ئهم ڕۆژانه کەمبوونی بهرق بە کۆی کێشە و گرفتەکانی خەڵک لە ئێران، لەوانە کەمبوونی ئاو، گرانی و بێکاریەوە زیاد بووە. وەزاڕەتی وەزە هۆشداری داوە:” لەگەڵ بەرز بوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی بهرق ئەگەری ئەوە هەیە کە سەرجەم تۆڕی بهرقی ئێران، هاوشێوەی ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٨٠ روویدا، توشی داڕمان بێت.” لهوساڵدا بههۆی زیاد بوونی مەسرەف، زیاتر لە ئاستی بەرهەمهاتوو سهرجهم تۆڕی بهرقی وڵات ڕاوەستا و خامۆشی سەرتاسەری وڵاتی داگرت.
کەمبوونی بەرق سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵکی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لەکارکەوتنی پۆمپەکانی گەیاندنی ئاوی بینا بەرزەکان، زهرهر و زیانی زۆری کێڵگەکانی بەخێو کردنی مریشک و پەلەوەر، کوژانەوەی یەخچاڵە و ئامیرەکانی سارد کەرەوە لە فرۆشگاکان، کە دهبێ بە هۆی لەبەین چوونی مادەی خۆراکی، داخرانی ژمارەیەک لە کارخانەکان، لهكار كهوتنی تارفیك لایتهكان و دهیان نابەسامانی و شپرهزهیی تری لەم چەشنە. وەک نمونە بەشێک لە ئاسەوارەکانی پچڕانی بەردەوامی بەرق کاریگەریەکەی لەسەر کەمبوونی نانە.” ئیلنا” هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامیی، رۆژی یەکشەممە ٢٤ ی مانگی پوشپەڕ لەم بوارەدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا لە زمان یەکێک لە کرێکارانی نانەواییەکانەوە لە شاری مەریوان نووسراوە:” پێنجشەممەی ڕابردوو لە کاتژمێر یازده و نیو بهرقی نانەواییەکەمان بڕا؛ بەڵام هەشتا کیلۆ هەویرمان هەبوو کە ناچار بووین هەموی فڕێ بدەین. کەمتر رۆژێک هەیە کە بڕانی بهرق لەپڕدا روو نەدات و ئێمە توشی کێشە نەبین.” لەم پێوەندیەدا نانەواخانەیەک لە شاری خاش لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان لە ناڕەزایەتیدا، هەویرەکەی کە خراپ ببوو لەبەردەم ئیدارەی بهرقی ئەو ناوچەیە ههڵرشت. لە ئوستانی مازندەرانیش نانەوایەک هەویرە خراپ بووەکەی بەسەر پلیکانەکانی ئوستانداریدا ڕشت. تەنیا ڕێگایهك کە ڕژیم بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە گرتویەتەبەر، ” مودیریەت کردنی خامووشییه له جیاتی مودیریهت كردنی ڕووناكی و ئهمهش لە ڕاستیدا سەرشکێن کردنی تاریكای یه بەسەر هەموو ناوچەکاندا.
دەوڵەت ئیدیعا دەکات کە کەمبوونی بهرق یەکێک لە ئاسەوارەکانی کەم ئاویە و هۆکارەکەشی کەم بوونەوەی قەبارەی ئاوی ئێستا لە پشت سەدەکانەوە لە ئێران ناو دهبات. کە هەڵبەت ئەویش گۆیا کێشەیەکی سروشتیە و دەگەڕێتەوە بۆ کەم بوونی بەفر و باران لە ساڵانی ڕابردودا. بەم جۆرە دەوڵەت هەوڵ ئەدات بەرۆکی خۆی لە قەبول کردنی بەرپرسیاریەتی گرفتی کەمبوونی بهرق ڕزگار كات. بەڵام له ڕاستیدا کاربەدەستانی دەوڵەتی لەم بارەیەوە درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن. ئەگەر تەنانەت ئەرزیابی ڕەسمی دەوڵەت لە کەم بوونەوەی ٢٠ لەسەدی ئاو لە پشت سەدەکانەوە قەبوڵ بکەین، دیسانیش پاساوی وەزارەتی وزە کە کەمبوونی بهرق دەبەستێتەوە بە کەمبوونی ئاوەوە، لەم بارەیەوە شیاوی قەبوڵ کردن نییە. لەبەر ئەوەی بەپێی بەراوردەکانی خودی دەوڵەت تەنیا ١٥ لەسەد لە سەرجەم بەرقی جێی پێداویستی لە ئێران لە ڕێگهی سەدە ئاویەکانەوە دابین دەبێت. وەها ڕەقەمێک قاعیدەتەن نابێ کوژانەوەی بەرینی لەم ئاستەیدا بەشوێنەوە بێت. بەڵام بەهەرحاڵ کەمبوونی بەرق ڕاستیەکە و پرسیاری ئەساسی لەم بوارەدا ئەوەیە لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە زهخیرهی سوتەمەنی رۆنیشتەوە، بۆچی دەبێ کەمبوونی باران ببێتە هۆی کەمبوونی بهرق؟
ئێران خاوەنی ١٠ لەسەد لە سهرجهمی سەرچاوەی دۆزراوەی نەوتە لە دنیادا. ئێران هەروەها بە هەبوونی ١٥ لەسەد لە سەرجەم سەرچاوەی گازی دنیا دووهەمین وڵاتی خاوەنی سەرچاوەی گازی سروشتیە و هێزی کاریش لە ئێران ئەم سەروەتە سروشتیە لە ناخی زەوی دەردێنێ. کەوایە، چ شتێک بێجگە لە سەرفی سەروەتی بەرهەمهاتو لە ڕەنج و کاری خەڵک بۆ سەرکوتی خودی ئەم خەڵکە، بێجگە لە هەزینەی کەڵانی دەرگیر بوون لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییەدا، بێجگە لە دزی و گەندەڵی بەرینی ماڵی، بێجگه له كار لێنههاتوویی و دواكهوتوو بوونی سیستمی بهڕێوهبردنی وڵات، دەتوانێ هۆکاری دروست بوونی وەها بارودۆخێک بێت، زیاتر لە ٥٠ ساڵە کە ڕژیمەکانی شا و کۆماری ئیسلامی خەریکی پڕۆژهی کەڵک وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ دابین کردنی بهرقی وڵاتن. کۆماری ئیسلامی بە جێگای سەرنج خستنەسەر کەڵک وەرگرتنی ئاشتی خوازانە لە وزەی ئەتۆمی کە دەیتوانی ئەم کەم بوونهی ئهمڕۆی بهرق چارەسەر بکات، ئەم پرۆژەی بەرەولای ئامانجی پڕ هەزینەی نیزامی برد. لە ئاکامی ئەم سیاسەتەیدا بە سەدان میلیارد دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵکی زەحمەتکێش خەرجی پرۆژە بێ سەمەر و شکست خواردوی ئەتۆمی کرا، کە گەمارۆی ئابووری ئێرانیشی بەشوێنەوە بوو، بەبێ ئەوەی کە تەنانەت دەستکەوتە لاوەکیەکەی دابین کردنی بهرق بۆ خەڵک بێت.
لە بنەڕەتی ترین لێکدانەوەدا کەم بوونی بهرق لە ئێران، پێوەندی بە وێران بوونی ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتەوە هەیە. ئەم کەمبوونە یەکێک لە نمونەکانی بەرچاوی قەیرانێکە کە سەرتاپای نیزامی سەرمایەداری لە ئێرانی گرتۆتەوە. پیشەسازی بەرق ماتۆڕی گەشەی ئابووری وڵاته. ڕژیم نەتەنیا لە لایەنی جۆراوجۆرهوه و بە هۆی قەیرانێکی ئابووری و سیاسی کە بەرۆکی گرتوە، توانایی گەشە پێدانی لەم بوارەدا نییە، بەڵکو ناتوانێ تەنانەت زەرفیەتەکانی ئێستاش بپارێزێ. هەناردە کردنی بهرق بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران لە کاتژمیرەکانی غەیرە پیک دا، کە ئەگەر هەناردەش نەکرێت، بە کردەوە بەبێ مەسرەف دەمینێتەوە، ناتوانی بێتواناییەکانی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا پەردەپۆش بکات. لەم بابهتهوه یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی وزە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی << سەرمایە>> وتویەتی:” لە ئێستادا یەک لەسەر پێنجی بهرقی بەرهەمهاتوی وڵات بەهۆی کۆن بوونی شەبەکە و نیروگاکانەوە بە فیڕۆ دەچیت.”
لهڕاستیدا کۆماری ئیسلامیی كهوتووهته بارودۆخێكهوه، کە سیاسەتە ئابووریەکانی ئەمرۆ بۆ سبەینێ دیاری دەکات. تا کاتێک کە ئەم ڕژیمە لە ئێراندا حاکمە، نە باسێک لە گەشە پێدانی ئابووری لە ئارا دایە و نە قسەیەک لە ڕیفاه و ئازادی جهماوهری خەڵک.