دوو حەفتە دوای کرانەوەی زانکۆکان، دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی نیگەران لە حەرەکەتە خوێندکاریەکان لەم ساڵی خوێندندا و پەرەسەندنی بۆ دەرەوەی زانکۆکان، دەستی داوەتە کرداری پێشگیرانە. لەم پێوەندەدا ڕاگهیهندراوه کە لە زانکۆ جۆراوجۆرەکان لە تاران و شارستانەکان لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن شەپۆلێک لە بانگ کردنی هەڵسوڕاوانی خوێندکاری لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردوە. ئیرنا، هەواڵنێریی ڕەسمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ بڵاوی کردۆتەوە، باسی لە شەپۆلی بانگ کردنی خوێندکاران لە ساڵی تازەی خوێندندا کردووە. خوێندکارانی دەستبەسەر کراو لە جەریانی ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا و لە جەریانی شەپۆلی دووهەمی ئەم ناڕەزایەتییانە لە مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەممە، بەرەوڕووی ئەحکامی قورس و قەزایی بوونەتهوه. لەوکاتەوە تا ئێستا، بانگ کردنی هەڵسووڕاوانی خوێندکاری لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەردەام دریژەی هەبووە.
ماوەیەک لەمهوبهریش لە ١٠ بڵاوکراوەی خوێندکاری زانکۆکانی تاراندا، ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە دەستبەسەر کران و ئەو گوشارانەی کە دەخرایە سەر خوێندکران بڵاو بۆوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتبوو:” ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار دەرفەتێک بوو بۆ تەسویە حیساب لەگەڵ هەڵسوڕاوانی خوێندکاری؛ لە مەودای کەمتر لە مانگێکدا، دەیان کەس لە خوێندکاران بە بیانووی جۆراوجۆر تەنیا لە زانکۆکانی تاران وەک زانکۆی عەللامە تەباتەبایی، زانکۆی ئەمیرکەبیر، زانکۆی تەربیەت مودەرس، زانکۆی سەنعەتی شەریف، هەروەها ژمارەیەکی تر لە خوێدنکاران گیران. هەڵبەت ئەم بەرخوردە تەنیا بە زانکۆکانی تارانەوە بەرتەسک نەبووە و لە گەلێک لە زانکۆی شارەکانی تریشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران گیراون. گەلێک پەروەندەی خوێندکارانی زیندانی بە سادر بوونی قەراری جەلب، چوون بۆ دادڕەسی و کەیفەرخواست لە دادگاکاندا و بۆ گەلێک لە خوێندکاران، ئەحکامی زیندانی درێژ ماوە و یان تەنانەت شهلاق لە دادگاکاندا دەرکراوە. ڕەوتی پەروەندە سازییە تازەکان به بانگ کردنی قەزایی خوێندکارانیش ڕانەوەستاوە و هەروا بۆ هێندێک لە خوێندکاران و هەڵسوڕاوانی خوێندکاری پەروەندەی قەزایی تەشکیل ئەدرێت و بانگ دەکرێن.”
ڕەوتی گوشار بۆسەر خوێندکاران لە بارودۆخێکدا توندتر بووهتەوە کە کۆماری ئیسلامیی چاوەڕێی ئاخێزە بەرینە جەماوەریەکانە لە ئاستی کۆمەڵگادا لە دەرەوە و لە ناوەوەی زانکۆکاندا. لەوێوە کە کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانێکی هەمە لایەنە کە داوێنگیری بووە، ڕێگایەک بێجگە لە توندکردنەوەی گوشار و سەرکوت ناناسێت، دەیەوێ بە خەیاڵی خۆی لە پێشدا ڕێگای پیوهست بوونی خوێندکارانی تێکۆشەر بە ڕیزی جەماوەری ناڕازی لە دەرەوەی زانکۆکاندا بگرێت. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە پێشوو نیگەران دەکات، نەفسی ناڕەزایەتیی سێنفی و تەنانەت سیاسی خوێندکاران لە زانکۆکاندا، تەحەمول کردن یان تەحەمول نەکردنی ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان نییە، بەڵکوو ڕژیم نیگەرانی کاریگەری حەرەکەتی خوێندکاری لە فەزای ئالۆزی ئێستای کۆمەڵگا دایە. لە لایەکەوە ڕژیم زەرفیەتی بەرزی سیاسی بزوتنەوە خوێندکارییەکان دەناسێت و فەزای گشتی کۆمەڵگا بە تایبەت لە باری گوشاری زۆری ئابوورییەوە کە ژیانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگای خستووهتە ژێر مەنگەنەوە، ئاڵۆزتر لەوە دەبینێ کە لە ئیستاوە شکڵ گرتنی کانونە زیندو و ئیلهام بەخشەکانی خەباتکارانە لە شوێنە خوێندکاریەکاندا پێشبینی نەکات و خەریکی ئامادەکاری بۆ بەرەوڕوو بوونەوە نەبێت. لە لایەکی دیکەوە، له ڕاستیدا بزوتنەوەی خوێندکاری ئێرانیش هێز، وزە و گەلێک زەرفیەتی خەباتکارانەی بەرزی خۆی لە بارودۆخی گشتی کۆمەڵگا، لە خەباتێک کە لە جەریان دایە، لە ئەزمونێکی دەوڵەمەند کە لە هەوراز و نشێوی چەند دەیەی ڕابردوودا دەستەبەری کردووە، وەردەگرێت. کەوایە کێشمەکێشێکی واقعی لە ئارا دایە. پێداویستی دەستەبەر بوونی دەستکەوتە گەوەرەکان لەم کێشمە کێشەدا، بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری فەراهەمە.
ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو و بەرەوڕوو بوونەوەی ڕژیم لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری بێبەش لە سەحنە جۆراوجۆرەکاندا، بواری ئاڵوگۆڕێکی قوڵ و هیوا بەخشی لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا بەدی هێناوە. ڕژیم نیشانەکانی ئەم ئاڵوگۆڕەی بینیوە. دەرکردنی سزای قورس بۆ خوێندکارانی گیراو، سیاسەتێکە کە ڕژیم بۆ ترساندنی خوێندکاران بەکاری دێنێ. لەم ڕووەوە پوچەڵ کردنەوەی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی خاوەنی گرنگییەکی حەیاتییە. نابێ ئیجازە بدرێت خوێندکاران بە بیانوی بێ بنەما لە خوێندن بێبەش بکرێن. نابێ ئیجازە بدرێت کە دەرکردنی سزای قورسی زیندان بۆ خوێندکارانی ناڕازی بچەسپێت و ببێتە ڕەواڵێکی ئاسایی. ڕژیم ئەگەر بتوانێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ، بە قین لە دڵیەک کە لە بزوتنەوەی ڕادیکاڵی خوێندکاری هەیەتی و بە ترسێک کە لە ئاوێتە بوونی ئەم بزووتنەوە مافخوازانەیەی به بزووتنهوهی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە دڵی گرتووە، گوشارەکانی بۆسەر بزوتنەوەی خوێندکاری و بۆسەر خوێندکارانی پێشڕەو و تێکۆشەر توندتر دەکاتەوە. لەم ڕووەوە لە بارودۆخێکدا کە هاوسەنگی هێزی خەباتکارانە بە قازانجی بەرەی خەڵک گۆڕاوە، دەبێ بە خێرایی بۆ ڕزگارکردنی خوێندکارانی زیندانی، دەست بەکار بین. پێویستە کە مێحوەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتیی خوێندکاری لەم قۆناغەدا ئازادی خوێندکارانی زیندانی، گەڕانەوەی خوێندکارانی لە خوێندن بێبەش کراو بۆ زانکۆکان، دەرکردنی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە زانکۆکان، کرانەوەی فەزای سیاسی له زانکۆکان، کۆتایی هێنان بە بانگ کردن و هەڕەشەی ڕۆژانە بێت. لەمڕۆدا بارودۆخی گشتیی کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکە کە ئەم ئیمکانە لە باری عەینیەوە بەدی هاتووە کە جارێکی تر زانکۆکانی ئێران ببنەوە بە کانونی پڕ جۆش و خورۆشی باسە سیاسیەکان و حەرەکەتی خەباتکارانەی ڕادیکاڵ و پێشڕەو. نابێ ئیجازە بدرێت ڕژیمێک کە لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە ژێر گوشارەوە، زانکۆکان وەک ئاڵقەیەکی لاواز ببینێ و ژەهری خۆی تێدا بڕێژێ.