بەیانی دووشەممە ١٤ی گوڵانی ١٤٠٥ی هەتاوی، سێ بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەو سێ هاووڵاتییە بە ناوەکانی “محەممەد ڕەزا میری، مەهدی ڕەسوولی و ئیبراهیم دەوڵەت ئابادی”، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی و کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و پاشان بە تۆمەتی “کوشتنی یەکێک لە هێزە جەنایەتکارەکانی ڕژیم و هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەکانی وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی”، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. شایانی باسە کە حوکمی ئەو سێ بەندکراوە بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان بەڕێوەچووە و هێشتا تەرمەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە.
