ڕۆژی شهممه ١٥ی مانگی ڕێبهندان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە بریندارکردنی چاوی ٥٨٠ هاووڵاتی لە ئێران کرد کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بە شێوەی ئامانجدار پێکراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ٥٠٠ کەس لە سێ نەخۆشخانەی تاران (فارابی، ڕەسووڵی ئەکرەم و باقینژاد) چاویان لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بووە و هەروەها لە ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای سنەش، لانیکەم ٨٠ کەس، چاویان بریندار بووە. ئەو ڕیکخراوە هەروەها ناوی ٢٢ کەسی بڵاوکردووەتەوە کە هەموویان بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاویان برینداربووە یان بینایی چاویان لەدەست داوە. بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە، کە پێشتر حەسەن کەرەمی فەرماندەی یەگانی تایبەتی پۆلیس، تەقەکردن لە چاوی هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری لەلایەن مەئموورانی یەگان تایبەتەوە ڕەتکردبووەوە.