختکردنی ئەو ئازیزە ناونراوە، و هەروەها یادی هەزاران تێکۆشەر و مرۆڤی شەریف کە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا لە دژی یەکێک لە جینایەتکارترین و کۆنەپەرستترین دیکتاتۆرییەکانی ئەم سەردەمەدا گیانیان بەختکردووە، بەرز و بەڕێز ڕادەگرین و سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

 

 

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤