چاودێرانی نێودەوڵەتی و چالاكانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێ لە سەرکوت، لەسێدارەدان و گوشاری ئەمنی دژی زیندانیانی سیاسی، خۆپیشاندەران، چالاكانی مەدەنی و بنەماڵە دادخوازەکان کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیادبوونی لەسێدارەدانەکان و دەرکردنی سزای مەرگ بە تۆمەتگەلێکی وەک «محاربه» ، «موفسد فی الارض» و «سیخوڕی»، نیگەرانییەکی جیدی سەبارەت بە پێشێلکردنی پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئەشکەنجە و بێبەشکردنی زیندانیان لە هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ دروست کردووە. هاوکات گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووان و لەسێدارەدراوان بەردەوامە؛ هێزە ئەمنییەکان بە بانگهێشتکردن، هەڕەشە و ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە، هەوڵ دەدەن دەنگی دادخوازی کپ بکەن. هەروەها ڕاپۆرتگەلێک بڵاوکراونەتەوە کە تەرمی لەسێدارەدراوان لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا و بە مەرجی بێدەنگبوونی بنەماڵەکانیان ڕادەست کراونەتەوە. هەروەها لە زیندانەکانی وەک ئێڤین، قەزڵحەسار، لاکانی ڕەشت و وەکیل ئابادی مەشهەد، گوشار بۆ سەر زیندانیانی سیاسی زیادی کردووە و باس لە حاڵەتەکانی وەک بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، بڕینی پەیوەندییەکان، ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی و هەڵسوکەوتی سووکایەتی ئامێز لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەکرێت.
