کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیرۆز بێت ڕۆژی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ ی نۆوامبر بەرابەر لەگەڵ ٩ی مانگی خەزەڵوەر، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینە. دیاریکرانی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی فەلەستین لە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن کۆمەڵەی گشتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، لەژێر گوشاری خەباتی ماف خوازانەی خەڵکی فەلەستین و ڕایگشتی خەڵکی ئازادیخواز لە دنیادا ئەنجام درا. ئامانج ئەوە بوو تا هەموو ساڵێک لە وەها ڕۆژێکدا بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک مەڕاسمی تایبەت جەخت لەسەر مافی پێشێلکراوی خەڵکی فەلەستین بکرێتەوە. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، نەتەنیا ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی ستەم دیتوی فەلەستین کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو هەژاری و بێبەشی زیاتر، کوشتاری بێڕەحمانەتر، ئاوارە بوونی بەرین تر، بەسەر خەڵکی فەلەستیندا داسەپاوە.

لەمڕۆدا ئەگەرچی ئاڵای حکومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەپاڵ پەرچەمی ١٣٦ وڵاتی دنیادا کە ئەم حکومەتەیان بە ڕەسمیەت ناوسیوە، بەرز کراوەتەوە، بەڵام تەنانەت ئەم مەوقعیەتە دو فاکتۆیەش نەیتوانیوە گرێیەک لە ڕەنج و ئازارەکانی ئەم خەڵکە بکاتەوە. هەر لەم ماوەیەشدا و سەرەڕای بەرز کرانەوەی فۆرماڵی ئەم ئاڵایە، شارۆچەكه‌ یەهودی نشینی زیاتر بونیاد نراون و فەلەستینەکان زیاتر لە ماڵ و حاڵیان وەدەر نراون. لێوارەی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن کە بەشێک لە خەڵکی تێدا نیشتەجێن، بە کێشرانی بورج و دیواری بەرز و بێتۆنی و سیمی خاردار بە دەوریدا بۆتە زیندانی ئەو خەڵکە. لێوارەی غەززە، شوێنی ژیانی بەشێکی تر لەم خەڵکە، لە بەشی سەرەکی جیاکراوەتەوە گەوتۆتە گەمارۆوە. تەنانەت ڕێگا سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتی میسریشیان بە ڕوودا داخراوە. لەگەڵ ئەوەدا، لەماوەی ئەم ساڵانەدا، دەیان جار بە شێوەیەکی وەحشیانە دراونەتە بەر هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەڕتەشی ئیسڕائیل و بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کوژراون و ماڵەکانیان بەسەردا وێران کراوە. هاوکات هەزاران تازەلاو و لاوی فەلەستینی لە لێوارەی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن لە لایەن سەربازانی ئەڕتەشەوە تەقەیان لێکراوە، کوژراون و بریندار بوون. زیندانەکانی ئیسڕائیل پڕ کراون لە هەزاران فەلەستینی خەباتکار. 

دەوڵەتی ئیسڕائیل بۆ درێژەی ستەمگەرییەکانی و داگیر کردنی سەرزەمینی فەلەستینییەکان پشتی بە پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەستووە. لەبەر ئەوە تا کاتێک کە دەوڵەتێکی ڕەگەز پەره‌ست و مەزهەبی لەو وڵاتەدا لەسەر کارە، بەردەوام لە بەرەی ئەمریکادا دەبێت. لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکاوە، هەر ئاڵوگۆڕێک لە ڕواڵەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕووبدات، ئیسڕائیل وەک هێزی زەخیرەی دیفاع لە بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە و سەرجەم دنیای ڕۆژئاوا، دەمێنێتەوە. لەم ڕووەوە لە گۆشە نیگای بەرژەوەندییەکانی ستڕاتێژیکی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە، وڵاتێکی وەک ئیسڕائیل دەبێ خاوەنی دەوڵەتێکی سەقامگیر و بەهێز بێت. دەوڵەتی ئیسڕائیل بە ئاگادار بوون لەم مەوقعیەتە عەینیەی، بە سەرسەختی خەریکی سەرکوتی خەڵکی ماف خوازی فەلەستینە.

بەڵام تا ئەو جێگایەی کە بە خەڵکی ئیسڕائیل و فەلەستین هەڵدەگەڕێتەوە، ئەوان هیچ قازانجێکیان لە درێژە کێشانی ئەم دوژمنایەتی و توندتیژیانەدا نییە. دەوڵەتی ئیسڕائیل ئاگاهانە هەوڵ ئەدات تا نەفرەت لەنێوان ئەم خەڵکەدا بەردەوام بەرهەم بێنێتەوە. ئەوە دەوڵەتی ئیسڕائیلە کە بە سەرکوتگەری و جەنایەتەکانی، بوار بۆ گەشەی جەریاناتی ئیسلامیی و توندڕۆ لە ناوچەکەدا خۆش دەکات و زەمینەی دخاڵەتی کۆنەپەرستانە و وێرانگەری بۆ کۆماری ئیسلامیی لە مەسەلەی فەلەستیندا ساز کردووە.

بۆ ڕزگار بوون لەم کوشتار و نا ئەمنییە ڕێگایەک بێجگە لەوە بوونی نییە کە خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و خەڵکی شەریف و عەداڵەتخواز لە ئیسڕائیل یەکگرتوانە دەست لەنێو دەستی یەکتر لەدژی ئەم ڕژیمەی کە مانەوەی خۆی لە پێشێلکردنی مافی فەلەستینییەکان و کوشتاری ڕۆژانەیاندا دەبینێ، ڕاپەڕن. خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین تەنیا بە یەکێتیی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەم وڵاتەدا، درێژەدان بە خەباتی یەکگرتوانەیان و بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی خەڵکی شەریف لە سەرتاسەری دنیادا دەتوانن ڕێگایەک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە نابەسامانە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەم سەرزەویەدا، بدۆزنەوە. بۆ دەستەبەر بوونی دخوازییە بنەڕەتی ترەکانی خەڵکی فەلەستین، پێکهێنانی دەوڵەتی ڕەسمی و سەربەخۆ یەکەم هەنگاوی پێویستە کە دەبێ هەڵبگیرێ.

بە پێکهاتن و بە ڕەسمی ناسرانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی فەلەستین لە مەوقعیەتێکی گونجاوتردا بۆ بەدوادا چوونی داخوازیە چینایەتی و ئازادیخوازییەکانیان و خەبات لەدژی گەندەڵی و کۆنەپەرستی نێو خۆ بەهرەمەند دەبن.

بەڵام هەلێنانەوەی ئەم یەکەم هەنگاوە و دەستپێکی پرۆسەی ڕاستەقینەی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بەبێ چارەسەری گرفتی بە ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی پڕژوبڵاو لە ناوچەکە و سەرتاسەری دنیادا، بەبێ خرانە دەستوری پرۆژەی بونیاد نانەوەی وێرانییەکانی چەندین ساڵە و بەبێ ئازادی سەرجەم فەلەستینیەکانی بەند کراو لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا، دەستەبەر نابێت. لە هەمانحاڵدا بە پێکهاتنی دەوڵەتی ڕەسمی و سەربەخۆی فەلەستین و قەبوڵ کرانی لە لایەن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، مەیدانی مانۆڕ و سووئیستیفادە مێژووییەکانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و کۆنەپەرستی ئیسلامیی کە لە مەزڵومیەتی خەڵکی فەلەستین، بۆ درێژەدان بە حاکمیەتی خۆیان لە وڵاتەکانیاندا و یان دەستەبەرکردنی نفوز لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا کەڵک وەردەگرن، بەر تەسک تر دەبێتەوە.

سوڵح و ئاشتی، خواستی هاوبەشی جەماوەری خەڵکی ئیسڕائیلیشە. ڕزگاربوونی یەکجاری خەڵکی فەلەستین و دابین بوونی مافە پێشێل کراوەکانی خەڵک، لە گرەوی شکڵ گرتنی هاوپشتییەکی ئینسانی نێوان خەڵکی فەلەستین و خەڵکی عەداڵەتخوازی ئیسڕائیل و پشتیوانی ڕای گشتی نێونەتەوەیی دایە. بوارەکانی ئەم هاوپشتییە فەراهەمە. ڕەوا بوونی خەباتی خەڵکی فەلەستین، بوونی بەرەیەکی ئاشتیخوازی ئیسڕائیلی، دەتوانێ پرۆسەی ڕزگاری فەلەستینییەکان و بە یەکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئینسانی نێوان خەڵکی ئیسڕائیل و فەلەستین خێراتر بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-