ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات نیشان دەدەن کە ئەو خاڵە پشکنینانەی کە بە ناوی «پاراستنی ئاسایشی گشتی لە دۆخی شەڕدا » دامەزرابوون، لە هەندێک حاڵەتدا بوون بە شوێنێک بۆ دروستکردنی فشاری دەروونی، سووکایەتی و ڕەفتاری توند و توندوتیژی بەرامبەر بە هاوڵاتییان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، هەندێک لەو هێزانەی کە لەم خاڵانەدا جێگیرن، بە هەڵسوکەوتی توند و نەشیاو، پشکنینی بەردەوام، بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە نێو خەڵکدا. هاوڵاتییان دەڵێن ئەم کردارە نەک تەنها نابێتە هۆی هەستکردن بە ئاسایش، بەڵکوو فەزایەکی ترس و بێباوەڕی لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکاتەوە. چاودێران باوەڕیان وایە کە ئەم ڕەوتە دەتوانێت وەک بەشێک لە زیادکردنی فشارە کۆمەڵایەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی هەرچی زیاتر لەسەر بوارە گشتییەکان لێک بدرێتەوە، بابەتێک کە کاردانەوەی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.
