ماوەیەک لهمهوبهر جێگری وەزارەتی بێهداشت ڕایگەیاند کە :” ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە برسین و نانیان نییە بیخۆن.” لە درێژەدا دەڵێ :” ئەم ئامارە وەزارەتی ڕیفاهیش تەئیدی دەکات.” ٣٠ لەسەد برسی لە وڵاتێکدا بە جەمعیەتێکی ٨٠ میلیۆن کەسییەوە، دەکاتە نزیکەی بیست و چوار میلیۆن کەس. پێشتریش شارەداریی ڕژیم لە تاران، لەمیانی سوخەنڕانییەکدا کە لە كهناڵه ڕهسمییهكانی ڕژیمیشەوە بڵاو کرایەوە، وتی:” ٢٠٠ هەزار بنەماڵە لە تاران نانی شەویان نییە و به سكی برسییهوه سهر دهنێنهوه. ٢٠٠ هەزار بنەماڵە بەشێوەی تەقریبی دەکاتە یەک میلیۆن کەس. لە بەهاری ئەمساڵیشدا ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆ لە کابینەی ڕوحانی باسی لە ههبوونی ١٨ میلیۆن کەسی زاغە نشین کرد.بێگومان لە بارۆدۆخێکدا کە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیی تەنانەت ئامار و ئەرقامی تەلەفاتی بەڵا و ڕووداوە سرووشتیەکانیش دەستکاریی دەکەن، نابێ چاوەڕوانی ئهوه بین کە ئامارێکی ڕاست لە ژمارەی دانیشتووانی برسی ناو کۆمەڵگه بەدەستەوە بدهن. ئامانجیشیان ئەوەیە كه بارودۆخی ئابووریی زۆر فەلاکەتباری وڵات پەردەپۆش بکەن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ماوهی زیاتر له سێ دەیە دهبێ كه بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی چینی سەرمایەدار، خەریکی پیادەکردنی سیاسەتی ئابووریی نێئۆلیبڕالیستیی واتە خسوسی سازیی، کەمکردنەوەی سووبسیدەکان و داشکاندن لە بودجەی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە لە لایەن بانکی جیهانیی و سندوقی نێونەتەوەیی پوڵەوە دیکتە کراون. بێکاركردنی بەرینی کرێکاران بەبێ دانی بیمەی بێکاریی، داخستنی کارگه و کارخانە چکۆلە و گەورەکان، دواخستنی پەرداختی هەقدەستەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ و تەنانەت چەند ساڵ، لابردنی مەزایای کرێکاران وەک ههقی مەسکەن و بیمە دەرمانییەکان، هێرشی خاوەنکاران و دەوڵەت بۆسەر چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، ئهمانه بەشێکی جیانەکراوە بوون لە ئیجرای سیاسەتی ئابووریی نێئۆلیبڕالیستیی.
لە دەورەی ڕەفسەنجانی بەملاوە ههركام لە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی هەموو زەرفییەتەکانی خۆیان بۆ دابهزاندن و بهڕێوهبردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییە خستووهتە کار. ئیجرای ئەم سیاسەتە، و هێرشی یهك لهدوای یهكی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بۆسەر بژیوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ههتا ئەم ئاستە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ئاماری برسێتیی بووە لە ئێران. ئەم بارودۆخە بهش به حاڵی خۆی، بووه به سەبەبکاری سەرهەڵدانی هەموو جۆرە بشێویی و ئاسیب و خهسارێكی کۆمەڵایەتیی لە جۆری لەشفرۆشیی، کاری منداڵان، دەربەدەریی، کاتۆن خەویی، ئێعتیاد و خۆکوشتن. بێجگەلە ئهمانهش، تەوەڕوم واته ئاوسانی ههرڕۆژه، فاکتهرێکی عەینی ترە لە پەرەسەندنی هەژاریی و برسێتیی لە کۆمەڵگهدا. گرانیی نرخی کالا مەسرەفییەکان و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک، بە لەبەرچاوگرتنی کەم بوونی ئاستی ئەو هەقدەستانەی چوار جار لەخوار هێڵی هەژاریدان، بەشێکی بەرینی چینی کرێکار و توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگهی زیاتر لە پێشوو بهرهو هەژاریی و برسێتیی پاڵ پێوهناوه.
ئیستبداد و ئیختناق، ئاوسان واته تهوهڕۆم، گرانیی، بێکاریی ١٠ میلیۆنی، برسێتیی و هەژاریی و كهلهبهری قووڵی چینایەتیی، جەماوەری چهوساوهی کۆمەڵگهی وەگیان هێناوە. بێگوومان جەماوەری کرێکار و خەڵکی ئازارچهشتووی ئێران کە ماوهی نزیك به ٤ دەیە دهبێ كه لەژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەشدا بۆ باشتربوونی بارودۆخی کار و بەڕێچوونیان خەباتیان کردووە، له وهها بارودۆخێكیشدا، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان ئەدەن. کرێکاران و خەڵکێکی ڕەنجدیتوو کە لەژێر گووشارەکانی ژیان و بەڕێچووندا به ئیستلاح چەقۆی گوشار گەیوەتە سەر ئێسقانیان، ڕێگهیەکیان نییه بێجگە لەوهیكه بۆ ڕزگاربوون لەم دۆزەخەیکە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی بۆیانی بەرپا کردووە، قۆڵی لێ هەڵماڵن و بەبێ ترس لە سەرکوت و گرتن و زیندانی، سەرسەختانە و شێلگیرتر لە ههمیشه، سەبەبکاران و دهستوپێوهندهكانی ئەم هەژاریی و فەلاکەتە لە گشت بوارەکاندا تووشی کێشە و گرفتی جیددیی بکەن.
بەڵام سەرەڕای هەژاریی و فەلاکەتێکی بێوێنە کە بەسەر کرێکارانی ئێراندا سەپاوە، بزووتنەوەی کرێکاریی زیندووترین و پڕجووڵەترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێرانه. ڕەوتی ڕوولەگەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی لە ماوهی ئهم یەک دەیەی دواییدا، نیشانەیهكی بەرچاوه له زیندووبوونی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە. هەوڵدان بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و بەڕێچوون بەشێکی جیانهكراوهی ژیانی کرێکارانه. درێژەی ئەم هەوڵانە بوار و زەمینەی گونجاوتر بۆ ڕێكخستن و تەشەکولیابیی کرێکاران ڕهخساندووه. لەم ڕووەوە لەم بارودۆخهی ئێستادا پەرەدان بەم هەوڵانە و بزووتنەوەی موتالباتیی کرێکاران لە دەوری ویست و داواکاریی خێرا و دهستبهجێ، دەخاڵەتی چالاکانە لە خەباتێکدا کە ههرئێستا لەئارادایە و ههروهها هەوڵدان بۆ لێك گرێدانی خەباتی پرژوبڵاویان، لە گرنگترین ئەولەوییەتەکانی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کریکارین. لە ڕێگهی پەرەدان بەم خەباتە و هەوڵدان بۆ لێك گرێدان و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەوهیه کە دەکرێ کاریگەریی لەسەر فەزای سیاسیی کۆمەڵگه دابندرێت، پاشەکشە بە ئیختناقی حاکم بکرێت، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بەرەی کرێکاران و هەژارانی کۆمەڵگه بگۆڕدرێت، هاوپشتیی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و توێژی ستەملێکراوی کۆمەڵگە دەستەبەر بێت و بوار و بهستێنی ڕێكخستن و تەشەکولیابی فەراهەم بکرێت، لەبەر ئەوەیکە تەشەکول و ڕێكخراوهی چینایەتیی لە پێویستیی و نیازی خەباتی کرێکاران و پێویستیی بەرەوپێشچوونی ئەم خەباتەوە سەرچاوە دەگرێت. تەشەکولیابی چینایەتیی و سیاسیی کرێکاران گرنگترین هەنگاوە بهئاراستهی ڕیشەکێش کردنی هەژاریی و فەلاکەت و برسێتی. وڵامدانەوە بەم پێویستیی و زەرورەتە چینایەتییە، زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە هاوکاریی و ئیتحادی عهمهلی بەردەوامی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی دەخوازێت.